ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا

Print Friendly, PDF & Email

ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا

ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا

22:34 – 18 January 2024

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٠٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا سزای سێدارەی لانی کەم ٨٢٩ بەندکراو لە بەندیخانە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ٦ کەسیان لە شوێنی گشتیدا لەسێدارە دراون. هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٢٢ ژن و ٥ منداڵ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەم ئامارە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا سزای سێدارەی ٥٤٠ بەندکراو تۆمار کرابوو، ٢٨٩ حاڵەت واتە ٥٣.٥٪ زیادی کردووە. سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لە ٣١ پارێزگای ئێران جێبەجێ کراون و زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی بەندکراوان لە پارێزگای ئەلبورز تۆمار کراوە کە ١٦٦ کەس لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایە لەسێدارە دراون.

لە کۆی گشتیی ئەو ٨٢٩ بەندکراوەی کە جێبەجێکرانی سزای سێدارەیان لەلایەن هەنگاو تۆمار کراوە، ناسنامەی ٦٧٨ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و هەنگاو زانیاریی تەواوی لەسەریان هەیە، هەروەها هەنگاو سەرقاڵی بەدواداچوون لەسەر ناسنامەی ١٥١ کەسی دیکەیانە.

لەم ڕاپۆرتەدا، جگە لە ڕاپۆرتە تایبەتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و زانیاریی هاوکارانمان لە ناوخۆی کوردستان و ئێران، بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگاندنی زانیارییەکان، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە، گیراوە و هەروەها لە زانیاری و بەڵگەی چەند ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران چالاکن و جێی متمانەی هەنگاون، کەڵک وەرگیراوە.

هەندێک لەو دۆسیەگەلەی کە لەلایەن ئەم ڕێکخراوانەوە بڵاو کراونەتەوە و لەلایەن هەنگاو پشتڕاست نەکراونەتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە. بەهۆی نەبوونی ڕوونکاری و شەفافیەت ئەو مەترسیی زۆر لە ئەگەری ئاشکراکردنی دۆسیەی لەسێدارەدراوان لەسەر داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنیدا، ئەم ئامارە هەموو ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لەسێدارە دراون ناگرێتەوە و بەدڵنیایییەوە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن.

ئەم ڕاپۆرتە لە یازدە بەشی جیاواز هاوکات بە خشتە و هێڵکاری ئامادە کراوە پێکهاتووە

بەشی یەکەم: جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکانیان.

بەشی دووەم: جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و ئایینی.

بەشی سێیەم: لەسەر لەسێدارەدانی منداڵانی تۆمەتبار.

بەشی چوارەم: لەسەر پرسی لەسێدارەدانی ژنان.

بەشی پێنجەم: جیاکردنەوە بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان.

بەشی شەشەم: لەسەر لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد.

بەشی حەفتەم: لەسەر لەسێدارەدانی بەندکراوانی بەلووچ.

بەشی هەشتەم: لەسەر لەسێدارەدانی بەندکراوانی هاووڵاتیی ئەفغانستان.

بەشی نۆیەم: جیاکردنەوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەپێی پارێزگاکان.

بەشی دەیەم: لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە شوێنە گشتییەکان.

بەشی یازدەیەم: دەرەنجام

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەگوێرەی تۆمەتەکان

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی هەنگاو؛ لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین حاڵەتی لەسێدارەدان پەیوەندی بەو کەسانەوە هەبووە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە. ٥٦٪ی دۆسیەکانی لەسێدارەدان لە ساڵی ڕابردوودا کە دەکاتە ٤٦٤ کەس، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ماددە هۆشبەرەکان: ٤٦٤ کەس، دەکاتە ٥٦٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

چالاکیی سیاسی و ئایینی: ٣١ کەس، دەکاتە ٤٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

کوشتنی بەئەنقەست: ٢٩٤ کەس، دەکاتە ٣٥٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

دەستدرێژیی سێکسی: ٢٤ کەس، دەکاتە ٣٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

دزیی چەکدارانە: ٦ کەس، دەکاتە ١٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

ناڕوون: ١٠ کەس، دەکاتە ١٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان.

جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٣١ بەندکراوی سیاسی و ئایینی لە ساڵی ٢٠٢٣

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٣١ بەندکراو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ئایینی و هەروەها تۆمەتگەلی وەک بێڕێزیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبار کراون لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١١ کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٦ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی دەرەوە، ٦ کەس بە تۆمەتی بەشداری لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ٢ کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨، ٢ کەس بە تۆمەتی بێڕێکردن بە پێغەمبەری ئیسلام و دوو هاووڵاتی خەڵکی ئەفغانستان بە تۆمەتی هێرشی چەکدارانە بۆ سەر "شاهچراغ"ی شیراز لەسێدارە دراون.

لیستی بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لەسێدارەدراو بەم شێوەیە:

لەسێدارەدانی پێنج منداڵ تۆمەتبار لە ساڵی ٢٠٢٣ دا

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم پێنج منداڵی تۆمەتبار لە بەندیخانەکانی خوڕەماوا (٢ کەس)، بەندیخانەکانی چابەهار، سەبزەوار و قەزڵحیسار لە کەرەج لەسێدارە دراون. ئەم پێنج بەندکراوە منداڵە لە کاتی تاوانەکەیاندا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ و منداڵ بوون و تەنانەت یەکێکیان بە ناوی حەمید ئازەری، لە کاتی جێبەجێکردنی سزاکەیدا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە.

کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە واژۆ و پەسەند کراوە، ڕاشکاوانە داکۆکی لە مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان دەکات و سەپاندنی سزای قورس یان دڕندانە بەسەر منداڵاندا وەک سزای سێدارە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵە، بەتەواوەتی قەدەغە کردووە. بەڵام لە بەندیخانەکانی ئێران هیچ یاسایەک ڕەچاو ناکرێت و سزای سێدارە بەسەر منداڵانی تۆمەتباردا دەسەپێندرێت و جێبەجێ دەکرێت.

ناوی ئەم پێنج منداڵە بریتین لە:

١- جێبەجێکردنی سزای سێدارەی محەممەدجەواد ئەکبەری، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت؛ ڕۆژی ٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی پارسیلۆنی خۆڕەماوا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان. لە کاتەی تاوانەکەیدا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە.

٢- جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەبولفەزل بەیات، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری ڕوباتکەریم؛ ڕۆژی ٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست. لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

٣- جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەلی نەجەفی خەڵکی کۆیەشت بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، لە ٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی پارسیلۆنی خۆڕەماوا. لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنی ١٧ ساڵ بوو.

٤- جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید ئازاری، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری سەبزەوار، لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست. لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

٥- جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عادل دامەنی، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی چابەهار، ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی ناوەندیی چابەهار بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست. لە کاتی تاوانەکەدا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ٢٢ ژن جێبەجێ کراوە

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٢ بەندکراوی ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە دەکاتە ٢.٧٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو؛ ١٥ کەس (٦٨٪) ی ئەو ژنانەی ساڵی ڕابردوو لەسێدارە دراون، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. ژنێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ٣ ژنی دیکەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها زانیاریی ورد و دروست لەسەر تۆمەتی ئەو ٣ ژنەی دیکە کە سزاکەیان جێبەجێکراوە، لە بەردەستدا نییە.

زۆربەی ژنان لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و بیرجەند لەسێدارە دراون، کە لە هەرکام لەو بەندیخانانەدا ٤ ژن لەسێدارە دراون. لە بەندیخانەکانی مەشهەد، ڕەجاییشار، کەرەج و کرمان هەرکام ٢ ژن، لە بەندیخانەکانی ڕەشت، زاهیدان، قوم، کەهنوج، هەمەدان، یاسووج، ئرمیە و قەزڵحیسار هەرکام ژنێک لەسێدارە دراون.

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان لە ئێران بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ زۆرترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە نەتەوەی بەلووچە و ١٨٣ کەسن کە دەکاتە ٢٢.٨٪ی کۆی کەیسەکانی ئێعدام لە ساڵی ڕابردوودا. دوای بەلووچ ١٥١ هاووڵاتیی کوردم دەکاتە ١٨.٢٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان لە ئێراندا.

هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە بەندیخانەکانی ئێران ٥٥ بەندکراوە تورک، ٤٨ بەندکراوی لوڕ و لوڕی بەختیاری، ٢٨ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان، ٢٧ بەندکراوی گیلەک، ٩ بەندکراوی عەرەب، ٣ بەندکراوی تورکمان و ٢ بەندکراو کە خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکە بوون، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.

لە کۆی گشتیی بەندکراوانی لەسێدارەدراو، ١٦٨ کەس لە نەتەوەی فارسن و زانیاریی ورد و دروست لەسەر ناو و ناسنامەی ١٥٥ بەندکراوی دیکە لە بەردەستدا نییە.

لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو، ١٩٠٪ زیادی کردووە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ساڵی ڕابردوو لانی کەم ١٥١ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ئەمە ئامارەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ٩٩ حاڵەت کە دەکاتە ١٩٠٪ زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا سزای سێدارەی ٥٢ بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٩ بەندکراوی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون کە دەکاتە ٣٠٪ی کۆی ئەو بەندکراوانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئایینییەوە لە سەرانسەری ئێران لەسێدارە دراون.

زۆرینەی بەندکراوانی کورد کە دەکاتە ٨٨ کەس (٥٨٪) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون. هەروەها ٥٣ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، ٩ بەندکراو بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئایینی و بەندکراوێکیش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و سزاکانیشیان جێبەجێ کراوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین لەسێدارەدانی بەندکراواونی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بووە کە ٢٨ حاڵەتە. لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ٢٠ بەندکراو، ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان، ١٦ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، ١٥ بەندکراو لە بەندیخانەی پارسیلۆنی خۆڕەماوا، ١٤ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ٩ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان، ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، لە بەندیخانەکانی ئەراک و سەڵماس هەرکامەیان ٤ بەندکراو و هەروەها ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی سەقز و ٢ بەندکراویش لە بەندیخانەی ڕەشت لەسێدارە دراون.

شایانی باسە کە لە هەرکام لە بەندیخانەکانی ئەردەبیل، ئەلیگوودەرز، بەندەرعەباس، بیرجەند، خۆی، دێزفوول، زاهیدان، شیراز، شیروان، ماکۆ و نەغەدە، بەندکراوێکی کورد لەسێدارە دراوە.

زۆرترین ئاماری لەسێدارەدراوان لە ساڵی ڕابردوودا هاووڵاتیانی بەلووچ بوون

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٨٣ هاووڵاتیی بەلووچ لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە دەکاتە ٢٢.٨٪ی کۆی گشتییی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا.

ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی لانی کەم ٦ بەندکراوی سیاسیی بەلووچ، ٣ ژن و منداڵێک لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

زیاتر لە ٨١٪ی بەندکراوانی بەلووچ کە ساڵی ڕابردوو لەسێدارە دراون (١٤٩ حاڵەت) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بووە. هەروەها ٦ بەندکراوی سیاسیی بەلووچ لەسێدارە دراون و ٢٧ کەسی دیکەش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و بەندکراوێک بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە.

زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی بەلووچ لە بەندیخانەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە لەسێدارەدانی٦٠ کەس تۆمار کراوە. ٣٨ کەس لە پارێزگای کرمان، ٣٤ کەس لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ١٣ کەس لە پارێزگای هورموزگان، ١٢ کەس لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ٧ کەس لە پارێزگاکانی شیراز و ئیسفەهان، ٣ حاڵەت لە پارێزگای یەزد، هەروەها پارێزگاکانی گۆڵستان، سمنان و ئەلبۆرز هەرکامیان ٢ کەس و پارێزگاکانی مازەندەران و قوم هەرکامیان ١ کەس لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی بەلووچ تۆمار کراوە.

لەسێدارەدانی ٢٨ هاووڵاتیی ئەفغانی لە بەندیخانەکانی ئێران

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٨ بەندکراوی ئەفغانستانی لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون دەکاتە ٢.٧٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا.

زیاتر لە ٦٨٪ی ئەو دۆسیەگەلە (١٥ کەس) بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٢ بەندکراو بە تۆمەتی هێرشی چەکداری بۆ سەر "شاچراغ"ی شیراز کە سزاکەیان لە شوێنی گشتیدا جێبەجێ کراوە، ٩ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢ بەندکراویش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارە دراون.

زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی بەندکراوانی ئەفغانستانی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج تۆمار کراوە کە ١٠ کەسن. هەروەها ٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی شیراز، ٣ بەندکراو لە زابۆل، بەندیخانەی ناوەندییەکانی کرمان و کەرەج هەرکامەیان ٢ بەندکراو و هەروەها لە بەندیخانەکانی زاهیدان، ڕوودان، خوڕەماوا، ئەلیگوودەرز، یەزد و ئیسفەهان هەرکامیان هاووڵاتییەکی ئەفغانستانی لەسێدارە دراوە.

یەک لەسەر پێنجی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بووە

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢٣دا لانی کەم ١٦٦ بەندکراو لە ٣ بەندیخانەی پارێزگای ئەلبۆرز (ڕەجاییشار، بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج و قزڵحیسار) لەسێدارە دراون کە دەکاتە ٢٠٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو.

پاش پارێزگای ئەلبۆرز، زۆرترین ئاماری لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە کە ٦٩ کەسن. هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگای کرمان ٦٨ کەس، پارێزگای فارس ٥٦ کەس، پارێزگای ئیسفەهان ٥٠ کەس، پارێزگای خۆراسانی باشوور ٤٦ کەس، پارێزگای ئورمیە ٤٤ کەس، پارێزگای لوڕستان ٤٣ کەس، پارێزگای هورموزگان ٣٣ کەس، پارێزگای مەرکەزی ٢٣ کەس، پارێزگای هەمەدان ٢٢ کەس و هەوەرها پارێزگاکانی گیلان، خۆراسانی ڕەزەوی و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەرکام ٢١ کەس لەسێدارە دراون.

لە بەندیخانەکانی پارێزگای سنە و کرماشان هەرکامەیان ١٨ کەس و هەروەها پارێزگاکانی ئەردەبیل ١٧ کەس، خووزستان ١٥ کەس، گوڵستان و قەزوین هەرکامەیان ١٢ کەس، قوم ١٠ کەس، زەنجان ٩ کەس، ئیلام، کۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەد ٧ کەس و یەزد ٦ کەس و خۆراسانی باکوور ٤ کەس لەسێدارە دراون.

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە بەندیخانەکانی پارێزگای سێمنان لەسێدارەدان ٢ کەس تۆمار کراوە و کەمترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە پارێزگاکانی تاران و بووشێهر تۆمار کراوە کە هەرکامەیان حاڵەتێکە. هەروەها شوێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٢ بەندکراوی دیکە نادیارە.

لەسێدارەدانی شەش بەندکراو لە شوێنی گشتیدا

سجێبەجێکردنی سزای سێدارە لە شوێنی گشتیدا بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە کەرامەتی مرۆڤ و لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا قەبووڵ ناکرێت. ئەم جۆرە سزایە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی نەیاران بەکار دەبرێت و لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسیەکاندا ناتەبایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ئەم جۆرە سزایە وەک ئامراز بەکار هێناوە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە کۆمەڵگەی ئێراندا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ٦ بەندکراو کە ٢ کەسیان خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بوون، بە تۆمەتی هێرشی چەکداری بۆ سەر "شاهچراغ"ی شیراز، لە شوێنی گشتیدا لەسێدارە دراون.

سزای سێدارەی ئەم ٦ کەسە لە شارەکانی شیراز (٢ کەس)، فۆلادشاری ئیسفەهان (٢ کەس و هەروەها شارەکانی بەندەردیلەم و مەراغە هەرکام ١ کەس لە شوێنی گشتیدا جێبەجێ کراوە.

دەرەنجام

هەنگاو لەسەر ئەوبڕوایەدایە، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت لە ڕێگەی لەسێدارەدانە بەربڵاوەکانەوە، تەنیا کاتێک بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ دەکرێت کە وردەکاری و شێوە جیاوازەکانی سێدارە لە ڕێگەی تاوتوێکردنی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەو لە سێدارە درانانە لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە جیاوازە کۆمەڵاتییەکاندا ببیندرێت و بتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن.

هەر سەبارەت بەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ هۆشداریدان سەبارەت بە زۆرتربوونەوەی مکانیزمی سەرکوتکەری لەسێدارەدان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە لە ئێران، پێی وایەکە کۆمەڵگای جیهانی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ بەدواداچوونی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە دنیادا، دەبێت هەڵوێستگەلێکی توندتر سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگای لەسێدارەدانەوە لە پێش بگرن.

یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ پاراستنی مکانیزمی سێدارە وەکوو کەرەستەیەکی سەرکوتکردن، لەسێدارەدانی بەربڵاوی هاووڵاتییانە کە بەهۆکاری جیاواز وەکوو هەژاری، هەڵاواردنی سیستماتیک بەپێی گرووپی ئیتنیکی و هەروەها ناڕوونی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی بێناو لە سێدارە دەدرێن. ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئەرکیان هەیە دەرئەنجامە جددییە کردەوەییەکانی خۆیان لە بەرانبەر سێدارە بەربڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی بەکار ببەن و ئەو لەسێدارەدرانە وەکوو بەشێک لە سیاسەتەکانی کوشتاری کۆماری ئیسلامی دەستەبەندی بکەن.

دانلۆدی فایلی PDF

Original Article

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net