کرێکاران پێشەنگی بزووتنەوەی دژ بە شەڕ

Print Friendly, PDF & Email

لەگەڵ پەرەسەندنی جینۆساید لە غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەرتەشەکەیەوە، چین و توێژێکی زیاتر بە بزووتنەوەی دژە شەڕەوە پەیوەست بوون. لەم ناوەدا ڕۆڵی کرێکاران لەو بزووتنەوەیەدا تا دێت کاریگەرتر دەبێت. ڕۆژی دووشەممە ٦ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ١٥ی خەزەڵوەر، کرێکارانی بارەندازی بەندەری بارسێلۆنا لە ئیسپانیا بەیاننامەیەکی فەرمییان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە خۆیان لە بارکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتە پشتیوانەکانیان بەدوور دەگرن. ئەوان داوایان لە هەموو کرێکارانی بەندەرەکانی ئیسپانیا کرد کە پێیانەوە پەیوەست بن بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ناچار بکەن کۆتایی بێنن بە جینۆساید و شەڕی فەلەستین لە غەززە و بە تایبەتی لە غەززە بزووتنەوەیەکی نێونەتەوەیی وەڕێ بخەن. ئەو ئاکسیۆنە بوێرانەی کرێکارانی بەندەری بارسێلۆنا درێژەی تەقینەوەی توڕەیی و بێزارییەکە کە لە نێو کرێکارانی ئەورووپادا لە دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتووانی غەززە، پێکهاتووە. لە بلژیک سەندیکاکانی کرێکارانی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی لەگەڵ دوو سەندیکای دیکەی ئەو وڵاتە ڕۆژی ٣١ی ئۆکتۆبر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە بارکردن و گواستنەوەی هەر جۆرە بارێکی چەک و چۆڵ بۆ ئیسرائیل ڕادەگرن و هەرچەشنە هاوکارییەکیان سەبارەت بە گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل بە هاوبەش بوون لە جینۆسایدی دانیشتوانی غەززە ناوبرد. ڕۆژی ٢ی نوامبر کرێکارانی یۆنان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئاتێن، دەستیاندایە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و داوایان لە بارەندازەکانی سەرتاسەری وڵات کرد کە خۆیان لە گواستنەوەی چەک و چۆڵی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ ئیسرائیل بپارێزن. ڕۆژی دووشەممە ٦ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ١٥ی خەزەڵوەر، دانیشتوانی بەندەری تاکۆما لە ویلایەتی واشنیگتۆنی ئەمریکا، بە دەربڕینی ناڕەزایەتی ڕێگەی ناردنی چەکیان بۆ ئیسرائیل بەست. ئەوان بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر ڕێگرییان کرد لە بارکردنی هەرچەشنە کەرەستەیەکی سەربازی بۆ کەشتی ئێم ڤی کیپ ئۆرلاندۆ. ئەم کەشتییە کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشت، کاری بۆ وەزارەتی بەرگری دەکرد و پێشتریش کەرەستەی پێویستی بۆ دەستدرێژیکردنەسەر عێراق و ئەفغانستان و درێژەدان بە داگیرکاری ئەو دوو وڵاتەی دابین کردبوو.

هەڵسووڕاوانی دژە شەڕ و لایەنگرانی خەڵکی فەلەستین سێ ڕۆژ بەر لەو ئاکسیۆنە، واتە لە ڕۆژی هەینییەوە هەزاران داواکارییان سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل، ئاراستەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کردبوو، کە بێ وەڵام مابووەوە، هەربۆیە ناڕازییان ڕۆژی دووشەممە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەر لە خۆرهەڵاتن لە بەردەم کارخانەی زەبەلاحی چەکی “بۆینگ سەنت چارلز” بە چەندین ڕیزی دوور و درێژ لەسەر زەوی خەوتن و بە تەواویی ڕێڕەوی گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکانیان داخست. چالاکییەکە لەلایەن لقی خۆجێیی پارته سۆسیالیستە دێموکراتیەکانی ئەمریکاوە ڕێکخرابوو. لە بەندەری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیاش، خۆپیشاندەران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یەکێک لە کەشتییە سەربازییەکانی هەڵگری چەکیان بۆ ئیسرائیل ڕاگرت. لە دانمارک، چالاکانی دژە شەڕ ڕۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبر وەک ناڕەزایەتییەک دەرگای چوونە ژوورەوەی کارخانەی چەکی “تێرما“یان بەست. ئەوان خاوەنانی ئەو کارانەیان بە تێوەگلاون لە بازرگانییەکی خوێناویی تۆمەتبار کرد. ئەم کارخانەیە بەشێک لە کەل و پەلی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ی بە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل فرۆشتووە. خۆپیشاندەران و چالاکوانانی دژە شەڕ لە شاری بریستۆڵ لە بەریتانیا دەرگای چوونە ژوورەوەی دەفتەری ناوەندی کارخانەی بەرهەمهێنانی چەکی “ئێلبیت“یان داخست. ئەم کارخانەیە چەند پارچەیەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلی دابین کردووە. ئەو ئاکسیۆنانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لە درێژەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن مرۆڤدۆستان و چالاکانی دژە شەڕ لە شارە گەورەکانی جیهان لە دژی جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە بەڕێوەچوون. چالاکیی دژ بە شەڕی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان لە سەرەتاکانی هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبر و بڵاوبونەوەی هەواڵی جینایەتەکانی حەماس لە دژی ئیسرائیلییەکان و میوانانی کۆنسێرتێکی مۆسیقا زۆر لاواز بوو. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی قوربانیانی فەلەستینی لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا و هەروەها ئاشکرابوونی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕۆڵی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیل لە هاندانی حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی ئیسرائیل، ئەم بزووتنەوەیە بەهێزتر بوو. ئێستا کە ژمارەی قوربانیانی دەستدرێژییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گەیشتووەتە زیاتر لە دە هەزار کەس و لەو ڕێژەیە زیاتر لە ٤ هەزار کەسیان منداڵن، ئەم بزووتنەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندایە و فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا و بریتانیا، بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل ناچار بکەن شەڕەکە بوەستێنێت. ئەگەرچی ئەوان ڕۆژی ٧ی نوامبر بڕیارنامەی ١٠ ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشیان سەبارەت بە ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە غەززە ویتۆ کرد، بەڵام جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەهۆی ئەو فشارانەوە داوای لە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کە شەڕەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕابگرێت.

لە ئێران بەداخەوە خەڵک پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە حەماسیان لەگەڵ خودی خەڵکی فەلەستین وەک یەک لەبەرچاو گرتووە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە کردەوەی هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامی و میلیشیاکانیان نەک هەر هیچ پەیوەندییەکیان بە دۆزی خەڵکی فەلەستینەوە نییە، بەڵکوو گەلێک زیانیشیان پێگەیاندووە. ئێستا کە وردە وردە خەریکە زیانەکانی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ کۆماری ئیسلامی تا دێت زیاتر دەردەکەوێت، لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، چالاکانی مافی مرۆڤ و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی ئێران هان بدەن بۆ ئەوەی بەشداری بزووتنەوەی جیهانی دژە شەڕ بن و لە قافڵەی یەکێک لە گرنگترین بزووتنەوە نێونەتەوەییەکان جێ نەمێنن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net