هەر کەس بەشوێن ئامێری مۆسیقاوەیە دەتوانێ لە ئێران بڕوات!

Print Friendly, PDF & Email

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەز کازم مووسەوی، جێگری سەرۆکی یەکەمی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی یازدەهەم لە وتووێژ لەگەڵ سایتی “دیدەبانی ئێران” وتی: “کەسانێک کە بەشوێن ئامێری مۆسیقا یان مەیلی شەخسیی خۆیانەوەن، وڵاتانی دیکە هەن، دەتوانن لە ئێران بڕۆن.” کەمێک بەر لە وتەکانی ناوبراو، مێهدی میرئەشرافی، سەرۆکی گوومرکی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا، قەدەغەبوونی هاوردەکردنی ئامێری مۆسیقای بۆ ئێران ڕاگەیاندبوو. ناوبراویش وتی: “١١ کانتیرنێر ئامێری مۆسیقا و چاویلکەی دژەخۆرمان بەهۆی کەوتنە ناو لیستی کاڵای قەدەغەکراوەوە، گەڕاندووەتەوە ئەو شوێنانەی کە لێی هاتبوون”.

لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٣دا، محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی وێڕای ڕاگەیاندنی پێکهێنانی حیزبی ڕەستاخیزی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی هەموو حیزبەکانی ئەو سەردەم، بە فیز و بەرزەدەماخییەکی نەزانانەوە ڕایگەیاند کە هەرکەس دژی بڕیاری تاکەکەسی و دیکتاتۆرانەی ئەوە، دەتوانێ لە ئێران بڕوات. چوار ساڵ پاش ئەم وتانە، لەژێر گوشاری خەباتی جەماوەری ملیۆنیدا، هەرچەند شا پەشیمان ببۆوە و بەقەولی خۆی دەنگی شۆڕشی خەڵکی بیستبوو، بەڵام خۆی و بنەماڵەکەی ناچار بوون بەپەلە لە ئێران ڕابکەن و دەسەڵاتێک کە بەزەبری زۆر و ئەشکەنجەی ساواک ڕایانگرتبوو تێکشکا.

ئەگەر غرووری دیکتاتۆرانەی شای ئەو وەختی ئێران تراژیک بوو، دووپات کردنەوەی ئەم وتانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا کۆمێدییەکی گاڵتەجاڕییە و هیچی تر. ئەم وتانە بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چلۆن دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی لە ئێران ناتوانێ لە زەروورەتی زەمانەی خۆی تێ بگات. دیکتاتۆریی شا ناچار بوو بەهایەکی قورس بۆ نەفامیی مێژوویی خۆی بدات و ئەمڕۆ دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامیش لە بەردەم دووپات کردنەوەی ئەم مێژوویە دایە.

شا کە سەرمەست لە بردنەسەرەوەی نرخی نەوت و بە پشت بەستن بە سەرکوتی ساواک و سەرنێزەی ژێنێڕاڵە نیزامییەکان، نەیارانی خۆی زیندان و ئەشکەنجە دەکرد و دیکتاتۆریی تاکەکەسی و پاشایەتیی بەسەر وڵاتدا زاڵ کردبوو، چوار ساڵ پاش وتەی نەزانانەی خۆی، لە حاڵێکدا کە دەست و پێوەندەکانی بە چەمەدانی پڕ لە پارە و زێر و زێوەوە لە ئێران دەبردە دەر، سەرۆک وەزیرانی چەندین ساڵە خۆی عەباس هۆوەیدا و زۆرێک لە سەرانی لەشکری و حکوومەتیی جێهێشت و لە ئێران هەڵات. بینیمان کە هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە حکوومەتی ئیسلامی، یارانێک کە وەفادارانە خزمەتی شایان کردبوو بە ناسپاسیی تەواوە، بەتەنیا هێشتەوە. ئەوان هەر هەموویان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە ئێعدام کران.

دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی کە دوژمنایەتییەکی ئاشکرای لەگەڵ مۆسیقا، هونەر، ئەدەبیات و هەر دیاردیەکی شادی خوڵقێن هەیە، کاری گەیاندووەتە جێگایەک کە لە تاڵەبانی ئەفغانستانیش وەپێش کەوتووە و بەربە چاویلکەی دژەخۆریش دەگرێت. لەوەش گاڵتەجاڕیتر ئەوەیە کە داوا لە نەیارانی خۆی دەکات کە ئێران جێ بهێڵن.

ئاخوندە ورد و درشتەکانی حکوومەتی ئیسلامی و کارگێڕانی فریوکار و گەندەڵ کە قاتڵی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران و ناوچەکەن، وەخت و بێ وەخت نەیارانی حکوومەتی ئیسلامی، ناڕازیانی دژبەری یاسای ئیجباریی شەریعەتی شیعە، ڕەخنەگرانی تیرۆریسمی ئیسلامی و جەنایاتکارانی ناوچەیی، بۆ کۆچکردن و جێهێشتی ئێران دەخەنە ژێر گوشارەوە.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، موعەلیمان، خانەشنینکراوان، ژنان، خەڵکی کوردستان، کۆڵبەران، کەمینە نەتەوەیی و زمانییەکان، هۆنەرمەندان و شاعیران، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەکانی دیکە کە زۆربەی هەرەزۆریان لە ڕژیمی ئیسلامی بێزارن، چۆن و بۆچی دەبێ ئێران جێ بهێڵن و بەرەو کوێ بڕۆن؟ ئەم وڵاتە هی خەڵکە و ئەگەر کەسێک قەرار بێت لە ئێران بڕوات ئەوە داگیرکەران و جەنایەتکارانن کە خەڵکی ئێرانیان گرفتاری هەژاری و فەلاکەت، زیندان و بێ مافی کردووە. ئەوانن کە دەبێ لە بەرامبەر عەداڵەتی جەماوەری ئێراندا بە موحاکمە بکێشرێن و سزای شیاوی خۆیان وەربگرن. هەر وەک چۆن ئێران هی بنەماڵەی پاشایەتی نەبوو و شا و دارودەستەکەی ناچار بوون لە ئێران ڕابکەن، ئەم وڵاتە هی ئاخوندی گەندەڵ، دز و کۆنەپەرست و دەسەڵاتدارانی جەنایەتکاری ئیسلامیش نییە و دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە باندی دەسەڵاتداری ئێستای ئێران لە دەست جەماوەری ڕاپەڕیو و ستەملێکراو ناچار بە ڕاکردن بن و بەهای قورسی نزیکەی نیو سەدە جەنایەت و بەربەرییەتی خۆیان بدەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net