بزوتنەوەی شورایی وکرێکاری

گەشەی دووبارەی شوراکان بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵە و دەسکەوتەکانی رابردوو تا ئێستا هەیە و کاری عەمەلی و کردەیی دەوێت

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەساڵیادی بزوتنەوی شورایی ١٩٩١دا وەک ڕێزگرتن لەویادە وسوود وەرگرتن لەوتێکۆشانە پرسیارێکی خستۆتە ڕوو بەم جۆره:بزوتنەوەی شورایی لەگەڵ ئەوەی لەساڵی ١٩٩١ لەهەلومەرجێکی تایبەتیدا هاتەکایەوە بەڵام توانی کاریگەرێکی ئەرێنی وسوودبەخش بەجێ بهێڵێت لەکۆمەڵگای کوردستاندا ئایا لەئێستادا دەتواندرێت بە میکانیزمێکی باشتر بەسوود وەرگرتن لەتێکۆشانی ڕابردوو هەمان نەخشە ڕێگای شورایی واتە خۆبەڕێوەبەری خەڵک هەنگاوی بۆبندرێت لەتێکۆشانێکی هاوبەش ویەکگرتوانەدا بۆڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەدەست قەیران وکێشەکانی دا؟

حەسەن رەحمان پەناە :

بزووتنەوەی شورایی ، وەک بزوتنەوەیه کی سیاسی و کۆمەڵایەتی، به پێی مێژووی سه رهە ڵدانی، له بنەرەتدا له ئاکامی خه باتی چینایه تی کرێکاران بۆ رزگاری هاتووەته ئاراوه و به پێی جه وهه ر و ناوەروکی دێموکراتیکی خۆی له ئاستێکی بەریندا سەرنجی باقی چین و توێژەکانی سته ملێکراو و بێ بەشی کۆمه ڵگای بەرەوخۆی راکێشاوه. بزووتنەوەی شورایی کە بۆ یەکەم جار لە شۆرشی ١٩٠٥ روسیە و بە ئەزموون وەرگرتن لە کۆمۆنەی پاریسی ١٨٧١ فرانسە ، هاتە گۆرەپانی خەبات و دەسەڵاتدارەتی چینی کرێکار ، لە شۆرشی ١٩١٧ روسیە بە تەواوی وەک ئەڵترناتیوی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان به رانبه ر به نیزامی پاڕلمانی بورژوایی دەر کەوت.ئەم شێوازە لە دە سەڵات داریه تی و له رێکخستن نە تەنیا رێگا بۆ دەسەڵاتی راستەوخۆی دەنگدەر خۆش دەکات و ئیرادەی ئەوان نیشان دەدات ، بەڵکوو بە وتەی “مارکس” ئەم شێوە دەسەڵاتە “کۆمۆنییە” رێگا بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت خۆش دەکات و کۆمەڵگا بەرەو سوسیالیسم و کۆمۆنیزم هیدایت دەکات . چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان ، کاریکرێگرتە و” بێگانە بوونی ئینسان لە خۆی ، لە ئامرازی بەرهەم هێنان و لە ژینگە ” ، ئەو  سێ تایبەتمندیی نیزامی کرێگرتە کە لە لاین مارکسەوە زۆر گرینگن بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کۆتایی پێ دێنێت. پێویستە شورا وەک  ئامرازی دەستی چینی کرێکار بۆ هەلومەرجی پێش گەیشتن بە دەسەڵات و پاش گەیشتن بە دەسەڵات چاوی لێبکرێت ، تایبەتمندیەکانی بناسرێت و بەردەوام بەکار بهێندرێت و نوێ بکرێتەوە.بالە پرسیارەکە زۆر دوور نەکەوەینەوە کە لە سەر کاریگەری ئەزموونی شورایی لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ زاینی لە هەرێمی کوردستانە. بەلای منەوە دوو خال لە رووداوەکانی ئەو ساڵە زۆر گرینگ و چارەنووس ساز بوون . یەکەم راپەرین بوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتی فاشیسی بەعس لە کوردستان یان بەشی زۆری کوردستان هێنا و کەش و هەوایی بۆ هاتنە ئارای شوراکان خۆشکرد. دووهەم بزووتنەوەی شوراکان لە کوردستان بوو کە ئەزموونیکی تازە لەم ناوچەیە، بەڵام کۆن لە مێژووی سەدساڵی رابردوو بوو. هەر دوو ئەزموونەکە لە باری مێژووییەوە ئەزموون و رێگا چارەی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بوون و هەن. ناڵیم بۆرژوازی قەت کەڵکی لەم دوو شێوازە وەرنەگرتووە ، با کەڵکی لێ وەرگرتوون ، بەڵام بۆ قازانجی خۆی و بەلارێدا بەردنیان.ئەگەر راپەرین و شووراکان ئەزموون و چەکی دەستی کرێکاران، هەژاران و کۆمۆنیستەکان بۆ خرۆشان و گۆرینی نەزمی کۆن بە نەزمی نوێیە ، هەق وایە هەڵە و کەم و کوری گەورەی خۆمان وەک کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی هوشیار کە پێشرەوی سەرجەم چینی کرێکارن دەست نیشان و لە بەرچاو بگرین کە بۆ رەوتی رووداوەکان وای لێهات ؟ بە باوەری من گرێ کوێرەی باسەکە لێرەدایە .من لاموایە کۆمۆنیست و چەپی رادیکالی کوردستانی عێراق خۆێندنەوەی بۆ راپەرین هەڵە بوو. ئەو رووداوە گرینگەیان بە ئاسانی بە ده ستکردی ئه مپریالیسم  پێناسە کرد و لە دەستکەوت و کەموکووریەکانی کە خۆیان لە زۆر شوێن هێزی بزوێنەر و رێکخەری بوون نامۆ و بەری کرد. ئەو بەشە لە چەپ لە ژێر کاریگەری باس و کێشە و جیابوونەوەکانی ئەو کاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوون و دیسکۆرسی کیشەناوخۆیەکانی حیزبی ئێمە و بە تایبەت لایەنێک کە بە “کۆمۆنیزمی کرێکاری” ناسرا رەچاو و پراتیک کرد کە خۆێندنەوەی بۆ رەوتی رووداوەکان هەڵە بوو و ئەزموونی دواتر ئەوەی نیشاندا. لە سەردمێکی هەستیاردا بریاری هەڵەدان بە دەیان ساڵ تەقالا بۆ جوبران کردنی قەرەبوو ناکرێتەوە.بێجگە لەو خاڵەی کە ئاماژەی پێکرا ،هەڵسووکەوت لەگەڵ شوراکان ، رێکخراوە کرێکاری و جەماوریەکانیش نادروست و لە جێی خۆی نەبوو. بەحیزبی کردنی رێکخراوە جەماوەریەکان هەڵە بوو و هەڵەیە . رێکخراوی جەماوەری ناوی بە خۆیەوەیە. دەبێ جەماوەری کرێکار و هەژار و نارازی  لە خۆی بگرێت. وەها رێکخراوە گەلێک ، مەیدانی ململانێەی فکر و گرایشی جیاوازی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. جەریانی کۆمۆنیستی تەنیا یەکێک لە لایەنەکانی ناو ئەو رێکخراوە جەماورییە کرێکاریانەیە . گرایشی کۆمۆنیستی پێویستە بە کاری هوشیارانە ، بە نەخشەرێگای دروست ، بە دیاریکردنی تاکتیک و ستراتێژی شۆرشگێرانە ، هێژموونی خۆی لەو رێکخراوانە و بە تایبت شوراکان بەرێتە پێش و بەبێت بە جێگا موتمانەی زۆرینەی بەشداربووانی ئەو رێکخراوانە. پێویستە بە زەحمەتی شەوانە رۆژی و خشت لە سەر خشت دانان وەها ترازوی هێز بە قازانجی کرێکاران و بەرەی چەپی کۆمەڵگا بگوردرێت کە بۆ بەرەی راست و دەسەڵات ئاسان نەبێت دەست بۆ ئەو رێکخراوانە بەرێت . نە تەنیا ئەوە، بەڵکوو دەبێت وەک جێگرەوەی دەسەڵاتی سەرمایەدارن لە کۆمەڵگا مەترح بن و زۆرینەی جەماوەر باوریان پێبکات و چارەنووسی خۆی پێ بسپێرێت.  ئەوە تەنیا بێ رەحمی و سەرکوتگەری دەسەڵات نەبوو کە چارەنووسی چەپ و شوراکان و دەستکەوتەکانی راپەرینی بەم رۆژە گەیاند ، بەڵکوو پێویستە بە چاوی رەخنەگرانە لە و رابردووە و کەم و کوریەکانی بروانین ، هەڵە کان ببینین ، برینەکان سارێژ کەین ، بێ رەحمانە رەخنەیان لێبگرین و دەستکەوتەکان بە هێز و رەچاو کەین . لەم روانگایەوە دەتواندرێت هەوڵ بۆ بووژانەوەی بزوتنەوەی شورای و دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک بدرێت. لەم رۆژانەدا کە کۆمەڵگا لە گەڵ سڕبوونی سیاسی لە لاین دەسەڵاتەوە بەرەوروو بووەتەوە و خەڵک لە پەراوێزی سیاست و دەسەڵاتداریەتیدان ، بەربەرەکانی دژ بە گەندەڵی ، ناعەداڵەتی، بێکاری ، نەدرانی مووچە ، داخوازی بیمەی بێکاری و دەرمانی بە تایبەت لە سەردەمی کرۆنا کە ژیانی تاڵی خەڵکی هەژاری چەند قات خراپتر کردەوە  ، بەربەرەکانی لەگەڵ بێ مافی ژنان و یاسا و بیری کۆنەپەرستانە دژ بە ژنان ، دژایەتی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچەکەدا کە تداخول لە هەرێم و پیلانگێریەکانیان ٣٠ ساڵە درێژەی هەیە  و زۆر داخوازی دیکە ، دەتوانێت هەوێنی رێکخستنی خەڵکی نارازی و سەرهەڵدانی دووبارەی شوراکان بێت. کۆمۆنیستەکان ناتوانن لە دوورەوە و لە دەرەوی وڵات فەرمان دەرکەن و بریار بدەن ، بەڵکوو وەک سەرەتاکانی راپەرینی ١٩٩١ پێویستە و دەبێت لە پێشەوەی جەماوەر و لە ناو جەرگەی حەدەسەکاندابن. لەو روانگاوە بە باوەری من مەجال و زەمینە بۆ سەر هەڵدان و گەشەی دووبارەی شوراکان بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵە و دەسکەوتەکانی رابردوو تا ئێستا هەیە و کاری عەمەلی و کردەیی دەوێت.

مطالب مرتبط