بژی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار

Print Friendly, PDF & Email

ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ ی مانگی گوڵان رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکاران خۆی بەسەر ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوە. ڕژیمی سەرمایەی کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە ساڵەکانی یەکەمی دوای ڕاپەڕیندا، ناچار بوو بە وەجوڵە خستنی لەشکریانی حیزبواللە بە هەراو هوریای” کرێکار، ئیسلام پشتیوانی تۆیە”، بە شێوەیەکی ڕیاکارانە دانی بە گرنگی و هەیبەتی ئەوەڵی مەیدا نا. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵەکانی دواتردا ناچار بوون بە ڕاگرتنی بە کردەوەی کار لە ئەوەڵی مەی لە لایەن بەشێک لە کرێکاران واتە کرێکارانی پیشەسازی و کارخانە دەوڵەتیەکانەوە سەرەڕای یاسای ڕاگەیەندراویان و ئەویش لەوپەڕی هێرشی پۆلیسی بۆسەر بزوتنەوەی کرێکاریدا ڕەسمیەت بدات. ڕژیمی ئیسلامی لە هەمان ساڵەکانی یەکەمەوە هەوڵیداوە تا لە ڕێگای کۆبوونەوە فەرمایشیەکانەوە، رۆژی جیهانی کرێکار بکاتە مەڕاسمی خەڵەتاندن و ترس و سوکایەتی بە جەماوەری کرێکاران. ڕژیم ساڵانێکە لە هەوڵێکی فریوکارانەدایە، بە جێگای رۆژی کرێکار” حەفتەی کرێکار”ی دیاری کردوە. بەپێی ئەم حیلەگەریە” حەفتەی کرێکار” هەموو ساڵێک لە حەفتەیەک پێش لە یەکی ئایار رۆژی جیهانی کرێكارەوە دەستپێدەکات و لەم رۆژەدا کۆتایی دێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیلنا، ئەمساڵیش کۆبونەوە سەرەتاییەکان سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی بەرنامەکانی” حەفتەی کرێکار”ی ٩٨ بەڕێوەچوون. لەم کۆبوونەوانەدا کە بە ئامادە بوونی تەشەکولە زەردە دەوڵەتیەکان و بە سەرپەرستی عەلیڕەزا مەحجوب بەڕێوەچوون، جاوپێکەوتن لەگەڵ وەلی فەقیە و نوێ کردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئاڕمانەکانی خومەینی و مسابەقاتی قورئانی کۆمەڵگای کرێکاری لە رۆژی یەکی” حەفتەی کرێکار”دا و لە رۆژەکانی دوای بەرنامەی دیداری کرێکاران لەگەڵ بەڕاجعی گەورەی تەقلید، دانانی کات بۆ تەرحی داخوازی و بابەتە کرێکاریەکان لە تریبوونەکانی نوێژی هەینیەوە لە ئاستی وڵاتدا؛ جێکردنەوەی بەرنامە بۆ بەسیجی کرێکاری؛ گونجاندنی دروشم لە ڕاستای پەرەدان بە بەرهەمهێنان و هەروەها ناڕەزایەتی بە دانانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لیستی گوروپە تیرۆریستیەکاندا لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە و هیتریان خستۆتە دەستوری کاری تەشەکولە دژی کرێکاریە حکومەتیەکانەوە.

بەم جۆرە لە هەموو ماوەی ٦ رۆژەکەدا لە ڕێگای ئامرازە دەوڵەتیەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمی بە دڵی ڕژیم و خاوەنکاران ئامادەکاری دەکرێت تا رۆژی حەوتەم ئیتر هیچ نیشانەیەک لە تێکۆشان، لە ناڕەزایەتی و لە پێشکەوتنخوازی لە مەڕاسمێکدا کە بەڕێوەدەچێت بەدی نەکرێت. لەم روەوە جەماوەری کرێکاران دەبێ بۆ بایکۆتی قەتعنامەکانی، ئەم بەرنامە و کۆبوونەوە دژی کرێکاریانە تەیار و ئامادە بکرێن. تەحریم کردنی ئەم بەرنامە و کۆبوونەوە زەرد و فەرمایشیانە واتە ئەو کۆبوونەوانەی کە چ ڕاستەوخۆ و لە لایەن کەسانی سەربە ڕژیم و چ بە دروشم لە تەئیدی ڕژیم، لە لایەکەوە و یان بە دخاڵەتی خانەی کارگەری ڕژیم، ئەنجومەن و شوڕا ئیسلامیەکان بەڕێوە ئەچن، بەشێکی جیانەکراون لە بانەگەواز و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی. ئەوەڵی مەی خاوەن مێژویەکی دەیان ساڵە و سونەتێکە کە خۆی بۆتە هێزێکی مادیی گەورە.

بەڕێوەچوونی مەڕاسم و بەرپا کردنی کۆبونەوەی سەربەخۆی کرێکاری لە رۆژی یەکەمی مانگی مەیدا، مێحوەر و ئەساسی بانگەوازی ئێمەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم هەمایشە نێونەتەوەییە کرێکاریە. ئەوەی کە ئەم بانگەوازە لە چ شکڵێکی دیاری کراودا ڕێکدەخرێن و بەکردەوە دەردێن، بابەتێکە کە تا ئاستێکی زۆر بەستراوەتەوە بە بارودۆخ و حاڵ و هەوای دیاری کراوی هەر شوێن و ناوچەیەکەوە، فابریک و پلەی ئامادەیی تەشکیلاتی و پێوەندی خەباتکارانە لەنێو هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریدا بوونی هەیە. لەم بوارەدا ئەوەی کە ئێمە وەک ڕێنماییەکی گشتی و سەرتاسەری دەتوانین جەختی لەسەر بکەینەوە بانگەواز لە هەموو کرێکاران، بنەماڵە کرێکاریەکان و ئینسانە ئازادی خواز و تێکۆشەرەکانە تا مەڕاسم و کۆبوونەوەکانی رۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ ی مانگی گوڵاندا بەشداری بکەن. نەچن بۆ کارخانە و شوێنی کار و لەهەمان حاڵدا هەوڵ بدەن مەڕاسم و کۆبوونەوەی شکۆدارتر بەڕێوەبەرن.

لە رۆژی یەکی ئایاردا، لەسەر بەستێنی سوننەت و تێکۆشانێکی ئەنترناسیۆنالیستی، کرێکاران هێزی ڕەزمەندە و یەکگرتوی خۆیان بە هێنانەگۆڕی هەنووکەیی ترین داخوازیەکانیان لە بەرانبەر بۆرژوازی و دەسەڵاتی حاکمدا ڕادەگرن. کرێکارانی ئێران لەم رۆژردا و لە قەتعنامەکانی خۆیاندا لەسەر داخوازی زیاد کرانی حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی، ئازادی دروست کردنی تەشەکولە کرێکاریەکان و ئازادی زیندانیای سیاسی وەک هەنوکەیی ترین داخوازیەکانیان جەخت دەکەنەوە. پێداگری لەسەر ئەم داخوازیە هەنوکەییانە نیشانەی ئەوەیە کە چینی کرێکاری ئێران بە هەموو هێزیەوە لەسەر مافی ئینسانی جەماوەری کرێکار و بێبەشی کۆمەڵگا بۆ بەهرەمەند بوون لە ئاسایش و ڕیفاه جەخت دەکاتەوە و ئاڵای خەبات لەدژی ئەم بارودۆخە نەکبەتبارەی لێبڕاوانە لە دەست دایە.

لە لایەکی دیکەوە، جەخت کردنەوە لەسەر ئازادی تەشەکولە کرێکاریەکان و ئازادی زیندانیانی سیاسی نیشانەی پێشڕەو بوونی چینی کرێکارە لە خەباتدا بۆ دەستەبەر کردنی ئازادیە دیموکراتیکەکان. جەخت کردنەوە لەسەر دروست کردنی تەشەکولە کرێکاریەکان و داخوازی ئازادی زیندانیانی سیاسی بەشێک لە داخوازی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسیە. تەرحی ئەم دروشمانە و چڕ بونەوەی هێزەکانی چینی کرێکار بۆ داسەپاندنی بەسەر ڕژیمدا، هەروەها بەم واتایەیە کە ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری عەزمیان بۆ نواندنی دەور و نەخشی مێژوویی خۆیان لە ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران ڕاگەیاندوە. چینی کرێکار ئەو زەرفیەت و پوتانسیەلەی هەیە تا بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی چین و توێژە ستەم لێکراوەکانی جەماوری خەڵکی بێبەش، کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەرن.

بەڕێوەچوونی مەراسمی یەکی مەی ئاکسیۆنێکی چینایەتیە. ئەم جەخت کردنەوەیە لەم روەوە پێویستە کە بەباشی روون بێتەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک خوازیاری” ئاکسیۆنێکی حیزبی و سازمانی” پەڕاوێز خراو و جیا لە حەرەکەتی چینی کرێکار، ئاکسیۆنێک کە نەک لەسەر بنەمای حەرەکەتێکی وشیارانە و ڕاستەخۆی جەماوەری کرێکاران، بەڵکو لەسەر بنەمای حەرەکەتێکی جوداگانەی سازمانی پێکهاتەوە، نین. لەم ڕوەوە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە سەرەڕای ناکۆکیەکی سیاسی و نەزەری کە بەیەکەوە هەیانە بۆ سازماندەهی نمایشی هەکێتی چینی کرێکار لە یەکی ئایاردا بە یەکەوە هاوکاری و یەکێتی کرداریان هەبێت. بەرژەوەندی چینی کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا ئەم جۆرە یەکێتی کردارییە و هاوکاریانەی زەروری تر کردوە. هەڵسوڕاوانی کومونیست دەبێ نیشانی بدەن کە هیچ بەرژەوەندیەکی جیاواز لە بەرژەوەندی چینی کرێکاریان نییە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net