ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ژینگەی ئێران

Print Friendly, PDF & Email

سایتی” ئیکۆ سیستم” رۆژی ٣ ی مانگی گەلاوێژ لە زمان ئەحەد وەزیفە، سەرۆکی ناوەندی میللی ئیقلیم و مودیرەیەتی قەیرانی وشکەساڵی سازمانی کەش ناسی وڵاتەوە وتی کە بارودۆخی باران بارین لە نیوەی ڕۆژهەڵاتی ئێران و ناوەچە باکوریەکان لە ساڵی ڕابردو خراپترە و دابین کردنی ئاوی خواردنەوە لە هێندێک ناوچەی ئێران، خەمی سەرەکی ئەم کاربەدەستانەی ڕژیمە کە هەڵبەت بابەتی بارینی باران لە باکور و بەشێک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵات لە هاویندا ئەگەری هەیە و ئەمەشی بە مایەی دڵخۆشی و هیواداربوون زانی. بەڵام لە بەرانبەردا کارناسان وتویانە بارانی هاوینەش هیچ گرفتی کەم ئاوی چارەسەر نەکردوە، بەڵکو دەتوانێ ببێتە هۆکاری خەسارەت و زەرەر و زیانی گیانیش. ئەم خەسارەت و زیانە هەر ئێستا لە سیستان و بەلوچستاندا ڕووی داوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٥ ی مانگی گەلاوێژ، بەهۆی بارینی بارانی بە خوڕ لەم ئوستانە و هەستانی لافاو و سەر ڕێژ بوونی ڕوبارەکان وێڕای زیانی زۆری ماڵی لانیکەم ٥ کەسیش بەهۆی نوقم بوون لە یەکێک لە ڕوبارەکاندا گیانیان لەدەست دا.

لەپاڵ قەیرانی کەم ئاویدا کە زەنگی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی و دیارە بۆ خەلکیش لێداوە هەواڵی وشک بوونی ٩٩ لەسەد لە تاڵاوی گاوخونی هەڵکەوتو لە نێوان ئیسفەهان و یەزد، بە بەرینایی ٤٧ هەزار هێکتار کێشەکانی زیاتر کردوە و ئاستی دروست بوونی گەردیلەکانی بردۆتە سەرەوە. رۆژی سێی مانگی گەلاوێژ یەکێک لە کاربەدەستانی ڕژیم وتی ١٤ ملیۆن هێکتار کانونی قەیران گەردیلە لە ئێراندا بوونی هەیە. لەم دواییانەدا لە ئاکامی قەیرانی گەردیلەکان لە سیستان و بەلوچستان، ٨٣٣ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە بێ ئیمکاناتەکان کراون.

قەیرانی ژینگەیی لە ئێران تەنیا تایبەت بە وشکەساڵی، گەردیلە و کەم ئاوی نییە. لەو جێگایەش ئاو هەیە، خەڵک لەگەڵ پیسبوونی زۆری ئاودا بەرەو ڕوون. ئاو و هەوای پیسیش لەم وڵاتەدا یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانە. لەپاڵ ئەم گرفتەدا کێشەی دروست کردن و کردنەوەی ئەو سەدانەی کە زەرەریان زیاترە لە قازانجیان، هەروا درێژەی هەیە. ئاخرین نمونەی ئەو سەدانە سەدی چەمشیرە لە ئوستانی کهکیلۆییە و بۆیر ئەحمەد کە ڕۆژی ٢٦ ی مانگی پوشپەڕ کرایەوە. نووسیویانە دروست کردنی ئەم سەدە، کە دەکرێ چارەنووسی سەدی گتوەند ی بەسەر بێت، لەژێر گوشاری کاربەدەستانی چینی، کە سەرمایە گوزاری سەدەکەن، بەڕێوەچووە.

لە پاڵ ئەمانەدا دەکرێ ئاماژە بە ڕۆچوونی زەوی و لەنێو چوونی سروشتی و بە ئانقەستی دارستانەکان بکرێت کە ئێمە لە کوردستاندا دەبینین. لە مەریوان و جوانڕۆ بە هەزاران هێکتار دارستانی زیاتر بەڕوو لە لایەن سپای پاسدارانەوە و سوئیستیفادە چیانی سەربە دەسەڵاتداران تەنیا لە چەند مانگی دواییدا بە بیانوی ئەمنیەتی و یان بە بیانوی تر سوتاون و یان بڕدراونەتەوە و بە تاڵان براون.

قەیرانی ژینگەیی گرفتێکی جیهانییە. هۆکاری سەرەکیشی سیستمی سەمایەدارییە. بەڵام حکومەتەکان دەوری جۆراوجۆریان هەیە لە وێران کردنی ژینگەدا کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە خراپترینیانە. ئەم ڕژیمە ئیدئۆلۆژیک و دواکەوتوەی سەرمایەداری بۆ چارەسەری هیچکام لە گرفتەکانی پێوەندیدار بەم بوارەوە بەرنامەیەکی دیاری کراو و دریژ ماوەی نییە. دەوڵەتی ڕەئیسی جەللاد تەنیا دوو دەهوم لەسەدی لە بوجەی ئەمساڵ، واتە بڕێکی ناکافی ٩٣ ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی ژینگە تەرخان کردوە. ئەویش دوای کەم کردنەوەی بەشی دزەکان بڕێکی کەمتریشی لێ دەمێنێتەوە.

بەڵام ڕژیم کە دەزانێ ژینگە بابەتێکی گرنگ و سیاسیە بۆ ئەمنیەتی کردنیشی بەرنامەی هەیە و بە کردەوەش پەیڕەوی کردوە. لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکان ڕۆژی ٧ ی مانگی گەلاوێژ هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم یەکێک لە هەڵسوڕاوانی ژینگەییان بە ناوی یاسر نوری لە جوانڕۆ دەستبەسەر کرد و بەرەو شوێنێکی نادیاریان برد. هاوکات هێزەکانی سپا ڕۆژی سێی مانگی جۆزەردان ٣ چالاکی ژینگەیی خەڵکی کامیارانیان بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابری دەستبەسەر کرد. ئەم کردارەی سەرکوتگەرانی کۆماری ئیسلامی خاوەنی پێشینەیەکە لە ڕیسوایی. ڕژیم لە ماوەی ساڵانێکدا گەلێک لە چالاکانی ژینگەیی بە شێوەی بە کۆمەڵ و یان بە تاک دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردوە و ئەوانی خستۆتە ژێر ئەشکەنجەی توندەوە. گۆیا هێندێکیان بە ڕێکەوت ئاسەواری چالاکیە ئەتۆمیەکانی سپایان بەسەر گیاکانەوە بینیبوو. جەللادان بەم بیانوە دوکتور کاوس سەید ئیمامیان وەها ئەشکەنجە دا کە لە ئاکامدا گیانی بەخت کرد.

ئاشکرایە کە ڕژیم و کردارەکانی بارودۆخی ژینگە بەرەو کارەسات دەبەن. تەنیا بە خەباتی شێلگیرانە، بەیەکەوە، ڕیکخراو و خاوەن بەرنامە دەکرێت وادار بکرێت تا بۆ پاراستنی ژینگە هێندێک کاری جیدی و ئامانجادار ئەنجام بدات. هەڵبەت هەرچی لەم بوارەدا و لە ئاکامی خەباتدا بەدەست بێت بەرتەسک دەبێت، باشە بەڵام بەس نییە.

ڕێگا چارەی کاریگەر و بەردەوام بۆ ئەنجامدانی کرداری جیدی بۆ پاراستنی ژینگە لە گرەوی ڕوخاندنی ڕژیم دایە. ئێران لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی ڕۆنیشتوە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەدەست خاوەنانی بەر حەق و بە توانایەوە، واتە کرێکاران و شۆڕاکانی شکڵ گرتو لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵکەوەبێت، لە وەها وڵاتێکدا بەم سەروەتە بەرین، کارناسانی شارەزا و بە هێزی کاری داهێنەرانەی لەبن نەهاتوو کە تێیدا بوونیان هەیە، بێگومان گرفتی ژینگەیی تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net