مەریوان؛ دانا لەنجاوایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
15:21 – 22 February 2024
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
دانا لەنجاوایی لە چالاکانی مەدەنی کورد و بەندکراوی سیاسی پێشوو، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٠ فێبریوەری ٢٠٢٤)، دانا لەنجاوایی لەچالاکانی مەدەنی شاری مەریوان، بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەنجاوایی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممە لە خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری مەریوان بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" تۆمەتبارکرا و بڕیاری بەندکرانی یەک مانگەی بەسەردا سەپێندرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان گەڕێندراوەتەوە.
شایەنی باسە کە، دانا لەنجاوایی ساڵی ٢٧١٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٨٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو هەر لەو ساڵەدا دەستبەسەرکرابوو. هەروەها دواتر بەهۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام نووری مەریوان بێبەشکرا.