ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤی ساڵی
٢٠٢٤، له ڕۆژهەڵاتی کوردستان له لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بە
هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشتبەستن بە ئەرشیڤی ئەم ڕێکخراوە کۆکراوەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە بە هۆی رێگە پێنەدانی ڕژێمی ئێران بە ڕێکخراوە و گرووپە مافی مرۆییەکان، ڕاپۆرتێکی تۆکمە و تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەخاتەڕوو.
حکوومەتی ئێران لە دەسپێکی هاتنە سەرکاری خۆی، بە پێشێلکارییەکانی خۆی، مافی مەدەنی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خەڵک بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل دەکات و لەم سیاسەتەی خۆی بەردەوامه، بە شێوازێک کە ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.
پێشێلکاری مافی ڕادەربڕین، پێشێل کردنی مافی ژیان و ئەمنییەتی تاکەکەسی و هەڵاواردنی حکوومی، بابەتگەلێکن کە ڕۆژانە لە لایەن حکوومەتەوە بە شێوەی سیستماتیک جێبەجێ دەکرێن.
ئێعدام
لە مانگی پێشوودا سیاسەتی ئێعدامی هاوڵاتیان وەکوو پێشتر بە بیانووی قیساس و مادەسڕکەرەکان و هەروەها تۆمەتی بێ بنەمای بەغی و موحاڕەبه بەردەوام بووە، بە چەشنێ کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٥٢ پیاو و ٤ ژن له سێدارە دراون.
دەستبەسەری و سزا
لە ساڵی٢٠٢٤دا وەکوو پێشتر بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییان بەشی هەرە زۆری ئامارەکان لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەک کە بە گشتی، زیاتر لە ٥٨٦ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون کە ٣٠ کەس لەو هاوڵاتییانە ژن بوون.
هەروەها لەم ساڵەدا بە تۆمەتگەلی بێ بنەما، بە گشتی سزای ٣٩٨ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران، بە سەر ١٣٢ کەسدا سەپێندراوە
قەتڵ و خۆکوژی
قەتڵ و خۆکوژی وەکوو دوو خەساری کۆمەڵایەتی مەترسیدار کە ئەنجامی قەیرانی بەڕێوەبەری ڕژێمی ئێرانە، بەردەوام دەبێتە هۆی مەرگی هاووڵاتیانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵی٢٠٢٤، زیاتر لە٤٠٦ هاووڵاتی بە هۆی خۆکوژی یان کوژرانەوە گیانیان لە دەست داوە. ژمارەی کوژراوەکان١٥٣ کەسە کە ١٠٦ کەسیان پیاو و ٤٧یان ژن بوون.
هەروەها ٢٥٣ کەس دەستیان داوەتە خۆکوژی کە ٩٧ لەوان ژن و ١٥٦ کەسیان پیاو بوون.
کۆڵبەر و کاسبکار
کاسبکارەکان و هاووڵاتییانی دیکە لە کاتی کۆڵبەریدا، کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران، لە ساڵی رابردوودا ٦٣ کەسیان لێ کوژرا و ٢٣٣ هاوڵاتی دیکە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژێم، بە سەختی برینداربوون.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد دەکات، بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە مافی یاسایی و سرووشتی خۆیان و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئاگا و ئازاد، بە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە پێشێلکارییەکی مافی مرۆیی، ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن.