گواستنەوەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی

Print Friendly, PDF & Email

گواستنەوەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی

گواستنەوەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی

23:33 – 26 December 2023

هەنگاو: سێشەممە، ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣

داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری مەهاباد کە سزای سێدارە بەسەریدا سەپاوە، دوای ١٤ ساڵ بەندکران بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیسار کەرەج گواستراوەتەوە. لە دوو مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، دوو بەندکراوی هاودۆسیەی ناوبراو جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ سێشەممە، ۵ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیسار کەرەج گواستراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو زۆر نیگەرانە لە گواستنەوەی ئەو بەندکراوە کوردە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای سزاکەی لە ئارادایە. ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ و پێچەوانەی کۆنڤاسیۆن و پەیماننامە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانی مرۆڤەکانە کە خۆشی واژۆیانی کردووە. هەنگاو داوای ڕاگرتنی بەپەلەی ئەم کردەوانەی ئێران دەکات و هاوکات خوازیارە بەگوێرەی ستاندارد و پێوەرە جیهانییەکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەندکراوەدا بکرێت.

گواستنەوەی داوود عەبدوڵڵاهی بۆ ژووری تاکەکەسی لە کاتێکدایە کە ئەیووب کەریمی، هاودۆسیەی ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) و قاسم ئابستە، هاودۆسیەیەکی دیکەیان ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (۵ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

داوود عەبدوڵڵاهی و شەش چالاکی ئایینیی کوردی دیکە بەناوەکانی ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت، کامران شێخە و قاسم ئابستە بە تۆمەتی کوشتنی "عەبدوڵڕەحیم تینا"، لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" بەتۆمەتگەلی وەک "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "چالاکی دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی"، "ئەندامەتیی گرووپە سەلەفییەکان" و "فساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوە ئایینییە کوردە ئاخرەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی جۆزەردانی ٢٧١٦ سزاکەی بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا.

شایانی باسە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕازینی" ڕەت کراوە و بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا.

لە جۆزەردانی ٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی "فساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوڵقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا و ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بە شێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو حەوت بەندکراوە ئایینییە کوردە ڕاگەیەندراوە.

ئەو حەوت بەندکراوە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت بەند کرابوون و ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.

Original Article

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net