کەمبوونی دەوا و دەرمان لە ئێران و درۆی بێشەرمانەی وەزیری تەندروستی

Print Friendly, PDF & Email

لە کاتێکدا کە کەمیی و گرانی لەڕادەبەدەری دەرمان لە ئێران زۆرێک لە نەخۆشەکانی لەگەڵ مەترسی مەرگ بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەهرام عەینوڵڵاهی وەزیری تەندروستی کابینەکەی ڕەئیسی، باس لە هەناردەکردنی دەرمان بۆ ٢٠ وڵاتی جیهان دەکات! لە کاردانەوە بە قسەکانی وەزیری تەندروستی، ڕۆژنامەکانی “ئیمروز و تیجارەت نیوز” چاپی تاران لە چەند ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کەمیی دەرمان لە ئێران نووسیویانە: “پرسیارەکە ئەوەیە کە، ئەگەر ئێران لە بواری بەرهەمهێنانی دەرماندا گەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت هەناردەی دەرەوەی بکات؟ کەوایە بۆچی پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین ناکرێت و خەڵک ناچارن یەکە بە یەکەی دەرمانخانەکان بگەڕێن بەشوێن زۆرێک لە جۆرەکانی دەرماندا و سەرەنجام بە نائومێدی و دەستی بەتاڵەوە بگەڕێنەوە؟ تەنانەت هەندێک کەس بەمەبەستی تاقى کردنەوەی دوایین شانسی خۆیان و پەیداکردنی پێداویستییە دەرمانییەکانیان ڕوو لە تارانی پایتەخت دەکەن و لەوێش دەستیان ناکەوێت“. لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی “ئیمروز“دا سەبارەت بە عادەتی وەزیری تەندروستی بە درۆکردن، هاتووە: “بەهرام عەبدوڵڵاهی لەو ساڵەوە کە پۆستی وەزیری وەزارەتی تەندروستی وەرگرتووە هەتا ئێستا، چەندین جار باسی لە دەستکەوتەکانی ئەم وەزارەتخانەیە کردووە“. لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بوو کە وتی لە ئێرانی ئیسلامیدا ئاسەوارێک لە نەخۆشی کڕۆنا بوونی نەماوە. ئیتر ئەوە لەبیر دەکات کە بە هۆی نەبوونی ڤاکسێنی کڕۆنا و نەبوونی تەخت و هتد…، پۆل پۆل لە دانیشتوانی ئێران ڕەوانەی گۆڕستانەکان دەکران.

گرانی و کەمبوونی دەرمان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە، واعیز مەهدەوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ڕێکخراوی بیمەی تەندروستی وتویەتی: نزیکەی ٨ میلیۆن ئێرانی و ٣ میلیۆن ئەفغانی لە هەر چەشنە بیمەیەکی سەرەتایی بێبەشن. بە وتەی ناوبراو، بەرزبوونەوەی ٢ بۆ ٣ هێندەی نرخی دەرمان دانیشتووانی ئەم وڵاتەی خستۆتە دۆخێکی نادڵنیایی ڕەهاوە. جگە لە کێشەی گرانی کەم وێنە و کەمبوونی دەرمان، گرفتی دەرمانی ناکاریگەری بەرهەمهێنراوی ناوخۆ، یان لەوەش خراپتر کێشەی دەرمانی ماوە بەسەرچووش سەرباری هەموو دەردەکانە. مافیای هاوردەکردن بە دەستکاریکردنی لەیبڵی دەرمانەکان ئەو جۆرە دەرمانانە بۆ دەرمانخانەکان دابین دەکەن و بەمجۆرەش بە ئاشکرا کایە بە ژیانی نەخۆشەکان دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا مافیای بازرگانیکردن بە دەوا و دەرمان بەدەست خودی حکوومەت و ناوەندە نیزامی و کۆمپانیاکانی سەر بە ئەوانەوەیە و ئەولەوییەت بۆ ئەوان تەنیا ئەو ملیاردها قازانجەیە کە لە ڕێگای بازرگانی دەرمانەوە دەستیان دەکەوێت. ئەو نەخۆشانەی کە بیمەی تەواوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیان نییە یان ئەوانەی کە نەخۆشیی تایبەتیان هەیە و پێویستە ڕۆژانە دەرمانی تایبەت بەکاربێنن، زیاتر لە هەموو کەس بە دەست گرانی لەڕادەبەدەر و کەمیی دەرمانەوە دەناڵێنن. لە نێو چین و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگادا، پەرەسەندنی بەدخۆراکی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و ڕێژەی مردنی پێشوەختە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە. بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانیش ئەم پڕۆسەیە تا ڕادەیەکی زۆر خێراتر دەکات.

لە ئێستادا بە پێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ئێران لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی هەزینە پزیشکییەکان لە لایەن خەڵک خۆیانەوە دابین دەکرێت. لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بە شێوەیەکی مامناوەند لە جیهاندا کەمتر لە ٣٠ لەسەدە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دابینکردنی دەرمانی تەندروست و هەرزان و تەنانەت بێبەرامبەر، لانیکەم بۆ منداڵان و کەمئەندامان و هەروەها نەخۆشییە تایبەتەکان و خانەنشینان، یەکێکە لە ئەرکە سەرەتاییەکانی حکوومەتەکان. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، تەندروستی و خۆشگوزەرانی خەڵک بەلای دەسەڵاتدارانەوە هیچ بەهایەکی نییە و تەنانەت دەرمانی پێویستی نەخۆشەکانیان کردووە بە دەرفەتێک بۆ تاڵان و بڕۆ و قازانجپەرستی تاقمێکی دیاریکراو.

ئەگەر کرێکارانی بەشێکی زۆر لە جیهان توانیویانە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەوڵەتەکان ناچار بکەن کە لە ئاست دابینکردنی بێهداشت و تەندروستی کۆمەڵگادا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانیش دەتوانن بە پشتبەستن بە یەکگرتوویی و خەباتی ڕێکخراوانەی خۆیان، داواکاری تەندروستی و دەرمانی بێ بەرامبەر بەسەر ئەم ڕژیمەدا بسەپێنن، تا بەمشێوەیە لانیکەم بەشێک لە حەقدەستی نەدراوی کرێکاران و سامانی بە تاڵان براوی خەڵک لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستییەوە بۆ خەڵک بگەڕێننەوە. نابێت هیچ کەسێک بەهۆی نەبوونی دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکییەوە ئازار بچێژێت. بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی و دەرمانی، مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی ئەم وڵاتەیە. چارەنووسی چارە هەڵنەگری هیچ مرۆڤێک ئەوە نییە کە بە ئاسانی نان و دەرمان و ژیانی بە بارمتە بگرێت و لە بێ دەوا و دەرمانیدا گیان لەدەست بدات. مرۆڤی ئەمڕۆ شایەنی ژیانێکی ئینسانی و شایستەیە. لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاوا ژیانێکی شایستەدا پێویستە خەبات بکرێت.

سەعید ئەمانی
0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net