هەوڵی تیرۆرکردنی سوهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و چالاکی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان

Print Friendly, PDF & Email

هەوڵی تیرۆرکردنی سوهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و چالاکی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان

هەوڵی تیرۆرکردنی سوهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و چالاکی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان

22:54 – 16 November 2023

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سوهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسی و پارێزەری خەڵکی بۆکان کە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستانە، لە شاری هەولێری پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی تیرۆرکردنی درا. ناوبراو پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سوهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسی و پارێزەری خەڵکی شاری بۆکان کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستانە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە گوندی "هانا سیتی"ی شاری هەولێر، لەلایەن کەس یان کەسانێکی چەکدارەوە بە مەبەستی تیرۆرکردن تەقەی لێ کرا. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێ کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هێرشبەرەکان دەمانچەی "کوڵت"یان پێ بووە و دەنگبڕیان لەسەر داناوە و تەقەیان لە سوهراب ڕەحمەتی کردووە کە دوو گوللە بەر سگی کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە. ئەو پارێزەرە کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، هەنووکە لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە یەکێکە لەو پارێزەرانەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پارێزەریی کۆمەڵێک لەو بنەماڵانەی کردووە کە ئەندامێکیان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون و لە دۆسیەیەکیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردووە.

پێشتر سوهراب ڕەحمەتی سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆرکردنی قادر قادری، فەرماندەیەکی باڵای حیزبی دێموکرات کە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کرا، بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پیلانداڕێژی سەرەکیی تیرۆرکردنی قادر قادری بووە و تاوانبارەکان بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە دانیان بەوەدا ناوە کە ئێران بەرانبەر بە تیرۆرکردنی قادر قادری، پیشنیاری پارەیەکی زۆری پێیان داوە".

Original Article

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net