ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگری kmmk، عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفا عەزیزی بەتۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزسیۆنی ڕێژیمی ئێران بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بەتۆمەتی پڕوپاگاندا دژی دەسەڵات بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی دانیشتنی دادگای لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی خراونەتە ئەستۆی ئەم چالاکە مەدەنییە لەلقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بەڕێوەچوو و ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، حوکمی دادگا بەشێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
عەلی ئەڵڵاوەیسی پێشووتر لە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوازرا و لە کۆتاییدا لە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەدانانی بارمتەی ٥٠٠ملوێن تمەنی ئازاد کرابوو.
ق.ش