تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی ئیسڕائیل و حەماس

Print Friendly, PDF & Email

كامران مه‌تین:  
تۆ ناتوانی بۆردومانی سنه و سابڵاغ و کوشتنی خەڵکی سیڤیل له ٨٠–١٩٧٩ له لایەن ڕژیمی ئێران مەحکوم بکەی بەڵام بۆردومانی غەزه لهلایەن ئیسراێیل و کوشتنی خەڵکی سیڤیلی فەلەستینیت پێ ئاسایی بێ چونکه حەماس له ناو خەڵک دا خۆی حەشار داوه. خۆ له سنه و سابڵاغیش پێشمەرگه له ناو شار و خەڵک دا بوون. تێرۆریست بوونی حەماس و ناتێرۆریست بوونی پێشمەرگه شتێک لەم دوخه ناگۆڕێ. ئەوەیکه خەڵکی سیڤیل [بێ چەک] نابێ بکرێته ئامانجی هێڕشی چەکدارانه نە تەنیا بنەمایەکی ساکاری ئەخلاقیه بەڵکوو یاسایەکی ڕەسمی ناونەتەوەییە که هەم ئیسڕائیل و هەم ئێران به ڕەسمی قەبووڵیان کردووه.

تۆ ناتوانی گەمارۆی شارەکانی کوردستان له لایەن کۆماری ئیسلامی له کاتی شەڕی نێوان پێشمەرگە و دەوڵەت له دوای شۆڕشی ١٩٧٩ مەحکوم بکەی بەڵام بڕینی ئاو و کارەبا و بەنزین له سەر خەڵکی غەززەت پێ ئاسایی بێ.تۆ ناتوانی کوشتاری قارنێ و قەڵاتان مەحکوم بکەی بەڵام کوشتاری نەخۆشخانەکان و کەمپی ئاوارەکانی فەلەستینیت له غەززە پێ ئاسایی بێ. تۆ ناتوانی حیسابی موفتی زاده و سوپای ڕزگاری له دۆزی ڕەوای میللەتی کورد و کوردستان جیا بکەیەوە بەڵام حەماس و دۆزی نەتەوەیی فەلەستینت لا یەک شت بێ.

تۆ ناتوانی هاوکات کوردێکی نەتەوە پەروەر بیت و دژی ئەم یا ئەو حزبی کوردی هەڵوێست بگری و ناتەباییەک لەم هەڵوێسته دا نەبینی بەڵام هەمان لۆژیک بۆ پەیوەندی نێوان حەماس و دۆزی نەتەوەیی فەلەستین فڕێ بدەی.تۆ ناتوانی داگیرکاری کوردستان له لایەن دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، سوریا، عێراق مەحکوم کەی بەڵام داگیرکاری فەلەستین له لایەن ئیسڕاێیل نەبینی و لات سروشتی بێت.

ئەم بیرۆکەیە که بۆ وێنه دەڵێ چونکه حەماس پشتیوانی ئەردۆغان بووه له داگیرکردنی ‎عەفرین، یا چونکه فەلەستینی له عەفرین لهلایەن تورکیا نیشتەجێ کراون کە وایه قەیناکا با فەلەستینی بکوژرێن له ناخی خۆی دا جیاوازیێکی ئەوتۆی نیه له گەڵ ئەم بۆچوونه که دەڵێ کورد حەقی خۆیەتی ‎ئەنفال بکرێ چونکه پاڕتی و یەکیەتی دژی عێراق هاوکاری ئێران بوونه.

ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگره که زۆرێک لەو لایەن و کەسانەی که خۆیان به «چەپ» پێناسه دەکەن، جا چ لە ئوروپا و ئەمریکا و چ لە ئێران و ناوچه، و ئێستا دژی کوشتنی به کۆمەڵی فەلەستینیەکان هەڵوێست دەگرن، بەرامبەر به کوشتنی به کۆمەڵی کوردان و وێرانکردنی کوردستان بێدەنگ بوونه. بەڵام ڕێگای بەرپەرچدانەوەی ئەوان ئەوە نیه که پشتیوانی ئیسراێیل له کوشتنی فەلەستینیان بکەی بەڵکوو ئەوەیه که دژایەتی و ناتەبایی هەڵوێستەکانی ئەوان لە قاو دەی و شەرمەزاریان کەی.

فەلسەفە و لۆژیکی داواکاری ڕزگاری و ماف بۆ نەتەوەی داگیرکراوی خۆت ناتوانێ کاکڵێکی یونێوێرساڵی [universal] نەبێ و دژی داخوازی ڕزگاری و مافی نەتوەیەکی داگیرکراوی تر بێ حەتتا ئەگەر ئەم نەتەوەیه یا هێزه سیاسیەکانی ئەم نەتەوەیه پشتیوانی له دۆزی نەتەوەی تۆ نەکەن. له شڕۆڤەی کۆتایی دا پەیوەندی نێوان نەتەویی بوون و ناونەتەوەیی بوونی (internationalism) پێشکەوتنخواز و یەکسانیخواز پەیوەندیەکی لۆژیکی و دیالێکتیکیه و ناتوانن بە بێ یەک بوونیان بێ.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net