سۆمار؛ تەقینەوەی مین، بووه هۆی برینی قووڵ و کەم‌ئەندام بوون

Print Friendly, PDF & Email

‏ک.م.م.ک

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەد و ئیرەج مەحمودی، تەمەن ٥٠ و ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی وێژەنان-ی سەر به شاری گیلان‌غەرب له کرماشان، بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینه بەجێماوەکانی شەڕی ئێراق و ئێران لە ناوچەی بان سارات، هەڵکەوتوو له هێڵی سنووریی، بە سەختی بریندار بوون و بووه هۆی کەم‌ئەندامی ئەو هاووڵاتییانە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتی ئیرەج مەحمودی له سەری و دەموچاویدا بە سەختی بریندار بووە و هاووڵاتی محەممەد مەحمودیش کە دەست و قاچەکانی بریندار ببوون، قامکەکانی قاچی لە دەست‌ داوە. سەرچاوەکە له درێژەی هەواڵەکەدا، ئاماژەی بە بۆچوونی پزیشک کرد کە گۆیا مەترسی بە ناچار بڕینەوەی هەردوو قاچی ئەم هاووڵاتییە لە ئارادایه.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتیانە بە مەبەستی چارەسەری بۆ ناوەندی پارێزگای ئیلام گواستراونەتەوە و پزیشکەکانیش بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و سەختی برینەکانیانەوە، ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ناردنیان بۆ کرماشان یان تاران.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو مین-انەی کە لە شەڕی نێوان ڕژێمی ئێران و ڕژێمی بەعس بەجێماون، ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون و کەم‌ئەندام بوونی هاووڵاتییان لە کوردستان. لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران نەک هەر بڕیارێک بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو مینانە نادات، تەنانەت شایەتحاڵەکانیش باس له چاندنی مینی نوێ لەم ناوچە سنوورییانە دەکەن. بە هۆی ئەو شێوە ژیانەی ناوچە کوردییەکان و پەرەپێدانی تایبەتیی کۆڵبەری، له ئەنجامی ئەو هەژارییە سیستماتیکییە سەپێنراوە بە سەر نەتەوەی کورددا، ساڵانە خەسارێکی گیانی زۆر له خەڵکی کوردستان لەو ناوچە سنوورییانە دەکەوێ.

خ.ع

Original Article

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net