سنووری نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت
14:38 – 9 January 2024
هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣
ئەمیر ئیلاهی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە سەختی بریندارکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، ئەمیر ئیلاهی، کۆڵبەری تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە کاتی کۆڵبەری کردن لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان شانی پێکراوە و بە سەختی بریندارکراوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو کۆڵبەرە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی ڕەسووڵی ئەکرەم لە شاری جوانڕۆ گواستراوەتەوە و بارودۆخی تەندروستیی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا کوشتنی کۆڵبەرەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زۆرتر بووە، لەو ساڵەدا ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٢٩٢ کۆڵبەریش بریندارکراون.