سەبارەت بە زەرورەتی لێک هەڵپێکرانی خەباتی خانەنشینانی ئەمڕۆ لەگەڵ کرێکارانی لەسەرکاری ئێستا و خانەنشینانی سبەینێ

Print Friendly, PDF & Email

ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ١٤ و ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، لە چەندین ناوەندی نەوت و گاز و پترۆشیمی لە باشوور، لەوانە پترۆشیمی چابەهار، شیرکەتی وەبەرهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری، شیرکەتی نەوتی “فەلاتی قاڕە” لە دوورگەی خارک، شیرکەتی نەوتی “فەلاتی قاڕە” لە سیری و شیرکەتە نەوتییەکانی ئەهواز، مانگرتن و ،کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. هەروەها خانەنشینانی بەشی فەرهەنگی و پەیوەندییەکانیش لە نزیکەی ٢٠ پارێزگا ڕێپێوانیان کرد و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوەندەکانى پارێزگاکان، لەوانە لە شارەکانی ساری، تەورێز، تاران، خوڕەماباد، ئەراک، شەهریکورد، ڕەشت، مەریوان، ئیلام، ئەردەبیل، سنە، ئیسفەهان، ئەهواز، زاهیدان، قەزوێن و هتد… بەڕێوەچوون. ئەو ناڕەزایەتییانە لە بەشێک لەو شارانە، لەوانە لە تاران، ئەهواز، ڕەشت و هیتر…، بەشێوەی ڕێپێوان لە ئاستی شاردا بوو. لە کاتێکدا هەموو هەفتەیەک ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە، بەشە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە زۆرێک لە شارەکان دێنە سەرشەقام، بەرپرسانی ڕژیم هیچ وڵامێک بە داواکارییەکانیان نادەنەوە، لە هەمان کاتدا دام و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم بێکار دانەنیشتوون و له بانگهێشتکردن و لێپرسینەوه و هەڕەشەکردن لێیان غافڵ نابن. به‌ڵام ئەو هەڕەشه و گوڕەشانە تا ئێستا نەیتوانیوه خانەنشینە مافخوازەکان ناچار بکات کە واز له بەدواداچوونی مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان بێنن. خانەنشینان و مووچەخۆران چەندین جار لیستێک لە داواکارییەکانیان ڕاگەیاندووە، داواکاریگەلێکی کە لانیکەمی پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین دەکات. کرێکارێکی خانەنشین کە بە فرۆشتنی هێزی کارەکەی بە نرخێکی هەرزان، بەشێکی زۆر لە ژیانی خۆی تێپەڕ کردووە، مافی خۆیەتی ئەو چاوەڕوانییەی هەبێت کە لە دوایین ساڵەکانی ژیانیدا بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی، جارێکی دیکە ناچار نەبێت ببێتەوە کۆیلەی کرێگرتە و دوا ساڵەکانی تەمەنی لە بەشە نافەرمیەکاندا بەسەر ببات. زۆربەی هەرەزۆری خانەنشینەکان لە زومرەی هەژارترین کەسانی کۆمەڵگای ئێرانن و زۆرینەی ڕەهای ئەوان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ناڕەزایی خانەنشینان لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا نەک هەر تەنیا ناڕەزایەتییەکی سنفی نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا خەباتە لەپێناو باشترکردنی ئەو هەلومەرجەی کە لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا لەبەردەم کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەمڕۆدایە. ملیۆنان کرێکار وێنەی داهاتووی خۆیان لە ڕووخساری خۆیاندا دەبینن و ئەم وێنە کارەساتبارە نە شایستەی خانەنشینانە و نە شایستەی ئەو کەسانەشە کە سبەی ڕۆژ دەکەونە دۆخێکی لەو چەشنەوە. ڕێک لەم گۆشەنیگایەوە داواکاری خانەنشینان داواکارییەکن کە بەستراوەتەوە بە چارەنووسی دەیان ملیۆن کەس لەم کۆمەڵگایەدا و هەروەها هەر لەم گۆشەنیگایەوەیە کە هاودەنگی و پشتیوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان و ژینگەپارێزان لە خانەنشینان، گرنگییەکی تایبەتی دەبێت. زاڵبوون بەسەر ئەو پرشوبڵاوییەی ئێستای بزووتنەوەی خانەنشینان و یەکخستنی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانیان و هەماهەنگی بزووتنەوەی خانەنشینان لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخواز و مافخوازەکانی دیکە، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە. شەرمەزاری بۆ ئەو ڕژیمەی کە بەم شێوەیە تەنگی بە ملیۆنان خانەنشین هەڵچنیوە و ناچاریان دەکات لە تەمەنێکدا کە دەبێ سەردەمی بەساڵاچوونی خۆیان بە ئارامی تێپەڕ بکەن، بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان بێنە سەرشەقام. داواکاری گشتی کرێکاران لەم ناڕەزایەتیانەی ڕۆژانی ڕابردوودا بریتین لە هەمان داواکارییە بەدینەهاتووەکانی مانگرتنەکانی ساڵی ڕابردوو ڕێک لەم سەروبەندەدا. زیادکردنی حەقدەستەکان، نەهێشتنی دەڵاڵەکان، سەپاندنی گرێبەستی داییمی و ڕاستەوخۆ بەسەر خاوەنکاراندا و جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان، لە زومرەی داواکارییە بەردەوامەکانی کرێکارانی ناڕازییە لە هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری ئێراندا. داخوازییەکانی کرێکارانی گرێبەستی نەوت و پترۆشیمی لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیاندا داواکاریی سەرجەم چینی کرێکاری ئێرانە. زیادکردنی حەقدەست، کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کار، ئەمنییەتی شوێنی کار و ژیان، ئەمنییەتی پیشەیی، مافی ڕێکخراوبوون، پێدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا و هتد…، کە بە وردی لە داخوازی کرێکارانی مانگرتوودا دیاریکراون، لە زومرەی ئەو داواکاریانەن کە کرێکاران لە سەرانسەری ئێران لەپێناو بەدەستهێنانیدا بەردەوام خەباتیان کردووە و خەبات دەکەن. ئەگەرچی ڕژیمی خاوەنکاران، بەوپەڕی تواناوە و بە پشتبەستن بە هێزی سەرکوت و هەژارکردنی کرێکاران، لەبەرامبەر داواکارییەکانیاندا دەوەستێتەوە و هەرچەندە دەوڵەت داواکاری خانەنشینکراوان پشت گوێ دەخات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ڕاستییەش بەرچاو دەکەوێت کە کرێکاران و خانەنشینان لە قوتابخانەی ناڕەزایەتی و مانگرتندا وانەی بەنرخ فێر دەبن و زیاتر دەرک بە گرنگی دەستکەوتەکانی تا ئێستایان دەکەن. لەسەر بەستێنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانە، پێشڕەوان و ڕێبەرانی خۆیان درووست دەکەن. ڕێبەرانێکی کە لە پڕۆسەی ئەم خەباتە بەردەوامەدا توانایی و پتانسێلی ئەوە بەدەست دەهێنن کە خۆیان لە سەرەوەی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکاندا ببیننەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net