ک.م.م.ک:
له ڕاپۆرتێکدا، ناوەندی هەواڵی KMMK ئاگادار کرایەوە، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی٢٧٢٤، هاووڵاتییەک بە ناوی لەیلا پایموزد تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، له ماڵە باخێکی نزیک پیرانشار، له لایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی موراد، ئاگری تێبەردرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەیلا و هاوسەرەکەی ماوەیەکی زۆرە لە ژیانی هاوسەرییاندا ناکۆکییان هەبووە و خاتوو لەیلا پایموزد داوای جیابوونەوەی کردبوو، کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەتوندی دژایەتی دەکرا.
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووه: موراد بە نێوانجی ڕیشسپییەکانەوە، ژنەکەی دەباتەوە ماڵەوە، پاشان بە فێڵ دەیباتە ماڵە باخێکی نزیک شاری پیرانشار و پاش ڕشتنی بیست لیتر بەنزین بەسەریدا، ئاگری پێوە دەنێ.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی کردوە، یەکێک لە منداڵەکانی ئەم ژنە کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بووە، پەنای بۆ دراوسێکان بردووە و داوای هاوکاری کردووە. دوای دەستێوەردانی دراوسێکان و شکاندنی دەرگای ماڵە باخەکە، توانیان ئاگرەکە بکوژێننەوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد، کە بە وتەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، ٨٥٪ی لاشەی سووتاوە و بارودۆخی تەندروستیی زۆر ناجێگیر و له مەترسی گیانلەدەستداندایه.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، موراد خەڵکی گوندی شەلەمجەرانی سەر بە پیرانشاره.
خ.ع