ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری٢٧٢٤، کاسبکارێکی تەمەن ٣٨ ساڵانی خەڵکی ئەمیرئاوای شاری بۆکان بە ناوی یوسف دەشتی بە تەقەی هێزی ئینتیزامی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوه وتی: ئەم قەتڵە حکوومییە کە له نێوان بۆکان و مەهاباد ڕوویدا، هێزەکانی ڕژێم بە گومانی ئەوەی ئەم ئۆتۆمبێله هەڵگری باری خواردنەوەیە، به بێ ئاگادارکردنەوه، ڕاستەوخۆ دەیدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و یوسفیش کە فیشەکی بەرکەوتووه ماشێنەکەی هەڵدەدێرێ و گیانی لەدەستدەدا
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: دوای دۆزینەوەی کارتۆنێک تووتنی نێرگەلە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە بنەماڵەی کوژراویان ڕاگەیاندووە کە بە مەرجێ تەرمی کوڕەکەیان ڕادەست دەکەن، ڕایبگەیەنن کە باری یوسف خواردنەوی ئەلکولی بووه.
خ.ع