گەشەکردنی بزووتنەوە داواکارییەکان و پەرەسەندنی خەبات و خۆڕاگریی لەسەر بەستێنی سەرکوتێکی هەوسارپچڕاوانە

Print Friendly, PDF & Email

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گەشەکردنی بزووتنەوە داواکارییەکان و پەرەسەندنی خەبات و خۆڕاگریی لەسەر بەستێنی سەرکوتێکی هەوسارپچڕاوانە

یەکەم – جیناتەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە جینۆسایدێکی ڕێکخراو لە غەززە، هەوڵدان بۆ ئاوارەکردنی نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، پابەند نەبوونی ئاشکرا بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە شەڕدا و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بێبنەما و پشتیوانی ئاشکرای ئەمریکا و وڵاتە ئیمپریالیستییەکان لەم سیاسەتە بە پاساوی ” مافی بەرگری لە خۆی“، ڕای گشتی جیهانی تووڕە کردووە. دەوڵەتی ئەمریکا بەمەبەستی دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگری بۆ ڕژیمی ئاپارتایدی ئیسرائیل و بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەکەوێتە ژێر گوشارەوە، سێ کەشتی جەنگی لەوانە کەشتییەکی هەڵگری مووشەکی تەیار بە چەکی ئەتۆمی ڕەوانەی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. وڵامی خەڵکی هۆشیار و ناڕازی جیهان بە بەسیجی نیزامی و دیپلۆماتیکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەرگریکردن لە جینۆسایدی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ناڕەزایەتی بە کردنی زیندانی سەرئاواڵەی غەززە بە گۆڕستانی غەززە و بە قەتڵگای منداڵانی فەلەستینی، بریتی بووە لە وەڕێخستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی بەربڵاوی جەماوەری لە زۆر شوێنی جیهان. خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەس لە پایتەخت و شارە گەورەکانی جیهان، لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند نموونەیەکن لەو کاردانەوەیەی ڕای گشتی جیهان بەرامبەر بە ماشێنی جەنگی ئیسرائیل و پڕوپاگەندەی درۆینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەم کاردانەوە تووڕەیی و بێزارییە شیاوی ستایشەی بەشێکی بەربڵاو لە کۆمەڵانی خەڵکی وشیاری جیهان، ئەوە نیشان دەدات کە سەردەمی فریودانی ڕای گشتی لەلایەن ڕاگەیاندنە گشتییە قەڵم فرۆشەکانەوە کۆتایی پێهاتووە. گوشاری ڕای گشتی، بەرپرسانی دەوڵەتیی لە هەموو وڵاتەکان ناچار بە کاردانەوە کردووە و کاریگەریی جددی لەسەر سیاسەتەکانیان داناوە. ئێستا ئیتر لە سەردەمی سۆشیال میدیای گشتگیر و جیهانیدا و لە سەردەمێکدا کە هاوڵاتییانی بوێر و وشیار ڕۆڵی رۆژنامەوانی دەبینن، ناتوانرێت بە هێزی ناوەندە زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندن خۆڵ بکرێتە چاوی خەڵک و ڕاستییەکان چەواشە بکرێن و ڕای گشتی فریو بدرێت. قۆرخکاری هەواڵ لەژێر دەستی میدیا گشتییەکانی سەر بە هێزی دەوڵەتەکان دەرهاتووە و ئەمە سەردەمێکی نوێی هۆشیاری گشتییە.

دووەم: گەشە کردنی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتری هۆشیاری گشتی سەبارەت بە ڕەهەندەکانی جینایەتی هێزە دواکەوتوو، ڕەگەزپەرست و تۆڵە ئەستێنەکان، لە هەردوو بەرەی ئێستادا، بووەتە هۆی ئەوەی کە لەناو ڕای گشتی جیهاندا جیاکارییەکی ڕوون لە نێوان کردەوەی ڕەگەزپەرستانە و جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لەگەڵ دژە یەهوودییە بناژۆخوازە ئیسلامییەکاندا بکرێت. خۆپیشاندانی بوێرانەی یەهوودییە ئاشتیخوازەکان لە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئینگلیس لەدژی تاوانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و داواکاری ئەوان بۆ ئاگربەست و بە دروشمی “بە ناوی من نا“، ئامرازی تۆڵەسەندنەوە و دروشمی دژە یەهوودی لە دەستی زۆرێک لە هێزە موسڵمان و فاشیستە دژە یەهوودییەکانی دەرهێناوە. خۆپیشاندانی یەهوودییە ئاشتیخواز و دژە سەهیۆنیستەکان و دژایەتیکردنی بەشێک لە خەڵکی ئیسرائیل لەگەڵ سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکانی دەوڵەتی نیئۆفاشیستی نەتانیاهۆ، ئاسۆیەکی هیوابەخشی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی ئازادانە بۆ خەڵکی هەردوو لایەنی شەڕەکە پێکهێاوە. نەوەی لاو و وشیاری فەلەستینی وردە وردە دەگەنە ئەو ئاکامەی کە سیاسەتی بەرپرسانی سیاسی بەساڵاچووی فەلەستینی لە هەموو باڵە سیاسییەکاندا لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵگای فەلەستینی دا نایەتەوە. بەشێک لەو گەنجە فەلەستینیانەی لە هەلومەرجی ئاوارەییدا گەورە بوون، خاوەنی تايبەتمەندييەکی ” جیهان زێدی” بەرزن و بە ڕوانگەیەکی ڕوونەوە بەرامبەر بە پرسەکانی ئەمڕۆی جیهان کاردانەوە لەخۆیان نیشان دەدەن. گۆڕانکاری نەوەکان لە نێو خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین دا، ئەو هیوایە بە ژیان دەبەخشێتەوە کە لە داهاتوودا و لە هەلومەرجی دوای کۆتایی هاتنی بارودۆخی شەڕ و دەستپێکی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی نوێ بەمەبەستی کردنەوەی گرێ کوێرەی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل، شاهیدی ڕۆڵی بەرچاوتری ئەم توێژە لاوە لە هەردوولاوە بین.

سێهەم – کاردانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە پێشهاتەکانی غەززە و شێوازی هەڵس و کەوتی لەگەڵ پرسی تەشەنە کردنی شەڕ، نیشانی دا کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە نەچێتە ناو شەڕێکەوە کە نەتوانێت تیایدا سەربکەوێت. هەم نەبوونی مەشروعیەتی سیاسیی ڕژیم و هەم نەبوونی پشتیوانی گشتی بۆ شەڕێکی لەو شێوەیە، هەم داڕمانی ئابووری وڵات و هەم هەڕەشەکانی ئەمریکاش، حکوومەتی ئیسلامیی ناچار کردووە سیاسەتێکی بەهێزی تەبلیغی و خۆ بواردن لە دەستێوەردانی نیزامی بگرێتەبەر. لێدوانەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵاش بە ڕوونی بە ئاراستەی ئەم سیاسەتەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو.

چوارەم– لە گەرمەی ئەم شەڕە وێرانکەرەدا، شاهیدی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی بووین لە ئیستانبوڵ، ئانکارا، عەممان، کەراچی، مەغریب، پاریس، لەندەن، مادرید، ڕۆم، واشنگتۆن، نیویۆرک، جاکارتا و شارە گەورەکانی دیکە. بەڵام لە ئێران بە هۆی پەرەسەندنی ڕق و بێزاری خەڵک لە نیزامی ئیسلامی، شاهیدی هیچ خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە نەبووین. تەنانەت ڕژیمی ئیسلامیش خۆی لە وەڕێخستنی خۆپیشاندان بواردووە، چونکە ترسی ئەوەی هەیە کۆنترۆڵی ئەو خۆپیشاندانانە لەدەستی دەربچێت. بەڵام نابێ ئەو ڕاستییەش پشتگوێ بخەین کە ئەگەر خەڵکی ئێران بەدەست سیستەمی ئاپارتایدی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەناڵێنن، خەڵکی فەلەستینیش بەدەست سیاسەتی گرووپە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان و سیستەمی ئاپارتایدی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەناڵێنن. هەربۆیە دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە نابێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە ناوخۆی وڵاتدا لەدژی ئاپارتایدی حکوومەتی ئیسلامی خەبات دەکەین، لە بەرامبەر ئاپارتایدی دەوڵەتی نەژادپەرستی ئیسرائیلدا بێ هەڵوێست بین. تەنیا بە دیفاعی لێبڕاوانە و ڕوون و ڕاستەقینە لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی دیکە دەتوانین لێبڕاوانە و شێلگیرانە دیفاع لە مافی چارەی خۆنووسینی خۆمان بکەین و چاوەڕوانی پشتیوانیمان لەم خەباتانە لە گەلانی دیکە و بەتایبەت کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتانی دراوسێ بێت. هێزە سەڵتەنەتخوازەکان و خودی ڕەزا پەهلەوی و بەشێک لە هێزە سیاسییە ڕاستڕەو و کۆنەپەرستەکان، بە بیانووی بەرگریکردنی کۆماری ئیسلامی لە هاوپەیمانەکانی خۆی لە فەلەستین و جیهانی عەرەبی، سیاسەتێکی پڕوپاگەندەی ژەهراوییان لە دژی مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستینییەکان گرتووەتەبەر. ئەوان بە ئەرتەشی پڕوپاگەندەی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی دەسەڵاتداری ئیسرائیلەوە پەیوەست بوون و بە ” وێرانبوونی غەززە” شاگەشکە بوون و ستایشی “عەزەمەتی” بۆردومانە وێرانکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل دەکەن. سروشتییە کە ئەم سیاسەتمەدارانە لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی ئێرانیشدا نابن و خەڵکیان تەنیا وەک سیالەشکری سیاسەتە نیئۆولیبراڵی و تاڵانچێتییەکانی خۆیان لەبەرچاو دەگرن.

پێنجەم – لە بارودۆخێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی لە ڕاگەیاندنە گشتییەکانییەوە باس لە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی فەلەستین دەکات،هاوکات ئاستی سەرکوتەکانی خۆی لە دژی خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەکات. لە کاتێکدا کە سەرنجی جیهانی تەرکیزی کردووەتە سەر شەڕی غەززە، سەرکوتکردنی بەهاییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و پلان بۆ داڕێژراوتر بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە ئیسفەهان، کەرەج، هەمەدان و ساری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دەیان هاووڵاتی بەهایی و دەستبەسەریان کردوون و یان لە دادگاکانی خۆيان سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاندوون. سەرکوتکردنی بەهاییەکان بەشێکە لە سەرکوتکردنی بیرجیاوازە ئایینییەکان کە حکوومەتی ئیسلامی تەحەمولیان ناکات. لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە سەرکوتی پەیڕەوانی بەهایی بووەتە نەریتێکی توندوتیژی حکوومەتی. توندوتیژییەکی کە لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری ڕژیمی ئیسلامیدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی کەمی بەهاییەکان لە ئێران. سەرکوتکردنی بەهاییەکان یەکێکە لە بنەما ئیدئۆلۆژییەکانی ئاخووندە شیعەکان.

شەشەم – حکوومەت هەوڵدەدات لە ڕێگای پەرەپێدان بە سەرکوت، فەزای ترس و نائومێدی بەسەرخەڵکدا زاڵ بکات. بەڵام بە پێچەوانەوە واقیعییەتەکان ئاماژەن بۆ گەشە و پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی زەحمەتکێش. ململانێی توێژی بەربڵاوی خانەنشینان ئێستا نەک هەر فراوانتر بووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕێکخراو و هاوئاهەنگتر لە ڕۆژەکانی یەکشەممە، دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەدا بەڕێوە دەچێت. خەبات و ناڕەزایەتی خانەنشینانی دەوڵەتی، دابینکردنی کۆمەڵایەتی، فوولاد، بەشی پەیوەندییەکان و بانکەکان ئێستا بە بەردەوامی لە ئارادایە. دروشمی خانەنشینان وێڕای ئەوەی کە ئاستی تووڕەیی و بێزاری ئەوان دەردەخات، هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە دەرکیان بەو ڕاستییەش کردووە کە حکوومەتی ئیسلامی ڕێک لە هەلومەرجێکدا کە حەقدەستی کارمەندانی دەوڵەتی و هێزە چەکدارەکانی زیاد کردووە، بە ئاشکرا لەگەڵ زیادکردنی حەقدەستی خانەنشینان و کرێکاران دژایەتی دەکەن. ئەم دژایەتییە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەرنامەی گەشەپێدانی حەوتەم بەڕێوە دەچێت کە سەرکوتکردنی حەقدەستەکان یەکێکە لە میحوەرە سەرەکییەکانی. جگە لەوەش هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوە یان بە تایبەتکردنی سندوقەکانی خانەنشینی دوای دەیان ساڵ لە تاڵانکردن لەلایەن حکومەتەوە، میحوەرێکی دیکەی ئەو سیاسەتەیە کە خانەنشینانی توڕە و بێزار کردووە. جگە لە خانەنشینان، لە هەفتەی ڕابردوودا شاهیدی خەبات و ناڕەزایەتی داواکاریی کرێکارانی نەوت و گاز لە ئەهواز، ئاغاجاری و چابەهاریش بووین بەرامبەر بە نەدرانی حەقدەست و مووچەی چەند مانگی ڕابردوویان. پەرەسەندنی خەباتی کرێکاران و خانەنشینان، نیشانەی بەشداری چالاکانەتری زۆربەی هەرەزۆری چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و هاتنە مەیدانی خەباتێکە کە هەوڵ دەدات شۆڕشی شکۆداری ژینا بە سەرکەوتن بگەیەنێت.

حەوتەم– هەواڵی سووتانی تەرمی ٣٢ گیرۆەبووی کەمپی تەرکی ئیعتیادی“هەنگاوی یەکەمی ڕزگاری” لە شاری لەنگروود و برینداربوونی ١٧ کەسی دیکە کارەساتێک بوو کە هەفتەی ڕابردوو لەنگروود و ئێرانی هەژاند. شێوازی هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ قوربانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری و بێکاری و بێ ئاسۆیی نەوەی نوێ کە بووەتە هۆی زەمینە خۆشکردن بۆ گەشە و پەرەسەندنی گیرۆدەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان، ئاماژەیە بۆ قووڵایی کارەساتێکی مەترسیدار. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری گیانبەختکردووان، ئەوە دەرکەوتووە کە بەرپرسانی کەمپی لەنگروود لە درەنگانی شەودا دەرمانی هێورکەرەوە و حەبی خەوتنیان داوە بەو نەخۆشانە و دەرگای چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوەی ئەو شوێنەیان داخستووە و دواتر چوونەتەوە بۆ ماڵەکانیان بۆ ئەوەی هیچ کەس نەتوانێت بە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان لە کەمپەکە بچێتە دەرەوە. بە وتەی باوکی یەکێک لە قوربانییەکان “گوایە شەوانە دەرگاکە قوفڵ دەکەن“. کلیلەکەش بە دەست نیگاهبانێکەوە بووە کە یەکێک بووە لە گیرۆدەبووان. “پاسەوان دەبێت کەسێکی تەندروست بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکەی بەدروستی ئەنجام بدات، نەک بدرێت بە کەسێکی نەخۆش“. ئەم شێوە ڕەفتارە لە کاتێکدا لەو ناوەندانەدا وەک نەریتێکی لێهاتووە، کە بەپێی یاسا دەبێت لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی یان کۆمیتەکانی چاودێری پارێزگاکانەوە سەرپەرشتی بکرێن. هەروەها ناوەندگەلێکیش هەن کە لەم بوارەدا بە شێوەیەکی نافەرمی و بێ مۆڵەت کاردەکەن. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سەرجەم ئەو ناوەندانە بە کەرتی تایبەت سپێردراون و بە کردەوە دامودەزگاکانی حکوومەت و بەتایبەت ڕێکخراوی تەندروستی، پێی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە هەستیارە کێشاوەتەوە و چاودێرییەکی ئەوتۆش بەسەر کار و باری ئەو ناوەندانەوە نییە کە بوونەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەو کەس و شیرکەتانەی کە بەڕێوەیان دەبەن. ڕاپۆرتی هەڵس و کەوتی توندوتیژیانە لەگەڵ نەخۆشەکان و خستنەناو حەوزی ئاوی سەهۆڵبەستوو لە زستاندا، سزای جەستەیی و هەڵس و کەوت کردن لەگەڵیان وەک “تاوانبار” گەلێک جار لەم کەمپانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچکات لەلایەن بەرپرسانەوە هەنگاوێک بەمەبەستی کۆتاییهێنان و کەمکردنەوەی ئەو تاوانانە هەڵنەگیراوە. واقیعییەت ئەوەیە کە بەلای حکوومەتی ئیسلامییەوە کە بە هۆی سیاسەتە دژە خەڵکییەکانییەوە زەمینەی پەرەسەندنی گیرۆدەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان ڕەخساوە، ژیانی ئەو کەسانە هیچ بەهایەکی نییە. دەبێ ڕیشەی کارەساتی سووتانی ٣٢ کەس لە کەمپی “هەنگاوی یەکەمی ڕزگاری” لە لەنگروود لەم ڕوانگەیەی دەسەڵات و تەماح و چاوچنۆکی سەرمایەدارەکاندا ببیندرێتەوە کە بە قیمەتی گیانی مرۆڤەکان بەدوای بەدەستهێنانی قازانجی زیاترەوەن. ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی کە بەرلەوەی بۆخۆیان لەو کەمپەدا بسووتێن، خەون ئاواتەکانیان لەلایەن حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیەوە سووتێنرابوون.

بڕوخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتووبێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران( ڕاهی کاریگەر)

شەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ / ١١ی نوامبری ٢٠٢٣

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net