کەرەج؛ سەعید یووزی چالاکی کرێکاری کورد جارێکی دیکە دەستبەسەرکرا
14:50 – 1 January 2024
هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣
سەعید یووزی چالاکی کرێکاری کورد و خەڵکی شاری کامێران و لە ئەندامانی کۆمیتەی بەدواداچوونی سازکردنی دامەزراوە کرێکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کەرەج دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سەعید یووزی، چالاکی کرێکاری خەڵکی گوندی "وێزیەر" سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی کەرەج لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکرانی سەعید یووزی لە ماڵەکەی خۆیدا لە فەردیسی کەرەج لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەنجامدراوە و بەشێک لە کەرەستەکانی ناوبراو وەکوو مۆبایلەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
سەعید یووزی، کۆتایییەکانی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٦ لە شاری سنە دەستبەسەرکرا و لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٣ی بانەمەڕی ساڵی ٢٧١٧، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکرابوو.
ئەو چالاکە کرێکارییە، کۆمیتەی بەدواداچوونی سازکردنی دامەزراوە کرێکارییەکان بووە و هەتا ئێستا چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگکراوە و دەستبەسەرکراوە.