ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی٢٧٢٤، سێ ئەندامی بنەماڵەی حەسەن واژی ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی جەمالەدین واژی، عەبدولحەمید واژی و فاتمە پایمەردی، برا و کوڕ و هاوسەرەکەی، بانگهێشتی فەرمانگەی تیرۆریستی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و لەلایەن تیمێکی تایبەتی بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی واژی ڕایگەیاند، ئەو سێ هاووڵاتییە دوای ئەوەی بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کرابون، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی تیرۆریستی ڕژیم له پیرانشار گوازراونەتەوە و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشە، ئازاد کراون.
بازجووه ئیتلاعاتییەکان، هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیه کردووە کە کاک حەسەن واژی ناچار بکەن واز لە چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بهێنێت، دەنا دامەزراوە ئەمنییەکان ڕێکاری جیددی لەدژی ئەو و بنەماڵەکەی دەگرنەبەر.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە تایبەت دوای شۆڕشی #ژینا، دەستوپێوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی تیرۆر و هەڕەشەیان لە چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی مافی مرۆڤ کردووە کە لە دژی ئەم ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات چالاک بوون.
خ.ع