ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK، ڕۆژی دووشەممه ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی، بەهمەن نادری حوکمەکەی پێڕاگەیێندرا.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، سزای ٦ مانگ زیندانی و پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن پارەی ئێرانی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، بە سەر ئەم هاووڵاتییەدا سەپێندراوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووه، کە هاووڵاتی بەهمەن نادری، لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادوەرییەکەیدا، لە هەبوونی پارێزەر بێبەری بووه.
جێی ئاماژەیە، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ٢١ی مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا، لە لایەن هێزه ئەمنیەتی-ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش یەک هەفتە لە دەستبەسەر کردنی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هەروەها لە ٨ی مانگی بەفرانباری هەمان ساڵدا، دوای بانگهێشت کردنی بۆ لقی ٤ی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان، بە بانگەوازی بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان و پڕوپاگەندەکردن دژی رژیم، تۆمەتبار کرا و دوای چەند کاتژمێرێک، بە بارمتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
خ.ع