ووت‌وێژی ته‌له‌ویزیون كۆمه‌له له گه‌ل هاورێ ئیبراهیم عه‌لیزاده به بۆنه‌ی ٣١ ی جۆزه‌ردان، رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه
دابه‌زاندن و ته‌نزیم: پێشره‌و
پرسیار: هاورێ برایم با له بنه‌ره‌ته‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، بیرۆكه‌ی پێكهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له له كوێه‌وه هات و سه‌ره‌تای رێكخستنی ئه‌و هێزه چۆن ده‌ستی پێكرد؟
وڵام: بۆ وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چۆنیه‌تی ده‌سپێكردن و ئه‌نجامی راپه‌رینی ١٣٥٧ی ئێران له دژی ڕژیمی پاشایه‌تی. له سه‌ره‌تای ئه‌و راپه‌رینه‌دا هاوسه‌نگیه‌كه‌ی ئه‌وه نه‌بوو كه له كۆتایه‌كه‌یدا ده‌ركه‌وت. له سه‌ره‌تاوه هه‌م رێكخراوه چه‌په‌كان، هه‌م بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری، هه‌م هێزی سێكۆلار و پێشكه‌وتن خواز، به‌شێكی به‌رین و كاریگه‌ر له‌و راپهرینهیان پێك ده‌هێنا. به‌ڵام به هۆی پرژوبڵاوی ئوپوزسیونی غه‌یره ئیسلامی و نه‌بوونی، بهریهكی یه‌كگرتوو و ڕێبهرایهتێكی نایراو جێكهوتوو، به هۆی پرژهو بڵاو بوون به تایبه‌ت هێزی چه‌پ، له نێوه‌ڕاستی مانگه‌كانی ساڵی ١٣٥٧ به‌ولاوه هاوسه‌نگی ورده ورده به قازانجی ره‌وتی ئیسلامی گۆرا. ئێمه شاهیدی ئه‌وه بووین كه دروشمی (حیزب ته‌نیا حیزبۆڵا)، (ڕه‌هبه‌ر ته‌نیا ڕوحوڵا) به تایبه‌ت له خۆپیشاندانه‌كانی تاسوعا و عاشوورادا هاته گۆڕێ وه جه‌ریانی ئیسلامی له‌م قوناغه به‌ولاوه رێبه‌ری خۆی به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی دژی ڕژیمی پاشایه‌تیدا مسۆگه‌ر كرد. ئێمه وه‌ك هێزێكی چه‌پ له چالاكی سه‌ره‌كیمان له كوردستان بوو، هه‌وڵمان ده‌دا كه خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان له خه‌باتی سه‌راسه‌ری خه‌ڵكی ئێران دوا نه‌كه‌وێت. له‌و كاته‌وه بوو كه نیگه‌رانیه‌كان هه‌م بۆ ئێمه هه‌م بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌ره به‌ره زیادی كرد. به‌لامانه‌وه مسۆگه‌ر بوو كه ئه‌و خه‌باته، سه‌رئه‌نجام ڕووخانی رژیمی شای لێده‌كه‌وێته‌وه ، دوای ئه‌وه چ پێش ده‌هات، ئه‌وه نیگه‌رانیه‌كی جیدی بوو. لێره‌دایه كه رێبه‌ری كۆمه‌ڵه بیر له تهدارۆكی چۆنیه‌تی بهرهوروبونهوه له گه‌ڵ ئاكامه‌كانی نه‌خوازراوی ئه‌و ئه‌و راپه‌رینه‌ی كه كهوتبۆه رێ، ده‌كاته‌وه. بیرۆكه‌ی پێكهێنانی هێزی چه‌كدار له كوردستان بۆ ئێمه، ئه‌ساسه‌ن له‌و ههلسهنگاندنهوه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت كه بۆ دواهاتی ئه‌و راپه‌رینه بومان.
هیزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له له یه‌كگرتنه‌وه‌ی چوار سه‌رچاوه پێكهات. سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می پێوه‌ندی به پێشبینی كۆمه‌ڵه بوو بۆ داهاتووی شۆڕشی ئێران. ئێمه ده‌مانزانی كه كۆمۆنیسته‌كان نابێ بكه‌ونه بارودۆخێكه‌وه كه به‌رانبه‌ر به روداوه‌كان بێ ده‌سه‌ڵات و بێ ده‌ره‌تان ده‌ركه‌ون. هه‌ر بۆیه زۆر زوو بیرۆكه‌ی “پێكهێنانی باسكی چه‌كدار بۆ حیزبی سیاسی”، هاته گۆرێ. به پێی ئه‌و بیۆكهیه ئێمه ده‌بوایه وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی، بۆ دیفاع له خۆمان، بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ستراتیژ و ئامانجمان چه‌كدار بین. له پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه ئێمه بڕیارمان دا كه دوو فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی له شوماڵ و له جنوبی كوردستان بخه‌ینه رێ. یه‌كیان له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت بوو له شوێنێك به ناوی “گۆڕه‌مه‌ر” و ئه‌وی دیكه‌یان له ناوچه‌ی مه‌ریوان. له سه‌ره‌تاوه دوو كادری لێهاتووی كۆمۆنیست كه له فه‌له‌ستین ده‌وره‌یان دیبوو و ئه‌ندامی ریكخراوی “وه‌حده‌تی كۆمۆنیستی” بوون، ( فه‌ریدون و ابو شاهین ناسراو به فواد عه‌ره‌ب ) له دانانی ئه‌و دوو ناوه‌نده دا یارمه‌تیده‌رمان بوون. ئه‌ركی ئه‌و دوو بنكه‌یه ڕاهێنانی كادر بوو بۆ پێشمه‌رگایه‌تی. هاوكات یه‌كیه‌تی نیشمانی كوردستانیش، له ناویدا “كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان” هه‌بوو كه خۆی له ئێمه به نزیك ده‌زانی، به ناردنی كادر یارمه‌تیان داین له ته‌جروبه و له ئه‌زمونی ئه‌وانیش كهلكمان وه‌رگرت. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م كادرانه په‌روه‌رده بوون ئاماده بوون، ئه‌مانه‌مان به خێرایی نارده‌وه بۆ ناوچه‌كان و هه‌ر كام له‌و هاوڕێیانه ده‌چوونه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆیان به پێی ئاموزشێك كه دیتبویان، ده‌بوونه هه‌وێنی پێكهێنانی هێزی چه‌كدار له ناو هاوڕێیان خۆمان وه‌كوو رێكخراوێكی سیاسی چه‌كدار. ئه‌مه یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كان بوو. سه‌رچاوه‌ی دووهه‌م پێوه‌ندی به ئه‌و نیگهرانیانهیهویه كه هه‌ر ئه‌و كاته، ئه‌و جار له ناو جووتیارانی كوردستاندا په‌یدا ببوو. جوتیارانی كوردستان به هۆی ئه‌وه‌یكه ده‌یان زانی كه خومه‌ینی ڕۆژێك له ڕۆژان له دژی ئیسڵاحاتی ئه‌رزی و دابه‌ش كردنی زه‌وی له لایه‌ن رژیمی شاوه بۆه ، ئێستاكه خه‌ریكه له شۆڕشی ئێران‌دا ده‌ستی باڵا په‌یدا ده‌كات، ئه‌م ریفۆرمه هه‌لده‌وه‌شێنێته‌وه.. هه‌ڵبه‌ت ته‌نها نیگه‌رانیش نه‌بوو، به‌لكو له راستیدا ره‌وتی ئیسلامی ژێر به ژێر پێوه‌ندی گرتبوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له كۆنه ده‌ره‌به‌گه‌كان، له‌گه‌ڵ سه‌رانی عه‌شایه‌ر و ته‌نانه‌ت چه‌كداریشی كردبوون و رێكخراوێكیشی به ناوی “شوڕای عه‌شایه‌ر” بۆ پێك هێنابوون. ئه‌مانیش هه‌ڕه‌شه‌یان له جووتیاران ده‌كرد كه زهویهكانتان لێ ده‌ستێنینه‌وه. ئه‌م نیگه‌رانیه بوو به هه‌وێنێكی بابه‌تی بۆ پێكهێنانی “یه‌كێتی جووتیاران”. یه‌كه‌م ده‌سته‌ی جووتیاران له ناوچه‌ی مه‌ریوان هه‌ر له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م ئاماده‌ییه‌ی جووتیارانی هه‌ژار له دێهات و ده‌ورێك كه كۆمه‌ڵه له رێكخسنتیاندا هه‌یبوو، ده‌ستیان كرد به جه‌وله‌ی چه‌كدارانه. به شوێن ئه‌وه‌دا ڕێكخراوی یه‌كێتی جووتیاران له ناوچه‌كانی سه‌قز و دیوانده‌ره و سه‌رده‌شت و شوێنه‌كانی دیكه‌ش پێكهاتن و هێزی چه‌كداری ئه‌م یهكێتیانهش ده‌ستیان كرد به جه‌وله كردن. دیاره پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی زۆر لاوازتر له‌وه بوو كه بتوانێ به‌رانبه‌ر به‌و ته‌وژمه شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی كه له كۆمه‌لدا پێكهاتبوو و كۆمه‌ڵه‌ش هیدایه‌تی ده‌كرد خۆڕاگری بكات و زۆر زوو پاشه‌كشه‌یان پێ كرا و یه‌ك دوو شه‌ڕیان كرد و سه‌رئه‌نجام تێك شكان. هاوڕێ یه‌حیا خاتوونی له‌م جه‌ریانه‌دا گیانی به‌خت كرد و هه‌روه‌ها زه‌ره‌ر و زیانێكیان گه‌یاند به‌ڵام سه‌رجه‌م نه‌یانتوانی ببن به ڕه‌وتێكی پایه‌دار و له هه‌موو كوردستان توانه‌وه، ( ته‌نها له مه‌هاباد نه‌بێ كه جمهوری ئیسلامی رێكی خستن و دواجار له دژی بزوتنه‌وه‌ی كوردستان به كاری هێنان. سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه‌ش كه له ده‌وری یه‌كێتی جووتیاران كۆببوه‌وه به كۆمه‌ڵه په‌یوست بوو و بوو به سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه. سه‌رچاوه‌ی سێهه‌م پێوه‌ندی هه‌یه به ته‌جروبه‌یه‌ك كه ئێمه له شاری سنه بوومان. له شاری سنه هه‌م شوڕای شارمان بوو هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك، هه‌م بنكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانمان بوو. بنكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان كه كاروباری هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانیان به‌ڕێوه ده‌برد له قۆناغێكدا كۆمه‌له‌ش یارمه‌تی دابوون و چه‌كدار ببوون. تا كاتێك كه شاری سنه به ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌وه بوو ، ئه‌وانه ده‌وریان بوو هه‌م له ڕێكخستنی مقاومه‌ت هه‌م له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ژیانی خه‌ڵك. كاتێك كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له له شاری سنه پاشه‌كشه‌ی كرد، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له بنكه‌كاندا بوون، له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان هاتنه ده‌ره‌وه و بوون به سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه هه‌ر بۆ پێكهێنانی هێزی پێشمه‌رگه و له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه هاتنه ده‌رێ و به‌شێكی دیكه له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌یان پێك هێنا. سه‌رچاوه‌ی چواره‌م پێوه‌ندی هه‌یه به سیاسه‌تێك كه كۆمه‌ڵه بووی له سه‌رده‌می شۆڕشی ٥٧ و دواجار له ساڵی ٥٨، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزه شۆرشگیره چه‌په‌كان، كه ئه‌ندامی ئێمه نه‌بوون، كه‌م و زۆر بۆچونی جیاوازیان هه‌بوو، به‌ڵام سه‌رجه‌م خۆیان له چوارچێوه‌ی حه‌ره‌كه‌تی چه‌پدا پێناسه ده‌كرد، ئه‌مانه‌ش كه له ناو “جه‌معیه‌ته‌كان” له‌شاره‌كانی كوردستاندا كۆببونه‌وه، ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك له تێكۆشه‌رانی سیاسی چه‌پ و سوسیالیستی شاره‌كانی كوردستان بوون كه هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه‌ش له گه‌ڵیان بووین. كه كۆماری ئیسلامی هێرشی كرده سه‌ر شاره‌كانی كوردستان و شاره‌كانی به‌ره به‌ره گیرانه‌وه، ئه‌م تێكۆشهرانهش بوون به سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه بۆ پێكهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه. سه‌رجه‌م ئه‌م چوار ڕه‌هه‌نده بوون كه باسكی چه‌كداری كۆمه‌ڵه‌یان پێك هێنا. ئه‌و هێزه چه‌كداره‌ی كه بوو به هه‌وێنی خۆڕاگری به‌رانبه‌ر به په‌لاماری كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم كه له دێهاتیش جۆرێك له ئاماده‌یی گشتی بۆ خۆڕاگری په‌یدا ببوو، كۆمه‌ڵه هه‌وڵی دا به ناوی هێزی به‌رگری ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه ئاماده‌ییان هه‌بوو له ماڵی خۆیان بن، به‌ڵام چه‌كدار بن و چه‌كی كۆمه‌ڵه‌یان به شانه‌وه بێت و له كاتی پێویستدا دیفاع بكه‌ن له ئاوایه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌وانه‌ش بوون. به‌ڵام له گه‌ڵ گیرانه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان ئه‌مانه‌ش زۆربه‌یان تێكه‌ڵاوی هێزی پێشمه‌رگه بوون و ڕێكخراوێك به ناوی هێزی به‌رگری پڕ ده‌وام نه‌بوو.
پرسیار: پێش ئه‌وه‌ی هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردوستان ده‌ست پێبكات، ئه‌ركی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه چی بوو؟
وڵام: هه‌ر وه‌ك باسم كرد جووتیاران نیگه‌ران بوون له‌وه‌یكه ئاكامی شۆڕشی به زه‌ره‌ریان بگه‌ڕێته‌وه و زه‌ویه‌كانیان لێ بستێننه‌وه و ئه‌وه بوو به هانده‌رێك. ئێمه هه‌وڵمان دا به یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له رێگه‌ی یه‌كیتی جوتیاران كه كۆمه‌ڵه هیدایه‌تی ده‌كردن ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ی بڕه‌وێنینه‌وه، وه ئه‌و ئاماده‌ییه له خه‌ڵكدا بۆ خۆڕاگری پێك بێنین. به‌شێكی دیكه له ئه‌ركی هێزی پێشمه‌رگه خۆ سازدان بوو بۆ داهاتوویه‌ك كه پێشبینیمان ده‌كرد. ئێمه دڵنیا بووین له‌وه‌یكه ئه‌م ڕه‌وته‌ی كه له ئیران دێته سه‌ر كار، ڕه‌وتێكی فاشیستی مه‌زهه‌بیه و نه‌ك هه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان به بێ خۆڕاگری، به بێ ڕێكخستنێكی پڕاوپڕی سیاسی و نیزامی ناپارێزرێ، به‌لكو ئه‌گه‌ر خۆمان بۆ خۆڕاگریه‌كی ئاوا ئاماده نه‌كه‌ین، نه‌فسی بوونمان ده‌كه‌وێته مهترسێهوه. ئه‌وانه‌ی كه هێژێمونیان به سه‌ر ره‌وتی رووخانی رژیمی شادا به ده‌ست هێنابوو، ئه‌وه‌نده ده‌مارگرژ بوون له ڕووی مه‌زهه‌بییه‌وه، دژایه‌تییان هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی دیمۆكراتیكی خه‌ڵك، دژ به مافی دیاری كردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان بوون، دژایهتێكی كوێرانه‌یان بوو له گه‌ل كومونیسم. ئیمه ئه‌وانه‌مان ڕۆژانه‌ی ته‌نانه‌ت پێش رووخانی ڕژیمی شا لێ ده‌دیتن، خۆ ئاماده كردن، هه‌م له ڕووی سیاسیه‌وه و هه‌م له ڕووی نیزامییه‌وه ئه‌وه یه‌كێك له‌و ئه‌ركانه بوو كه بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه دیاری كرابوو. هه‌وڵماندا له ڕووی نیزامیه‌وه خۆمان به چه‌ك و چۆڵێك كه له پادگانه‌كان و پاسگاكان به ده‌ست هاتبوون، ته‌یار كه‌ین، ئاموزشی نیزامی پێویست ببینین. بێجگه له‌وانه باسی بنكهكانم كرد. له جێگایه‌ك وه‌كوو شار سنه یا ته‌نانه‌ت شوێنه‌كانی دیكه‌ش كه شوڕاكان پێك هاتبوون هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه به ته‌واوی هاوكاری ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و شورایانه و یارمه‌تی ده‌دان بۆ ئه‌وه‌یكه ئه‌منیه‌ت به‌رقه‌رار بێت و به‌رنامه‌ی كاری شوراكان به‌ڕێوه بچێت.
پرسیار: كۆمه‌له له هێنانی ژنان بۆ ریزی خه‌باتی پێشمه‌رگانه، له ئاستێكی به‌رین دا، ده‌وری رچه‌شكێنی هه‌بۆه، ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته له گه‌ل چ گیروگرفت گه‌لێك به‌ره‌وروو بوو و سه‌رئه‌نجام چلون جێگیر بوو؟
وڵام: دیاره به ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م به هۆی ئه‌وه كه كۆمه‌ڵه سیاسه‌تێكی دیاری كراوی له‌م بابه‌ته‌وه بوو، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته به هیمه‌تی خودی ژنان ، ئه‌م ژنانه‌ی كه سوكایه‌تی و نایهكسانیان له ژیانی خۆیاندا ته‌جروبه كردبوو كاتێك له سه‌رده‌می شۆڕشی ٥٧دا مه‌جالیان بۆ خولقا و توانیان ئیراده‌ی خۆیان نیشان بده‌ن، به‌هیمه‌تی خۆیان جێگای خۆیان له هه‌موو بوارێكدا كرده‌وه. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه پێوه‌ندی به ڕچه شكێنی كۆمه‌ڵه وه‌یه، مه‌سه‌له ئه‌وه نه‌بوو كه تا ئه‌و كاته كه‌س چه‌كی به شانی ژنه‌وه نهدیبوبێت، شتی وا بوو تاك و تهراك و لێره و له‌وێ له كوردستان له‌و پارچه یا له‌و پارچه دیارده‌ی وه‌ها دیترابوو، ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵه كردی دوو تایبه‌تمه‌ندی هه‌بوو، یه‌كیان جه‌ماوه‌ریتر كردنی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته بوو، واته له ئاستێكی به‌رین دا ژنان هاتنه ناو ڕیزی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌وه، وه دووهه‌م چه‌كدار بوونی ژنان ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بوو كه چه‌كیان كردبووه شان بۆ ئه‌وه‌ی به شه‌ڕ بێن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی، به‌ڵكوو له هه‌مان كاتدا ئه‌وان چه‌كیان كرده شانیان بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ن كه په‌یام یه‌كسانین بۆ كۆمه‌لگای كوردستان پێیه. ئه‌وان هێوا و بروا به خۆیان له ناخی به هه‌زاران ژنی كوردستاندا زیندوو كرده‌وه. به هه‌زاران ژن له كوردستان كه له بنه‌ماڵه‌ی خۆیان له ژێر فشاری ئه‌خلاقیاتی سوونه‌تی ئه‌زیه‌ت ده‌كران، سوكایه‌تیان پێده‌كرا و ناڕازیی بوون، هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد ده‌چینه ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه وه، هانایان بۆ پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ده‌هێنا، به‌و جۆره پاشهكهشهیان به برا و باوك و كه‌س و كاری ده‌مارگرژی خۆیان ده‌كرد وه ئه‌گه‌ریش زۆریان ئه‌زیه‌ت بكردبان سه‌ركێشیان ده‌كرد و چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیان ده‌كرده شانیان. ژماره‌یه‌كی زۆر له ژنانێك كه له ژێر زه‌ختی سونه‌ت دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵدا بوون، هاتنه ناو ڕیژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه. سه‌ره‌رای ئه‌مانه ژنان له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا به دوو قاتی پیاوان زیاتر زه‌حمه‌تیان كێشا، ئازاریان دی تا توانیان جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه. گیر‌و گرفتی زۆر به بۆنه‌ی ژن بوونیان هه‌بوو كه به ڕه‌سمی نه‌ده‌ناسرا، ماوه‌ی زۆری برد كه به‌ره‌سمی ناسرا. ته‌نانه‌ت ئه‌وان له شه‌ڕه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ن هیچیان له پیاوه‌كان كه‌متر نییه زۆرتر فیداكاریان ده‌كرد. له سه‌ره‌تاوه به‌ڕاستی خودی كۆمه‌ڵه‌ش به پارێزه‌وه ده‌ستی بۆ ئه‌و بابه‌ته برد. ئێمه پێمان وابوو به له به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌یكه هێزی پێشمه‌رگه زۆرتر مه‌جالی تێكۆشانی له دێهاتدایه و له‌وانه‌یه ئه‌خلاق و فه‌رهه‌نگی سونه‌تی له دێهاتدا ئه‌و دیارده نوێیه و ئه‌و سونه‌ت شكێنیه به ئاسانی قه‌بووڵ نه‌كات. هه‌ر بۆیه له سه‌ره‌تاوه بڕیارمان دا كه ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ی جیاوازی ژنان پێك بێنین. یه‌كه‌م ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ی ژنان كه پێكهات ده‌ستیان كرد به جه‌وله له دیهاتی ناوچه‌ی بۆكان. به‌ڵام زۆر زوو نیگه‌رانی كۆمه‌ڵه ڕه‌ویه‌وه. مه‌علوم بوو كه ئه‌و نیگه‌رانییه له جێی خۆی نه‌بووه. له‌م ده‌وره‌یه‌دا ئێمه شاهیدی ئه‌وه بووین ژنی پێشمه‌رگه كه تا ئه‌و وه‌خته و تا ئێستاش ڕێگای نه‌بوو بچێت بۆ مزگه‌وت، چوونكه مزگه‌وت شوێنێك بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و بۆ ووتار دان. ژنی پێشمه‌رگه ده‌چووه ناو مزگه‌وت و ده‌چوو له شوێنی مێحرابی مزگه‌وت ووتاری ده‌دا، بۆ كێ؟ بۆ پیاوان و ئامۆژگاری پیاوانی ده‌كرد. هه‌مووی ئه‌وانه تا ئه‌و كات له سونه‌تی كۆمه‌لی كوردستان دا نامۆ بوو. به‌ڵام پێشكه‌وتوویی كۆمه‌ڵ كوردستان گهیشتبۆه ڕاده‌یه‌ك كه ئه‌وانه‌ی هه‌زم كرد و ورده ورده پاشه‌كشه ی به سوونه‌تی دواكه‌وتوو كرد. سه‌ره‌رای ئه‌وانه دڕنده‌یی كۆماری ئیسلامی و ئه‌و فیداكاریانهش كه كچان و ژنانی ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه له شه‌ڕه‌كاندا له خۆیان نیشان ده‌دا ئیتر هه‌ر سوونه‌ت پهرهستێكی كه‌له وشكیشی وا لێكردبوو كه ڕێزیان لێ بگرێت. ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو كه به ناوی كۆمه‌ڵه و به ناوی ژنانی سوسیالیست و تێكۆشه‌رانی كۆمۆنیستی ژن له كوردستان تۆمار كرا. به دوای ئه‌وه دابوو كه له ناو حیزبه‌كانی دیكه و له شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش شێوه‌ی دیكه‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ی ژنان ڕه‌چاو كرا.
پرسیار: ستراتێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له چی بوو؟
وڵام: ستراتێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه جیاواز نه‌بوو له ستراتێژی گشتی كۆمه‌ڵه. ستراتێژی كۆمه‌ڵه هه‌ر له یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری شۆڕش كه ئورگانی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه بوو فورمۆله كرا. ئێمه ته‌ئكیدمان كرد له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ندییه‌كی نه‌پساوه هه‌یه له نێوان خه‌باتی چه‌كداری و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری. وه ئه‌و دو بۆاره‌ی خه‌بات شان به شانی یه‌ك ده‌بێ بچنه پێش، به تایبه‌ت خه‌باتی چه‌كداری ناتوانێ له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری دوا كه‌وێ وه یا له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری زۆر پێش كه‌وێ. ده‌بێ ئه‌و دوو مه‌یدانه‌ی خه‌بات شان به شانی یه‌ك بچنه پێش. له مه‌جاله‌كانی دواتردا ئێمه ئه‌و ستراتێژهمان فورمۆله تر و شه‌فاف تر كرد. ئێمه سێ مه‌یدانی سه‌ره‌كی خه‌باتمان ده‌ستنیشان كرد كه مێحوه‌ره‌كانی ستراتیژی ئێمه‌یان پێك ده‌هێنا. یه‌كیان خه‌باتی كرێكاری بوو. كرێكارانی كوردستان له ڕوی ژماره‌وه، له ڕووی وشیاری چینابهتیهوه، له ڕووی به‌شداریان له خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستاندا، یه‌كه‌م میحوه‌ری ستراتێژی ئیمه بوو. دووهه‌م خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، له خه‌باتی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه فه‌قیر نیشنهكانهوه بگره تا هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ناره‌زایه‌تی ده‌ربرینی جه‌ماوه‌ری ، سه‌ردانه‌واندن بۆ ئه‌و زه‌خت و زۆره‌ی كه كۆماری ئیسلامی و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی محه‌لی ئه‌و رژیمه ده‌یان هێنا بۆ سه‌ر حهلك. ئه‌مه خه‌باتێكی واقعی بوو و به‌رده‌وام له جه‌ریاندا بوو. هه‌روه‌ها خه‌باتی چه‌كداری. لێكهه‌ڵپێكانی ئه‌م سێ شێوه‌یه له خه‌بات بوو، كه ستراتێژی ئیمه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگیرانه‌ی كوردستان له سه‌ر دامه‌زرابوو. ئه‌و ستراتێژه له یه‌ك دروشم‌دا كۆ ده‌كراوه: “هه‌ڵچنین و ڕاماڵینی هێزی داگیركه‌ر له كوردستان”. له مێژووی كوردستاندا هه‌مووی ئه‌و بۆارانه جێگا و شوێنی واقعی خۆیان هه‌بوو. بۆ نمونه خه‌باتی كرێكاری. له ئه‌وپه‌ری خه‌فه‌قان و ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا له شاری سنه له ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، رۆژی جیهانی كرێكار، لانیكه‌م دوو جار رێوره‌سمی گه‌وره به‌رپا بوو و ته‌نانه‌ت خۆپیشاندان كرێكاری به‌رێه‌وه چوو. مه‌راسمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له ساڵۆنی ته‌ختی، و له پاساژی عیزه‌تی . له شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، له سه‌قز، له مه‌هاباد. به گشتی خه‌بات و ناره‌زایه‌تی ده‌ربرینی كرێكاری واقعیه‌تێكی عه‌ینی بوو. پێشڕه‌وانی كرێكاری وجودیان بوو. ، ساڵ نه‌بوو كه له كوره‌خانه‌كان ئه‌و كرێكارانه‌ی كه ده‌چوونه ده‌ره‌وه كوردستان و له ژێر كاریگه‌ری فه‌رهه‌نگ و ئاموزشی كۆمه‌ڵه دا بوون، بۆ به‌ده‌ست هێنانی داخوازیه‌كانیان مانگرتنی گه‌وره‌یان له كوره‌خانه‌كاندا به‌رێه‌وه ده‌برد. هه‌ر بۆیه ئه‌و خاڵێكی ستراتیژیكی گرینگ بوو. مانگرتن و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، ئه‌وه‌یش زه‌مینه‌ی واقعی هه‌بوو. له ساڵی ٦٢ مانگرتنی گشتی خه‌ڵكی كوردستان‌مان بوو. له گه‌ڵ حیزبی دیمۆكرات به هاوبه‌شی بانگه‌وازمان بۆ كرد، بۆ ئێعتراز به ئێعدامی ٥٩ جهوانهكهی مهاباد. یاخود ١٦ی گه‌لاوێژ، ١٣٨٤ یا مانگرتنه گشتییه‌كانی دیكه، ئه‌وه نیشان ده‌دات كه له كوردستان پوتانسیهلێكی جه‌ماوه‌ری هه‌یه. سێهه‌میشیان دیاره خه‌باتی چه‌كداری بوو. ئه‌گه‌ر له مێژووی ٤٠ ساڵی ڕابردووی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه به تایبه‌ت مێژووی كۆمه‌ڵه ورد بینه‌وه، له هه‌موو كاتێكدا ده‌بینین كه ئه‌م سێ شێوه‌یه‌ی خه‌بات چۆن له یه‌ك ههڵپێكراون و چۆن كاریگه‌ریان وه‌رگرتوه له یه‌كتر.
پرسیار: هاورێ برایم هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له له رووی نیزامیه‌وه له ماوه‌ی ئه‌م سالانه‌دا چ قۆناغ گه‌لێكی تێپه‌ر كردۆه؟
وڵام: قۆناغ به‌ندی كردنی چالاكی هێزی پێشمه‌رگه به چه‌ند شێوه ده‌كرێت. بۆ نمونه ده‌توانین سه‌رده‌می دیفاع له شاره‌كان و شه‌ڕی شاره‌كان به قۆناغێك دابنێین. دوای ئه‌وه دیفاع له مێحوهرهكان و دیفاع له ناوچه‌ی ئازاد ده‌توانی قۆناغێك بێت. پاشه‌كشه و گۆاستنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی ڕه‌هبه‌ری كۆمه‌ڵه بۆ ئه‌ودیوی سنور، خه‌باتی پارتیزانی و هتد. ئه‌و قۆناغ به‌ندیانه عه‌ینی و واقعین. به‌ڵام له رۆانگه‌ی منه‌وه یه‌ك قۆناغ به‌ندی ئه‌ساسی دیكه هه‌یه، كه پێناسه‌ی خه‌باتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له‌یه: یه‌كه‌م قۆناغی دیفاع له ده‌ستكه‌وته‌كان. ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی شا ڕوخابوو كوردستان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئازاد ببوو، ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی هێشتا جێگیر نه‌ببوو به ته‌واوی یا كه‌م و زۆر، ده‌سه‌ڵاتی كه‌م بوو لێره و له‌وی هه‌بوو به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سڵی به ده‌ست جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و حیزبه سیاسیه‌كانه‌وه بوو. له‌م ده‌وره‌یه‌دا هێزی پێشمه‌رگه دیفاع له‌و ده‌ستكه‌وتانه ده‌كات كه خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به‌ده‌ستی هێنابوو. ئه‌مه له هه‌مان كاتدا سه‌رده‌مێكه كه هێشتا شۆڕشی ١٣٥٧ ی ئیران به ده‌ستی جمهوری ئیسلامی به ته‌واوی سه‌ركوت نه‌كراوه. ئه‌م شۆڕشه‌ی كه له ٥٦ و ٥٧وه ده‌ستی پێكرد ته‌نیا له ٦٠ و ٦١ ، به تایبه‌ت زه‌ربه‌ی قورسی له ٣٠ خوردادی ٦٠ دا خوارد، شاهیدی ئه‌وه‌ین كه شۆڕش پاشه‌كشه‌ی پێكرا. پێش ئه‌وه خه‌ڵكی خوزستان، خه‌ڵكی توركهمهن سه‌حرا، كرێكارانی به‌نده‌ری ئه‌نزه‌لی، دانشجویانی دانشگاكان،كرێكارانی بێكاری ئیسفه‌هان ، به گشتی خۆڕاگری له هه‌موو ئێران درێژه‌ی هه‌بوو. ئه‌م ده‌وره‌یه له كوردستانیش له جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ درێژه‌ی خه‌باتی سه‌رتاسه‌ری دیفاع ده‌كرێت له‌و ده‌ستكه‌وتانه، ئه‌مه سه‌رده‌مێكه كه كوردستان ده‌بێته ناوه‌ندی دیمۆكراسی و ئازادی و بوژانه‌وه. كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌ی پێ ته‌حه‌مول نه‌ده‌كرا و پێ به پێی ئه‌وه‌یكه هه‌وڵی دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی خۆڕاگری و خه‌بات له ئێران‌دا تێك بشكێنێت، هێرشی هێنایه سه‌ركوردستان. ده‌زانین كه ئه‌و هێرشه تێك شكا. وه ده‌وره‌یه‌ك تازه ده‌ستی پێكرد كه ده‌وره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌ی ئاشتیانه‌ی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بوو. به پێی هاوسهنگێكی هێز كه پێك هاتبوو گوفتگو له گه‌ل كۆماری ئیسلامی ده‌ست پێده‌كات. ئێمه كه ماهیه‌تی كۆماری ئیسلامیمان ده‌ناسی و ده‌مانزانی له رێگه‌ی گوفتگۆهوه داخوازیه‌كان جێبه‌جێ ناكات، ده‌بوو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆمان ببێ به تێگه‌یشتنێكی گشتی. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانیش هه‌موویان ئه‌و راستێیان لێ حاڵی بوایه. له‌م ده‌وره‌یه‌دا هه‌ولمان دا راده‌یه‌ك له هاوئاهه‌نگی و یه‌ك گرتووی له نیوان هیزه سیاسه‌كانی چالاك له كوردستان پێك بێنین. كه ناوی هه‌یئه‌تی نوینه‌رایه‌تی گه‌لی كورد بوو. له‌م ده‌وره‌یه دا گوفتگوی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ، به‌ریه‌وه چوو. ئه‌مه خۆی جێگه‌ی باسێكی جیاوازه. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش تێپه‌ر بوو. له‌م قۆناغه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه خه‌ریكی خۆ ته‌یار كردن بوو له هه‌موو بوارێكه‌وه. بۆ ڕۆژێكیش هێزه‌كانی ئێمه خافڵ نه‌بوون له‌وه‌ی دره‌نگ یا زوو دووباره كۆماری ئیسلامی هێرش ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه كاتێكه كه شۆڕش له ئاستی ئێران‌دا تێكشكاوه، كوردستان ده‌ستی كرد به خۆڕاگری ، ده‌توانم ئه‌و ئیدعایه بكه‌م كه كۆمه‌ڵه هه‌وێنی ئه‌و خۆڕاگرییه بوو. من ئینكاری ئه‌وه ناكه‌م هێزه‌كانی دیكه‌ش بوون ، به‌ڵام كۆمه‌ڵه وره‌ی دا به‌و جه‌ماوه‌ره بۆ خۆڕاگری وه له واقعدا ئاسۆی جۆرێك له سه‌ركه‌وتنی خسته به‌رچاوی خه‌ڵك. به‌ڵام ئه‌مه ده‌وره‌یه‌كه كه ئیتر خه‌باتی شۆڕشگێڕانه له كوردستان هه‌ر درێژه‌ی شۆڕشی ئێران نییه، ئه‌و شۆڕشه دیاری كراوه‌ی ئێران شكستی خواردووه. كوردستان له‌و قۆناغه‌دا ده‌چێته ناو سه‌نگه‌ری نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه، له سه‌نگه‌ری خودموختاری و مافی نهتهوایهتیوه ده‌ست ده‌كات به خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا. ئه‌و خۆڕاگریه ده‌با سه‌ركه‌وتنی خۆی بۆ دیاری كرابایه. ئاسۆی ئه‌و خۆڕاگریه نه‌ی ده‌توانی ئه‌وه بێت كه ئێمه له كوردستانه‌وه كۆماری ئیسلامی ده‌ڕووخێنن. یا گۆیا ده‌بێ هه‌ر موقاومه‌ت بكه‌ین تا ڕۆژێك له ڕۆژان كۆماری ئیسلامی خۆی له تارانه‌وه به جۆرێك ده‌ڕووخێ. ئێمه ده‌بوایه بۆ ئه‌و خه‌باته دیاریكراوه سه‌ركه‌وتنی خۆیمان دیاری كردبا. به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه بۆ خودموختاری، به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه بۆ ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ریمان هێنا گۆڕێ. به دروشمی “هه‌ڵچنین و ڕاماڵینی هێزی داگیركه‌ر له كوردستان”. ئێمه ئه‌گه‌ر توانا‌مان بوایه، هه‌ر ئاواییه‌كی كوردستان‌مان ده‌پاراست. هه‌وڵمان ده‌دا بیپارێزین و ئازادی كه‌ین و تێیدا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی خۆمان به‌رێه‌وه به‌رین و ئاماده‌یی بۆ خۆڕاگری دیكه پێك بێنین. ئێمه ده‌مانزانی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه به‌ده‌ستیش دێ له كوردستان سه‌قامگیر نابێت ئه‌گه‌ر شۆڕشكێ سه‌راسه‌ری له ئێران نه‌یه به هانایه‌وه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌بوایه خۆی سه‌ركه‌وتنی خۆشی بۆ تاریف كرابایه. وه ئه‌م سێ قۆناغه له واقعدا سێ قۆناغی ئه‌ساسین كه هه‌ڵسووكه‌وتی هێزی پێشمه‌رگه‌ش تێیدا ده‌ستنیشان ده‌كرێ، له قۆناغی یه‌كه‌م و قۆناغی دووهه‌مدا شه‌ڕی جه‌بهه‌یی ده‌كه‌ین ئێمه. سه‌نگه‌رمان له به‌رانبه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا پێك هێناوه و دفاع ده‌كه‌ین له شاره‌كان، خه‌ڵكی شاره‌كان خوازیاری دیفاع كردنن، خه‌ڵك به چاوی گریانه‌وه ره‌وانه ده‌كه‌ن، كاتێك شاره‌كان به‌جێدێلن. ساڵانی دواتریش خه‌باتی پارتیزانی ده‌ست پێده‌كا و ئه‌مه‌ش قۆناغێكه. من پێموایه له‌و قۆناغانه‌ی كه بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه دیاریمان كرد، شه‌ڕی و دیمۆكرات وكۆمهڵهش، جێگه و شوێنێكی دیاری هه‌یه، كه ئه‌ویش زهره و زیانی خۆی هه‌بوو و ناكری له مێژووی واقعی كوردستان جیای كه‌یه‌وه.
پرسیار: ده‌زانین كه ستراتێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له، “واته ههلچنین و رامالینی هێزی داگیركه‌ر له كوردستان” به‌و جۆره‌ی ئیوه باستان كرد وه‌دی نه‌هات. ئه‌گه‌ر وایه له رووی بابهتێهوه ئیوه ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌باتی پێشمه‌رگانه چۆن كۆبه‌ندی ده‌كه‌ن؟
وڵام: ئه‌وه راسته كه ئه‌و ستراتێژه به سه‌ركه‌وتنی دیاری كراوی خۆی نه‌گه‌یشت، به‌لام خه‌باتی پێشمه‌رگانه له كوردستان توانی وه‌ها هاوسه‌نگیه‌كی هێز پێك بێنێ كه تا ئێستاش خه‌ڵكی كوردستان به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێته‌وه. ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه چی بوو؟ یه‌كه‌م به خۆڕاگری خۆی نه‌یهێشت وره‌ی خه‌ڵك دابه‌زێت. ئێمه هیچ سهنگهرێكمان به بێ موقاومه‌ت چۆڵ نه‌كرد. به ته‌جروبه‌ش ئه‌و راستیه سه‌لمێندرا كه به خۆراگری خه‌ڵك كه‌متر زه‌ره‌ر و زیانی پێده‌گات ده‌دات تا به پاشه‌كشه ی بێ به‌رنامه و هه‌زیمه‌ت. له هه‌ر شوێنێك هێزی پێشمه‌رگه نه‌بووه پاشه‌كشه كراوه، هه‌زیمه‌ت بووه یا به هه‌ر حاڵ موقاومه‌تی ئه‌وتۆ سازمان نه‌دراوه جنایه‌ت خولقاوه. ته‌واوی جنایه‌ته‌كانی بۆ نمونه قاڕنێ و قه‌ڵاتان، ئیندرقاش، كانی مام سه‌ید و ده‌یان شوێنی دیكه كه ڕوویداوه، هیچیان له ئاكامی موقاومهتێكی چڕ و پڕی پێشمه‌رگانه نه‌بووه. ئێمه زۆر زوو به‌و ئاكامهگهیشتین كه ئه‌گه‌ر ده‌مانهه‌وێ گیانی خه‌ڵكیش بپارێزین، ده‌بێ خۆڕاگری بكه‌ین و ده‌بێ ئه‌و خۆڕاگریه، گیانفیدایانه بێت، دوژمن شكێن بێ له هه‌ر مه‌یدانێكی دیاریكراودا، ئه‌گه‌ر چی له ڕووی تاكتیكه‌وه نیهایه‌ته‌ن پاشه‌كشه‌ی به دواوه بێت. خه‌ڵكی كوردستان له پێناوی ئه‌و خۆڕاگریه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه و هێزی پێشمه‌رگه‌ی به گشتی له كوردستان كردوویه‌تی وره‌ی دانه‌به‌زیوه و ئاكامه‌كانی ئه‌و دانه‌به‌زینی وره‌یه ئه‌مڕۆش ده‌یبینین. هه‌مووان كاتێك باس له جیاوازیه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه ده‌كه‌ن، قامك له سه‌ر ئه‌و خاڵه داده‌نێن كه: خه‌ڵكی كوردستان وره‌یان به‌رزه. خۆڕاگری له هه‌مان كاتدا ووشیاری ده‌هێنا، تێگه‌یشتنی سیاسی خه‌ڵكیشی ده‌برده سه‌ر. هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ته‌نها هێزێكی شه‌ڕكه‌ری چه‌كدار نه‌بوو، له هه‌مان كاتدا هێزێكی رێكحهر بوو، هێزێكی ووشیاریدهر بوو. ده‌سته‌ی ڕێكخستنی كۆمه‌له دێ به دێ و شوێن به شوێن ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌یكه ئاماده‌یی سیاسیی له خه‌ڵكدا بۆ خۆڕاگری به‌هێزتر كه‌ن و ڕێكخستن له ناو خه‌ڵكدا پێك بێنن. ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی كه باسم كرد له زۆر دیارده‌ی دیكه دا ده‌بینینه‌وه. بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئێعدامیهكانی دهیهی٦٠ چاو لێبكه‌ن له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له كوردستانیش زۆر كه‌س ئێعدام كران و زۆر جنایه‌ت كرا به‌ڵام، به به‌رئاوه‌رد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران، ژماره‌ی ئێعدامیهكانی كوردستان كه موقاوه‌مه‌تی تێدا بوو، كه‌متره. بۆچی؟ به هۆی ئه‌وه‌یكه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان ده‌كه‌وته مه‌ترسیه‌وه ده‌هاتن ده‌بوون به پێشمه‌رگه. واته ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون كه هه‌ر كات شناسایی كران بیانگرن. هه‌لبه‌ت ژوماره‌یه‌ك هه‌ر ده‌كه‌وتنه گیر و به داخه‌وه ئێعدام كران. ئه‌وانه گوڵی سه‌ر تۆپی موقاومه‌تی ئێمه بوون. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا وجوودی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه پهناگاكان و پایهگاكان و مقه‌ڕاتی له هه‌ر شوێنێك كه بوو، مه‌كانێك بوو بۆ حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌كه‌وتنه خه‌ته‌ره‌وه. با نمونه‌یه‌كی دیكه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌تان پێ بڵێم تا ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، پێشمه‌رگه هه‌یه كه به ناو ته‌سلیم ده‌بێه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ن فه‌رز كه شاكی خسوسی نه‌بێ، یا ئه‌گه‌ر بیانویه‌كی زۆریان نه‌بێ دوای ماوه‌یه‌ك ئازادی ده‌كه‌ن. له‌به‌رچی؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی نایانهه‌وێ ئه‌و هێزه ته‌قویه‌ت بێ، و مه‌یل بۆ گه‌رانه‌وه هه‌ر هه‌بێ. خۆ ده‌شزانین ئێمه چه‌ند ساڵێكیشه هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه به‌ڵام شه‌ڕی پێشمه‌رگانه ناكه‌ین. به‌ڵام ترسێك كه وجوودی ئه‌و هێزه كه ئه‌گه‌ر به‌هێز بێ، ئه‌گه‌ر وره به‌خش بێت خستویه‌ته ناو دڵی دوژمنه‌وه وای كردووه كه ئێستایش ناچاره له چاو ره‌فتاری له گه‌ل تێكۆشه‌رانی سیاسی و مه‌ده‌نی له شوینه‌كانی دیكه‌ی ئیران، لێره له كوردستان، جۆرێك له چاوپۆشی له پێشمه‌رگه‌كانی پێشوو بكات. ئه‌وانیش له ڕووی حیسابی خۆیانه‌وه ده‌زانن كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌و چاوپۆشیه نه‌كه‌ن، ئه‌و هێزه زۆرتر ته‌قویه‌ت ده‌بێت. ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی خه‌باتی هێزی پێشمه‌رگه كه من زۆر جار ئه‌وه‌م باس كردووه، مه‌ربوته به سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق. له جه‌ریانی ئه‌و شه‌ره‌دا به هۆی ئه‌وه‌وه كه پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بوو له كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه حزوری هه‌بوو له ناوچه‌كاندا ، كۆماری ئیسلامی جورئه‌تی نه‌ده‌كرد سه‌ربازگیری به لێشاو بكات. سه‌ربازگیری زۆر مه‌حدوودی ده‌كرد وه هه‌میشه نیگه‌رانی ئه‌وه بوو كه ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانهه‌وێ بیانبه‌ن بۆ سه‌ربازی ببن به پێشمه‌رگه وه ئه‌سڵه‌ن دروشم ئیمه ئه‌وه بوو مه‌چن بۆ سه‌ربازی، وه‌رن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی. چه‌كی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵمه‌گرن، چه‌كی شۆڕش هه‌ڵگرن، ئه‌وه‌ش هه‌م وڵامی دایه‌وه هه‌م پاشه‌كشه‌یه‌كی به ڕژیم كرد. ڕاسته ئێمه زیاتر له دوو هه‌زار له ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌دا و به گشتی نزیك به سێ هه‌زار گیانبهختكردومان له هه‌مو بۆارهكاندا داوه، به‌ڵام ئه‌م خوێنانه‌ی كه ڕژاون له هه‌مان كاتدا له پێناوی پاراستنی گیانی چه‌ندین به‌رابه‌ر كه‌سی دیكه‌دا بووه.
پرسیار: ئیشاره‌تان به شه‌ری دیموكرات و كۆمه‌له وه‌كوو یه‌كێك له قۆناغه‌كان كرد، دیاره باسكردن له سه‌ر هۆكاری وه‌رێ كه‌وتنی ئه‌و شه‌ره خۆی جێگه‌ی باسێكی وردتر و تایبه‌تی دیكه‌یه، به‌ڵام پرسیارم ئه‌وه‌یه ئێستا كه باسی شه‌ری پێشمه‌رگانه ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش شه‌رێك بۆه كه له كوردستان روویداوه، ئایا له رووی نیزامیه‌وه سیاسه‌تێكی دیاری كراویش له لایه‌ن كۆمه‌له‌وه به سه‌ر ئه‌و شه‌ره‌دا نازر بوو؟
وڵام: به‌ڕاستی ده‌مه‌وێ له‌و فورسهتهشدا له به‌شه‌ی ئه‌وه‌ڵی ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاماژه‌تان بۆ كرد تێپه‌ر نه‌بم. پێم وایه باس كردن له سه‌ر ئه‌وه‌یكه هۆكاری ئه‌و شه‌ڕه چ بوو، لانیكه‌م ئه‌گه‌ر زۆر به ووردیش نه‌بێ له‌و گفتووگۆیه‌دا له جێگای خۆیه‌تی. بۆیه رێگام بده له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش قسه‌یه‌كی كورت بكه‌م. ئه‌و باسێكی مێژووییه. مێژوو من و تۆش نهینوسینهوه یه‌كی دیكه ده‌ینوسێته‌وه. له كۆتاییدا ڕاستییه‌كان له ژێر ته‌پوتۆز دێنه دهرهێ و ڕوون ده‌بنه‌وه، هه‌موو مێژووی جیهان هه‌روا ڕوون بۆته‌وه و كه‌س نه‌یتوانیوه بۆ هه‌میشه مێژوو به مه‌یلی خۆی بنوسێته‌وه. دیاره باس كردن له‌و مێژووه نابێ كاریگه‌ری دابنێته له سه‌ر پێوه‌ندی بۆ نمونه ئه‌مڕۆی ئێمه و حیزبی دیمۆكرات. ئه‌مڕۆ ئێمه و حیزبی دیمۆكرات پێوه‌ندییه‌كه‌ی ئاساییمان هه‌یه، چاوپێكه‌وتنمان هه‌یه، دیالۆگمان هه‌یه، له بواری دیاریكراودا و به تایبه‌ت له مانگرتنه گشتیه‌كاندا هاوكاری زۆر كاریگه‌رمان بووه له ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری هاوكاری گرینگمان بووه، ئێمه ئه‌و سیاسه‌ته‌مان به بریارنامه‌یه‌ك له دووایین كۆنگره‌ی خۆشمان‌دا و له هه‌موو كۆنگرهكانماندا فۆرمۆله كردووه، و به پێی ئه‌وه ده‌چینه پێشێ. كه وابێ باس كردن له‌و مێژووه به مانای شێواندنی ئه‌و پێوه‌ندیانه نییه. به‌ڵام مێژووه ده‌بێ باس بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رسی لێوه‌ربگیرێت. ئێستا ئاماژه به چه‌ند خاڵێك ده‌كه‌م كه به بڕوای من نیشان ده‌دات كه كۆمه‌ڵه ده‌ست پێشخه‌ری ئه‌و شه‌ڕه نه‌بووه،كۆمه‌ڵه هۆكاری ئه‌و شه‌ڕه نه‌بووه. یه‌كه‌م، ئه‌وه ته‌نها كۆمه‌ڵه نه‌بوو كه زه‌ربه‌ی له حیزبی دیمۆكرات ده‌خوارد. پێش ئێمه رێكخراوه‌كانی “رێگای كرێكار”، چه‌ن بالێك له “رێكخراوی چریكه فیدائیه‌كانی خه‌لكی ئیران”، رێكخراوی “پهیكار”، “یكێتی كومونیسته‌كان”، هه‌مووی ئه‌وانه زه‌بری چهكدارێیان له حیزبی دیمۆكرات خواردبوو. ساڵانی دواتر ته‌نانه‌ت هاوڕێیانی ناو خۆشیان كه لێیان جیا ببوونه‌وه، هه‌ر كه‌وتنه به‌ر ئه‌و زه‌ربه‌یه. كه وابێ ئه‌وه ته‌نها كۆمه‌ڵه نه‌بوو كه ده‌كه‌وته به‌ر په‌لاماری پاوانخۆازانهی حیزبی دیموكرات. به‌ڵام دیارهكۆمهڵه به‌هێز تر بوو، له مهوقعیهتێكدا نه‌بوو وه‌كوو “پهیكار”، یا وه‌كوو ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی دیكه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حیزبی دیمۆكراتی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ بێ. بێجگه له‌وانه ئێمه به پێی بۆچونی خۆمان له دیهاتی ئازادكراوی كوردستاندا خه‌لكه كه‌مان هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بهرێهوهبردنی كاروباری خۆیان، شورا پێك بێنن، خه‌ڵكی دێیه‌كه خۆیان هه‌ڵیان ده‌بژارد، دواجار كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیمۆكرات رێگه‌ی ده‌كه‌وته ئه‌و دێیه شوڕاكهی هه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه. ئیمه پێمان وابوو كه كوردستانی ئازاد ده‌بێ ئازادی فه‌عالیه‌تی كۆمۆنیستی تێدا به ڕه‌سمی بناسرێ، كه‌چی نوسراوه و دروشمه‌كانی ئیمه‌یان لێره وله‌وێ دهدراند. به‌ره‌به‌ره به بۆنه‌ی ورده شه‌ری لێره و له‌وێ بۆنی ئه‌وه‌ش ده‌هات كه حیزبی دیمۆكرات بیهه‌وێ له مه‌یدانێكی گه‌وره‌تریش دا هێزی چه‌كداری خۆی له دژی كۆمه‌ڵه به كار بێنێت. ئه‌و كات حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران زیاتر له ١٢ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی بوو، له ڕووی داراییه‌وه زۆر له ئیمه ده‌وڵه‌مه‌ند تر بوو، له ڕووی چه‌ك و چۆڵ و ته‌قه‌مه‌نیه‌وه له ئێمه زۆر ته‌یار تر بوو، ئێمه كه‌متر له ٤ هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان بوو، زۆر له ڕووی ماڵیه‌وه له ئه‌وان زه‌عیف تر بووین، له ڕووی چه‌ك و چۆڵه‌وه زۆر له ئه‌وان كه‌مترمان هه‌بوو ، مه‌عقوله ئێمه ئه‌وه‌نده حیسابمان نه‌زانیبێ، كه ٣ هه‌زار و ورده‌یه‌ك له ١٢ هه‌زار و ورده‌یه‌ك كه‌متره. ئه‌ویش تازه به‌و زه‌خیره و ئیمكاناتی مادی و به‌ربڵاوه‌ی كه ئه‌وان له به‌رده‌ستیان بوو . ئاشكرایه به‌و حیسابه‌ش بێت ئێمه خوازیاری شه‌ڕ نه‌بوین. ئێمه پێشمان وانه‌بوو كه ئه‌وه شه‌ڕی پرۆڵتاریا و بۆرژوازییه كه ده‌بێ له‌و كێ‌و و شاخانه‌دا ته‌كلیفی ئه دوو چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه یه‌كسه‌ره بكرێته‌وه. هه‌لبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه حیزبی دیموكرات شه‌ری سه‌راسه‌ری له گه‌ڵ ئیمه راگه‌یاند، بۆچونپك هه‌بوو كه هۆكاری ئه‌و شه‌ره‌ی و ئه‌وه‌ی كه بۆ چی كۆتایی نایه‌ت، به هه‌ڵه ته‌وزیح ده‌دا. ئه‌و بۆچونه هیچ كات نه‌بوو به بنه‌مای سیاسه‌تی ئیمه. ئیمه بریارنامه‌ی زۆر روونی كۆنگهرهكان و ناوه‌نده‌كانی بریاردانمان هه‌یه كه نیشان ده‌دات له روانگه‌ی ئیمه‌وه ئه‌وه شه‌رێكی ئیدئۆلۆژیك نییه. كێشه‌ی ئێمه زۆر ساده بوو له‌گه‌ڵ حیزبی دیمۆكرات، ئێمه ده‌مانه‌ویست ئازادی فه‌عالیه‌تی كۆمۆنیستی له كوردستان دابین بێت. كه‌س رێگری له فه‌عالیه‌تی كۆمۆنیستی له كوردستان نه‌كات. ته‌نانه‌ت رێك دوای كۆتایی هاتنی شهر له ناو ئیمه‌دا پێشنیاری ئه‌وه هاته‌گۆرێ كه وا باشه هه‌ول بده‌ین به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی خودموختاریمان له پێناوی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له گه‌ڵ حیزبی دیموكرات هه‌بێت. ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران پێشنیاری به ڕه‌هبه‌ری كۆمه‌ڵه كرد كه هه‌وڵ بدات بۆ ئه‌وه‌یكه به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی خودموختاری له‌گه‌ڵ حیزبی دیمۆكرات واژۆ بكات. جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه با حیزبی دیمۆكرات خۆی له پڕۆسه‌كه‌دا به‌شدار بێت، ده‌مهه‌وێت بڵێم ئه‌و هه‌موو نه‌رمی نواندنانه له نێو ئێمه‌دا بوو. ئه‌وانه‌ی كه شه‌ڕی كۆمه‌ڵه و دیمۆكرات به شه‌ڕێكی ئیدۆلۆژیك ناو ده‌به‌ن، راستیه‌كان چه‌واشه ده‌كه‌ن. ئه‌وه شه‌ڕی ئیدۆلۆژیك نه‌بوو، شه‌ڕ له سه‌ر دیمۆكراسی بوو، له‌سه‌ر ئازادی فه‌عالیه‌تی كۆمۆنیسته‌كان بوو له كوردستان. ئه‌وه واقعیه‌تی شه‌ڕی كۆمه‌ڵه و دیمۆكرات بوو له روانگه‌ی ئێمه‌وه. به‌ڵام وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌مانه بۆچی ئێستا پێویسته ، بۆ ئه‌وه‌یه به سه‌همی خۆمان رێگه له دووپات بونه‌وه‌ی بگرین.
سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌تان، به‌ڵی ستراتیژی نیزامی ئیمه له‌و سیاسه‌ت و ههلسهنگاندنهوه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، كه باسم كرد. ئیمه ده‌بوایه سه‌ره‌رای پێداگری حیزبی دیموكرات له سه‌ر درێژه‌ی شه‌ره‌كه و دانانی مه‌رجی نادیموكراتیك، خۆمان رێگه‌یه‌ك بۆ كۆتایی پێهێنانی ئه‌و شه‌ره بدۆزینه‌وه. ئێمه هه‌رگیز پێمان وا نه‌بووه كه كوردستان ده‌بێ بكه‌ینه مه‌یدانی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی شه‌ڕی پڕۆلتاریا و بۆرژوازی. حیزبی دیمۆكرات له كۆنگرهی٦ ی خۆیدا بڕیاری دابوو كه له‌مه‌به‌دوا له هه‌ر شوێنێك شه‌ڕێكی مه‌حدوود له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه ههلبگیرسێ بیكه‌نه شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری. ئێمه ده‌مانزانی كه ئه‌و شه‌ڕه به كرده‌وه خزمه‌ت ده‌كات به كۆماری ئیسلامی، هه‌وڵمان ده‌دا به پێی سیاسه‌تێكی جه‌نگی دیاریكراو، هێزه‌كانمان له شهر له گه‌ل حیزبی دیموكرات ده‌ربێنین. واته سیاسه‌تمان په‌راوێز خستنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دیمۆكرات بوو. به‌ڵام ئه‌وه چۆن ده‌كرا؟ ئه‌و سیاسه‌ته ئیمه‌ی به‌ره‌و ئه‌وه ده‌برد كه كوردستان به نیسبه‌ت حزوری هێزی پێشمه‌رگه مهنهقهیی كه‌ینه‌وه، له ناوچه‌یه‌كدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان زۆرترن ئێمه پاشه‌كشه بكه‌ین وه له ناوچه‌یه‌ك كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان كه‌مترن ئێمه جێگیر بین وه رێگه‌ی جموجۆڵی پێشمه‌رگانه به‌وان نه‌ده‌ین، تا ده‌رگیری نه‌بێت. ئه‌وه بوو كه كه‌م و زۆر كوردستان خه‌ریك بوو ده‌بوو به دوو به‌ش، به‌شی شومال و به‌شی جنوب، ناوچه‌ی شلێر كه شوێنی ته‌ماس بوو ، شه‌ڕی زۆر قورسیشی تیا كرا. دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی حیزبی دیمۆكرات له جنوب نه‌بوو یا هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئێمه له شومال نه‌بوو، وا نه‌بوو، به‌ڵام سیاسه‌تی جه‌نگی مان ئه‌وه بوو كه به كرده‌وه تهمهركوزی هێزه‌كان بكه‌وتایه شومال و جنوب. پێویسته ئه‌وه‌ش بلێم ئه‌وه به‌و مانایه نه‌بوو كه ئه‌و سیاسه‌ته له لایه‌ن ئیمه‌وه به ته‌واوی به‌و شێوه‌یه‌ی كه كه لێره باسم كرد، به‌ریوه چوو. ، له نێو ئێمه‌شدا هه‌ڵه و لادان له‌و سیاسه‌ته بوو، كه به داخه‌وه كاره‌ساتیشی لێكهوتهوه. به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه نییه له‌وانه‌یه له كاتی خۆیدا باسی ئه‌و هه‌ڵانه‌ش بكه‌ین بۆ ده‌رس وه‌رگرتن و بۆ مێژوو، به‌ڵام سه‌رجه‌م ده‌توانم بڵێم سیاسه‌تی جه‌نگی ئیمه كه ڕیبه‌ری ئێمه دایڕشتبوو ئه‌وه بوو كه شه‌ڕی كۆمه‌ڵه و دیمۆكرات به‌م شیوه‌یه‌ی كه باسم كرد، حیزبی دیموكرات هه‌ر سیاسه‌تێكی بێت له لایه‌ن ئیمه‌وه ئه‌و شه‌ره فه‌رعی بێته‌وه و توانای هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌ساسه‌ن له دژی كۆماری ئیسلامی به كار بێت.
پرسیار: هاوری برایم ده‌مێك ساله هیزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له له ناوه‌وه‌ی وڵات چالاكی نیزامی نییه، به پێی چ سیاسه‌تێك ئه‌و چالاكیه وه‌ستاوه؟
وڵام: ئه‌مه پێوه‌ندی به لێكدانه‌وه‌ی ئێمه له بارودۆخی سیاسی و بابه‌تی ستراتیژی نیزامی كۆمه‌ڵه و ستراتیژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له كوردستانه‌وه‌یه. ئێمه باسی ئه‌وه‌مان كرد كه خه‌باتی پێشمه‌رگانه و ناره‌زایه‌تی ده‌ربرینی جه‌ماوه‌ری و خه‌باتی كرێكاری، سێ بۆاری خه‌باتی له یه‌ك گرێدراون. ناتوانێ بوارێكیان دامركێته‌وه، ئه‌وی دیكه‌یان خۆی له خۆیدا گه‌شه بكات. پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و گرێدرانی چالاكیه‌كانی به سنوره‌كان تا راده‌یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌له‌ی خستبۆه بارودۆخێكی دژواره‌وه. ئه‌و بارودۆخه هاوكاته له گه‌ل ئه‌وه‌ی كه رژیم له شاره‌كان جێگه پێی خۆی قایم كردۆه. خه‌باتی جه‌ماوه‌ری تا راده‌یه‌ك له ژێر زه‌ختی سه‌ركوتی ده‌وله‌تی دا كز ببو. خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ش ئه‌گه‌ر خه‌ساره‌تی گیانی زۆر بێت، ئه‌ونده‌ی دیكه وره‌ی خه‌لك دا ده‌به‌زێنێ. سنور و ئه‌و دیوی سنور ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌مێك دا وه‌كوو ئیمكانێك و ئاسانكاریه‌ك بوو بۆ شه‌ری پێشمه‌رگانه، وای لێهاتبوو كه نه‌ك هه‌ر ئاسانكاری نه‌بوو به‌لكوو گه‌لێك گیر‌و گرفتی تازه‌ی ده‌خولقاند. ئه‌م بارودۆخه له لایه‌ن ئیمه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ كرا:
یه‌كه‌م، خه‌باتی چه‌كداری له كوردستان ، ئێستا زه‌مینه‌ی ئه‌و پشتیوانیه جهماوهرهیهی كه له ساڵانی پێشوو بوویه‌تی، نه‌ی ماوه. دووهه‌م خه‌باتی چه‌كداری ناتوانێ له سه‌ر حیسابی خه‌ڵكێك بكرێ كه خه‌باتی چه‌كداری ئیمه بژارده‌ی ئه‌وان نییه. ئه‌گه‌ر له سنووره‌كانی كوردستانی عێراقه‌وه هێرش ده‌كه‌ێته سه‌ر هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی و ده‌گه‌ڕێیه‌وه، ئه‌ودیوی سنوور، ئه‌ویش سنوره‌كانیان له سه‌ر داده‌خات، مال و مه‌زرایان ئاگر تێبه‌رده‌دات. تۆڵه‌كه‌ی له خه‌ڵكی كوردستانی عێراق ده‌كاته‌وه. به تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوودا كه خه‌ڵكی كوردستان عێراق زۆر هه‌ژار بوون، له ژێر چه‌ندین گهمارۆدابوون. بارودۆخێكی یه‌گجار زۆر دژواری ئابووری به‌سه‌ریاندا زاڵ بوو، خه‌ڵك وای پێهاتبوو كه ده‌رگا و پهرنجهرهی ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌ردێنا و ده‌یفرۆشت بۆ به‌ڕێچوونی، بارودۆخێكی زۆر سه‌خت و دژوار بوو، له‌و بارودۆخه‌دا كۆماری ئیسلامیش گه‌مارۆی تازه‌ی ده‌خسته سه‌ریان، سنوره‌كانی لێ ده‌به‌ستن، نه‌یده‌هێشت خوارده‌مه‌نی و پێداویستییه‌كانی ژیان بێته ئه‌و دیو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ نمونه حكومه‌تی هه‌رێم، یان یه‌كێتی و پارتی، رێگریش نه‌بونایه ، ئێمه بۆمان نه‌بوو باجی خه‌باتی چه‌كداری خۆمان به سه‌ر خه‌لكی كوردستانی عیراقدا بسه‌پێنین كه بژارده‌ی خۆیان نه‌بوو. كه‌وایه سنوره‌كان بۆ ئێمه ئیمكان نه‌بوون. كه له مه‌رزه‌كان ئیمكان نه‌بوون له ناوه‌وه‌ی كوردستانیش. وڵات ملیتاریزه، بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریش له ژێر زه‌ختی دیكتاتوری دا كز ببو، ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه بچێت و بێ پشت به‌ستن به سنور و كه‌لك وه‌رگرتن له ئیمكانی گه‌رانه‌وه و حه‌سانه‌وه له ئه‌و دیوی سنوور ، به بێ پشت به‌ستن به شوێنی ئازادكرا‌و له ناوه‌وه، هه‌ر وا بمێنێته‌وه و جه‌وله بكات، مانای ئه‌وه بوو چاوه‌ڕێ بێت ڕۆژێك له ڕۆژان بكه‌وێته دا‌و و تێدا بچێت. هه‌ر بۆیه خه‌باتی چه‌كداری ناتوانێ ئه‌و گه‌رموگوڕیه‌ی ساڵانی پێشووی هه‌بێ كه ناوچه‌ی ئازادمان بوو و پشتی جبههیهك بوو كه تێیدا دهحهوایتهوه و ده‌توانی به بێ پشت به‌ستن به سنوور درێژه به چالاكی خۆت بده‌ی.
بۆیه ئێمه بڕیارمان دا چ حكومه‌تی هه‌رێم بیهه‌وێت، چ نه‌یهه‌وێت، چ ناكۆكی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی زۆر بێت و پی خۆش بێت بۆ نمونه تۆزێك ده‌رگامان بۆ بكاته‌وه، چ ناكۆكی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی كه‌م بێت، ده‌رگاكه‌مان لێ ببه‌ستێت، چ خۆمان بتوانین به په‌نایه‌كدا و به كهلێنێكدا بچینه ناوه‌و و دواجار به نه‌هێنی بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و ئیمكاناته‌ش بێت ، ئاماده نه‌بووین به‌و قیمه‌ته ئیدامه بده‌ین به حزوری پێشمه‌رگانه له ناوه‌وه‌ی وڵات. به‌ڵام ئه‌وه بابه‌تێكه، پاراستنی هێزی پێشمه‌رگه، وه‌كوو ڕێگایه‌ك له به‌رده‌م خه‌ڵكدا كه وه‌كوو یه‌كێك له میحوه‌ره‌كانی ستراتێژی ئیمه، بۆ پاراستنی ئه‌و هاوسه‌نگییه كه باسم كرد زه‌رووری بوو .كاتێك كه ئێمه ده‌ستمان دایه موقاومه‌ت بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و دیفاع له شاره‌كان هیچ سنورێكمان به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو، له كوردستانی ئیران پشتی جبهه‌ی خۆمان، ناوچه‌ی ئازاد كراوی خۆمان بوو. خۆ ئه‌گه‌ر سبه‌ی رۆژ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و خه‌باتی پێشمه‌رگانه ئیمكانی ئه‌وه بدات كه ناوچه‌ی ئازادمان بێت و زه‌روری بێت ئیدامه بده‌ین به‌و سیاسه‌ته‌ی كه باس كرا، ڕێگاكه ئاواڵه‌یه .
پرسیار: به له به‌ر چاوگرتنی ئه‌و واقعیتهی كه چه‌ند حیزبی سیاسی چه‌كدار له كوردستان چالاكیان هه‌یه ، به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی روداوه‌كانی ناخۆشی شه‌ری ناخۆ، خه‌لكی كوردستان نیگه‌رانن بۆ دووپات بونه‌وه‌یان. كۆمه‌له چ رێكارێك ده‌گرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی به خه‌لكی كوردستان بدات بۆ دوپات نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زمونه؟
وڵام: كاری ئه‌و خه‌لكه‌ی كه باسی ده‌كه‌ی ئه‌وه نییه كه هه‌ر نیگه‌ران بن، به‌ڵكوو ده‌بێ ده‌ستبه‌كار بن. چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و نیگه‌رانییه به راده‌یه‌كی زۆر به ده‌ست خودی ئه‌و خه‌لكه مه‌یسه‌ر ده‌بێ. با تۆزێك زیاتر له سه‌ر ئه‌و بابه‌ت بچین. ئه‌گه‌ر له سالانی ٥٨ تا ٦٣، له نیوان كۆمه‌ڵه و دیموكرانت یان شهر نه‌بوو یان ئه‌گه‌ریش وه‌كوو روداوگه‌لێكی جیاواز، لێره‌و له وێ روویان ده‌دا خێرا كونترول ده‌كرا، ته‌نها به هۆی ئه‌وه بوو كه هێشتا جه‌ماوه‌ری خه‌لك له كوردستان ئیمكانی ئه‌ویان هه‌بوو كه ئیراده‌ی خۆیان بۆ پێش گرتن له شهر نیشان بده‌ن. هێشتا ئه‌وه نه هێزی چه‌كدار به‌لكو جهماهوهر بوو كه هاو سه‌نگی هێزی دیاری ده‌كرد و له مه‌یدانی خه‌بات دا حزوری راسته‌و خۆی هه‌بوو. شه‌ری خۆێناوی و سه‌رتاسه‌ری نیوان دیموكرات و كۆمه‌ڵه سه‌رده‌مێك خولقا كه كه شاره‌كان و میحوه‌ره‌كان و شوێنه ئازاده‌كانی كوردستان، كه كه تێیاندا خه‌لك و پێشمه‌رگه تێكه‌لاوی یه‌ك بوون له ده‌ست چوون. ته‌نانه‌ت ناوه‌نده‌كانی ڕه‌هبه‌ری حیزبه‌كان گوازرانه‌وه بۆ ئه‌و دیوی سنووره‌كان، بۆ كوردستانی عێراق. كه‌وایه ڕێگا چاره‌ی مه‌سه‌له‌كه روونه. له سووره‌تێكدا ده‌توانین باس له پێش گرتن له‌و شه‌ره به شێوه‌یه‌كی قه‌تعی بكه‌ین كه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ئیمكانی ئه‌وه‌یان هه‌بێ كه ئیراده‌ی خۆیان نیشان بده‌ن. ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ری خه‌لك له شار و له دێ له كاتی گۆرانكاریه‌كاندا خێرا شوراكانی خۆیان پێك‌بێنن، دامه‌زراوه‌كانی مه‌ده‌نی خۆیان پێك بێنن، له ڕێگای دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان ئیراده ی خۆیان به‌كار بێنن، هێزی چه‌كدار بچته ژێر كونترولی دامه‌زراوه مهدنیهكانی هه‌لبژارده‌ی خه‌لك، ئه‌وه‌یه زه‌مانه‌تی قه‌تعی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زمونی تالی رابردوو. لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كهكۆماری ئیسلامی له چ پڕۆسهیهكدا ده‌ڕووخێت، یان گۆڕانكارییه‌كان له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا له چ پڕۆسهیهكدا ڕوو ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆسه‌یه ره‌وتی گه‌شه كردنی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری بێت، له شاره‌كان له كارگاكان له كارخانه‌كان له دێهاته‌كان، خه‌ڵك ڕاپه‌ڕن و ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕاماڵن، له‌و سوره‌ته‌دا هه‌ر له جه‌رگه‌ی ئه‌و خه‌باته‌دا خه‌ڵك دامه‌زراوه‌كانی دیمۆكراتیكی خۆیان پێك دێنن. ئه‌و پڕۆسه‌یه له هه‌مان كاتدا پڕۆسه‌یه‌كه كه تێیدا ئیتر حیزبی سیاسی چه‌كدار نییه كه بڕیار ده‌ره به‌ڵكو جه‌ماوه‌ره كه بڕیار ده‌دات. حیزبی سیاسیش به مه‌رجێك ده‌توانێ بڕیار ده‌ر بێت كه سه‌رنجی جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و خۆی ڕابكێشێ. كه ده‌نگی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی له پشت بێت. كاتێك ئێمه ده‌ڵێن راسته كه ئیستا خه‌لك له‌م بابه‌ته‌وه نیگه‌رانه، پێویسته ئه‌و نیگه‌رانییه واقعی بگوازرێته‌وه بۆ حیزبه سیاسیه چهككدارهكانیش. بۆیه به‌ڕاستی ئه‌وه ڕێگایه‌كی سه‌رڕاسته و ده‌بێ به رێگه‌یه‌ك دا بروین كه پڕۆسه‌ی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی، پڕۆسه‌یه‌كی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه بێت و له جه‌ریانی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی‌دا خه‌ڵك ئیراده‌ی خۆیان بنوێنن، خه‌ڵك بروا به خۆ په‌یدا بكه‌ن خه‌ڵك خۆیان رێك بخه‌ن تا پێشی ڕووداوی له‌و چه‌شنه‌ش بگرن. به‌عزه پڕۆژه‌ش ئیستا باس ده‌كرێت، مه‌سه‌له‌ن ده‌وترێت با هه‌ر له ئیستاوه هێزێكی چه‌كداری یه‌كگرتووی كوردستان پێك بێنین. ئه‌وانه‌ی ئه‌و دروشمانه ده‌هێننه گۆرێ، خۆشیان باش ده‌زانن به كرده‌وه ده‌رنایه‌ت. بۆچی وایه ههلدهگهرێتهوه بۆ ناوه‌رۆك و پێشینه و پێكهاته‌ی پێكهاته‌ی هێزه چه‌كداره‌كان و حیزبه‌كانیان. بۆ نمونه له كوردستانی عێراق دوای ٢٠ و چه‌ند ساڵ هێشتا هێزی ٧٠و ٨٠ یه‌كیان نه‌گرتۆته‌وه. ئه‌وه به‌شێكی ته‌بلیغاته، ده‌زانن خه‌ڵك نیگه‌رانه له جیاتی ڕێگا چاره‌یه‌كی واقعی، دروشمی خه‌یالاوی ده‌نینه به‌رده‌م خه‌لكێك كه بیروه‌ری ناخۆشی له شه‌ری ناوخۆ هه‌یه. له گه‌ل ئه‌وه‌ش دا پێم وایه ڕۆژێك له ڕۆژان هه‌ر ده‌بێ ئه‌وه بێته‌دی، ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌بێ هێزی چه‌كدار حیزبی جێگای خۆی بدا به هێزی چه‌كداری ژێر چاودێری ده‌سه‌ڵاتی شوڕاكان، ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری له كوردستان، ئه‌و كاته بابه‌تی شه‌ڕی ناوخۆ له كوردوستان، خوی له به خوی‌دا جێگه‌ی نیگه‌رانی خه‌لك نابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو، ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگای كوردستان و له كۆمه‌ڵگای ئێران له پڕۆسه‌ی گه‌شه‌كردنی خه‌باتێكی شۆڕشگێڕانه‌دا گۆڕانكاری پێك نه‌هات، له‌و حاله‌ته‌دا، به‌ڵێ ده‌بێ بیری تایبه‌تی بكه‌ینه‌وه وه من له ڕۆژی كۆمه‌ڵه‌دا باسم كرد وتم له ترافیك لاین دا چرای سورمان هه‌یه، چرای سه‌وزمان هه‌یه و چرای زه‌ردمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بڵێین سوره‌كه وه‌زعی ئێستا بێت، سه‌وزه‌كه شۆرش و راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری بێت، له‌و ناوه‌شدا حاڵه‌تێك هه‌یه كه ده‌بێ بیری لێ بكه‌ینه‌وه، ڕێگای بۆ ببینینه‌وه وه ئێمه هه‌ڵبه‌ت به خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێین كه له بیری ئه‌وه‌شدا هه‌ین. تا ئه‌و جێگایه‌ی پێوه‌ندی به ئیمهوهیه دڵنیا بن ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌قویه‌ت كه‌ن ئه‌گه‌ر ئێمه به‌هێز بین ئه‌و شه‌ره‌ی ئه‌وان لێی نیگه‌رانن روو نادات.
پرسیار: دوایین پرسیارم ئه‌وه‌یه ئاسۆی خه‌باتی پێشمه‌رگانه بۆ دوارۆژی كوردستان چۆن ده‌بینن؟ خه‌باتی پێشمه‌رگانه كۆمه‌ڵه له گۆرانكاریه‌كانی سیاسی دوارۆژی ئیران و كوردستان دا چ ده‌ورێك ده‌توانێ ببینێ.
وڵام: ئاسۆی ئێمه بۆ گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئێران‌دا گه‌شه‌كردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریه وه له جه‌رگه‌ی ئه‌و خه‌باته‌شدا گه‌شه كردنی هێزی چینی كرێكاره. خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری كه هه‌م كۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و هه‌م ڕێگا بۆ هه‌نگاوه‌كانی دوایی به‌ره‌و سوسیالیزم هه‌ڵگرین. ئێمه پڕۆژه‌یه‌ك یا ستراتیژیهكمان نییه كه به هیچ هێزێك غه‌یری هێزی جه‌ماوه‌ر پشت ئه‌ستور بێت. ئێمه پێمان وا نییه ئه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌یه كه ئازادی و ڕزگاری بۆ خه‌لكی كوردستان به دیاری ده‌بات و پێشكه‌شیان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌م هێزه جێگاوشوێنێكی دیاریكراوی له سه‌رجه‌م ستراتیژی ئێمه‌دا هه‌یه. ئه‌و جێگا و شوێنه گرینگه و ئێستا كه ڕۆژی پێشمه‌رگه‌یه ڕێزی لێ ده‌گرین. ئه‌و جێگه و شوینه‌مان پێشتر باس كرد. عه‌مه‌لیاتی چه‌كداری ئێمه له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێ ناكات كه كۆتایی هات. له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه له ١٣٥٨وه ده‌ستی پێكرد. ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه ده‌ست پێ بكاته‌وه، له كوێوه ده‌ستی پێكرد له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه. له كوێوه ده‌ستی پێكرد له كاتێكدا كه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به ڕاپه‌ڕینیان شاره‌كانیان ئازاد كرد وه هێزی پێشمه‌رگه و پێكهاتنی پێشمه‌رگایه‌تی له كوردستان ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی ئاسانتر كرده‌وه و پارێزگاری له ده‌سكه‌وته‌كان كرد. ئاسۆی خه‌باتی چه‌كداری ئێمه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌یكه چه‌نده خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له كوردستان په‌ره‌ده‌ستێنێ وه چه‌نده ئه‌و خه‌باته جه‌ماوه‌رییه ته‌نگ به هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی، ته‌نگ به داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ڵده‌چنێ، وه ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه وا ده‌گۆڕی كه ئه‌و جاریش ده‌ورێك بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ش په‌یدا بێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ش ده‌وری خۆی ده‌نوێنێ. به‌ڵام بێجگه له‌وانه خالێك كه زۆر گرینگه سه‌باره‌ت به بون و ئیدامه‌كاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌وه‌یه كه ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژین، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌كی پڕ شهڕوشوڕه، پڕ پڕه له داروده‌سته‌ی چه‌كدار، له هیچ وڵاتێك له‌و وڵاتانه چاوه‌رۆانی ئه‌وه ناكرێ كه بۆ ڕۆژێكیش دیمۆكراسی و ئازادی و مافی جه‌ماوه‌ر خۆی له خۆیدا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ڕه‌سمی بناسرێت. له وه‌ها مهنتهقهیهكدا كۆمۆنیسته‌كان نابێ ئه‌و به‌شه له كۆمه‌ڵگا بن كه بكرێ به ده‌ست به‌ستراوی بیانبه‌نه قوربانگا. ده‌بێ به هه‌موو وه‌سیله‌یه‌ك خۆیان ته‌یار كه‌ن تا نیشانی بده‌ن كه له كاتی خۆیدا ئه‌وانیش ده‌توانن دیفاع له خۆیان بكه‌ن، له مه‌وجوودیه‌تی خۆیان دیفاع له خه‌ڵكی خۆیان بكه‌ن. پاراستنی هێزی چه‌كداری كۆمه‌ڵه له‌و ناوچه‌یه‌دا بێجگه له هه‌موو ئه‌و زهرورهتانهی كه تا ئێستا باسمان كرد خۆی له‌خۆیدا سه‌نگه‌ر بهندییكه بۆ دوا ڕۆژی فه‌عالیه‌تی كۆمۆنیستی له كوردستان.