ک.م.م.ک:
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی، چالاکی کرێکاری عوسمان ئیسماعیلی، بە بیانووی چارەسەر لە زیندانی ڕژێمی ئێران لە شاری سەقز بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نیه.
جێی ئاماژەیه، بەپێی ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی بەرگری عوسمان ئیسماعیلی بڵاویکردووەتەوە، ئەم گواستنەوەیە لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ئەنجام دراوە. دوای بەدواداچوونی بنەماڵە و لیژنەی بەرگری ناوبراو، یەکێک لە بەرپرسانی زیندانی ڕژێمی ئێران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە ئەم گواستنەوەیە بۆ پزیشکیی قانوونی سنە و تەنیا بۆ پشکنینی پزیشکی و چارەسەری ئەم چالاکە کرێکارییە بووە. ئەم بەرپرسە حکومییە بێئاگایی خۆی لە شێوازی گواستنەوە و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە دەربڕیوە. بنەماڵە و لیژنەی بەرگری عوسمان ئیسماعیلی دەیانەوێت بارودۆخ و شوێنی گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە ڕوون بکرێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دیارنەمانی لەناکاوی عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری و بێئاگایی لە سەر باری تەندروستی ئەم هاووڵاتییه، بە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت و داوای ڕوونکردنەوەی شوێن و باروودۆخی ناوبراو له زووترین کاتدا، دەکات.
خ.ع