ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان(kmmk), ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ١و ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ی کوردی، دوو کەس بەناوەکانی عەلی لوتفی و برایم لوتفی خەڵکی گوندی قشڵاخی ملە سەربە خوڕخوڕەی سەقز و داربڕەکەش کە کاری کڕین و فرۆشتنی دارە، ناوی سەردار عەزیزی خەڵکی گوندی خۆشەیەرە سەربە ناچەی سەرشیوی سەقز، هەڵیان کوتاوەتە سەر دۆڵێکی گوندی قشڵاخی ملە و سەدان داریان بڕیوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە و ئەوەی لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، هەموو دارەکانیان کە پتر لە سەت داریان بڕیوە کە تەمەنی زۆربەی دارەکان پتر لە ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵ دەبێت لە هەمووی قیزەونتر پاش بڕینی دارەکان کۆتەرە و بنچ و ڕێشەی دارە بڕدراوەکانیان سووتاندووە بۆ ئەوەی هەمدیسان سەوز نەبنەوە و وێنا دەکرێ زۆر بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو ئەو کارەیان کردووە کە زەبری کاریگەر بدەن لە ژینگەی ناوچەکە و لە کاتێکدا وشکەساڵی و کەمئاوی لەو پەڕی خۆیدایە، ئەگەری ڕووان و سەوزبوونی دار ئەستەمە.
ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە هەموو خەڵکی ناوچەکە و هەموو کوردستان دەکەین بەرانبەر بە هەموو نەیاران و قەسابانی ژینگە هەڵوێست بگرن و ناوی کەسانی پێوەندیدار بزڕێنن و ڕیسوایان بکەن.
ئاشکرایە کە لە نەبوونی یاسایەکی تەندرووست و جیددی بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو کارەساتە دژە ژینگەییە وای کردووە کە تاڵانچیان و نەیارانی ژینگەی کوردستان بەدڵنیاییەوە پەلاماری دارستان و کانگا و کانیاوەکان بدەن و ئاسەواری ژیان و جوانی بۆ هەتایە لەناو ببەن.
ق.ش