بەڕێوەچوو
ک.م.م.ک:
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری٢٧٢٤، دانیشتنی دووەمی دۆسیەی وریشه مورادی (جوانا سنە) بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵاواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران و بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستان بەڕێوە چوو.
جێی ئاماژەیه وریشە مورادی جاری پێشوو بە ناوی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ناڕەوا بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی له دادگا ئامادە نەبووبوو. هەروەها لە ٧ی خەرمانانی ئەمساڵ بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری دادستان و ڕاوێژکاری دادگا، بۆ جاری دووەم دانیشتنی دۆسیەکەی دواخرا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکەم دانیشتنی دۆسیەی ئەم چالاکە سیاسییە لە ٢٧ی جۆزەردانی٢٧٢٤، بە مۆڵەتی بەرگری لە لایەن وریشە و پارێزەرەکانی کۆتایی پێهات.
خ.ع