ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانی سەیران خوسرەوی، چالاکوانی مافی ژنان و خەڵکی سنه، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تێدەپەڕێت، هێشتا هیچ زانیارییەک دەربارەی بارودۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییه.
سەیران خوسرەوی، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری٢٧٢٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە له ژێر توندوتیژی و بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دادگا، لە ماڵی تایبەتی خۆیدا دەستبەسەر کرا، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئاماژەپێکراو، هیچ وەڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە سەیران خوسرەوی لە مافە سەرەتایی و یاساییەکانی وەک مافی هەبوونی پارێزەر و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش کراوە.
خ.ع