ک.م.م.ک:
بەپێی حوکمی دەرکراو لە لایەن لێژنەی لێکۆڵینەوە لەسەرپێچکاری ئیداری پەروەردە و فێرکاری، شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ی کوردی، حوکمی ٤چالاکی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە بەناوەکانی؛ ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە کە ڕووبەڕووی حوکمی وەدەرنان و دوورخستنەوە بوونەتەوە پێیان ڕاگەیەندرا.
بەگوێرەی حوکمەکە، ئومید شامحەممەدی، کاوە محەممەدزادە، هیوا قوریشی وەدەرنران و پەرویز ئەحسەنی بە پێنج ساڵ دوورخستنەوە بۆ قوروە مەحکووم کران.
هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، بۆ ڕێگری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین لەبەرانبەر بینای پەروەدە و فێرکاری دیواندەرە دەستیان دایە دەسبەسەر ئەم هاوڵاتیانە.
شیاوی باسە کە، پێشتر لەلایەنلقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە، ئومید شامحەممەدی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و پەرویز ئەحسەنی، هیوا قوڕەیشی و کاوە محەممەدزادە بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لەڕێی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزسیۆنی ڕێژیمی ئێران بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کران.
ق.ش