کامێران؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ڕامین گورگانی
20:37 – 14 March 2024
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
ڕامین گورگانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران هەشت ڕۆژە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٥ی مارسی ٢٠٢٤)، ڕامین گورگانی، خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو تا ئێستا تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتماوەشی نەبووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: ڕامین گورگانی لەو ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش بووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ناوبراو، بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.