زامێکی ٧٦ ساڵە بە جەستەی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینەوە

Print Friendly, PDF & Email

لە درێژەی بۆردومانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستین ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر ڕایانگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ زیاتر لە هەشت هەزار کوژراو و ٢٠ هەزار بریندار بەرزبۆتەوە. هاوکات هەزاران بنەماڵە لەم ناوچەیەدا بێ ماڵ و حاڵ بوون و زۆربەیان پەنایان بردۆتەبەر قوتابخانەکانی ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان. سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستین وێڕای ئاماژە بەوەی کە نیوەی قوربانییەکان ژن و منداڵن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسیش لە نێو بۆردومان و داروپەردوودا بێسەروشوێنن. غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی تێدایە، ماوەی ١٦ ساڵە بە تەواوی لەلایەن حکوومەتەکانی میسر و ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراوە و بە کردەوە بووە بە زیندانێک بۆ دانیشتووانەکەی. نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی کوشتاری بەکۆمەڵ لە غەززە، دەیەوێت بە ڕاستە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتە نیشان بدات کە تەنیا ئەو دەتوانێت ئەم خەڵکە سەرکوت بکات و سەرەنجام بە فراوانکردنی شارۆچکە یەهوودی نشینەکان، عەرەبەکان لە ئیسرائیل دەربکات و لەم ڕێگایەوە هەروا لە پۆستی سەرۆکوەزیریدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی هەم ئامانجە پاوانخوازانەکەی دەستەبەر بێت و هەم بە کەڵک وەرگرتن لە پارێزبەندی ئەم پۆستە، دۆسیەی گەندەڵیەکەی لە دادگا سەرلەنوێ نەکرێتەوە.

مێژووی ڕووداوەکانی حەفتا ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرسی فەلەستین دەرک ناکرێت. هێرشی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو تاوانانەش کە ئەم ڕێکخراوە لە دژی خەڵکی بێ دیفاع ئەنجامیدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەمینەی مێژوویی پرسی فەلەستین، دەرک ناکرێت. ئەگەر هەندێک لە ڕووداوەکان بۆ ماوەیەکیش بووبێتنە پرسێکی ناوەندیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانیوە بوونی ئەم ململانێ مێژووییە بخەنە ژێر کاریگەرییەوە. گەرای ئەم ململانێیە لەلایەن ئەو کەسانەوە دانرا کە ساڵی ١٩٤٧ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەهوودی لە خاکی فەلەستیندا بە شێوەیەکی زۆر ناعدڵان پەسەند کرد. ئەوان بە داگیرکردنی سەرزەمینی خەڵکی فەلەستین و دەرکردنیان، بە هاوکاری بریتانیای داگیرکەر خەڵکی فەلەستینیان لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش و لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا ئاوارەیان کردن. لە هەمان کاتدا بەهۆی هێشتنەوەی ئەو کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی، تۆوی شەڕ و نائەمنییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاند. لەم ناوەدا خەڵکی فەلەستین بەردەوام قوربانیی سەرەکی ئەم سیاسەتە جینایەتکارانەیە بوون. ئێستا، دوای تێپەڕبوونی ٧٦ ساڵ لە دەرچوونی ئەو بڕیارنامەیە، هێشتا نزیکەی سێ نەوەی فەلەستینی لە کەمپەکانی پەنابەران لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە پشت دیوارە بەرزەکانی کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن و لە زیندانە گەورەکەی غەززەدا بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی ژیان بەسەر دەبەن. ئەو بەشە لەم سەرزەمینەی کە ئێستا بۆ ملیۆنان فەلەستینی ماوەتەوە تەنیا ١٨ لەسەدی ئەو خاکەیە کە دەبوو بەپێی ئەو بڕیارنامەیە دەوڵەتی فەلەستینی تێدا دابمەزرێت.

خەڵکی فەلەستین نەک هەر لە لایەن حکومەتێکی داگیرکەرەوە غەڵتانی خوێن دەکرێن، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لەلایەن هێزگەلێکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە یان سەرتاپا گەندەڵن، یان وەک ڕەوتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی، خۆیان بەشێکن لەو کارەساتەی کە بەسەر ئەو خەڵەکەدا هاتووە. هەر ئەم کارەساتەیە کە هەندێک جار دەبێتە بیانوو بۆ لەبیرکردنی بەرحەقبوونی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی فەلەستین. بەڵام ئەوەی کە حەماس بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستە، ئەوەی کە دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن گەندەڵە و یان کۆماری ئیسلامی بەرگریکاری بزووتنەوە کۆنەپەرستە ئایینییەکانی ناوچەکەیە و بە ڕواڵەت هەموو ئەو سیاسەتانە بەناوی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین بەڕێوەدەچێت، زەڕەیەک لە ڕەوابوونی خەبات و خۆڕاگریی ملیۆنان فەلەستینی لەپێناو گەڕانەوە بۆ سەر خاکەکەیان کەم ناکاتەوە، هەروەک چۆن تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئیسرائیل هیچ لە گرنگی ئەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە نەک تەنیا یەهوودییەکان، بەڵکوو ویژدانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیش، نابێت جینایەتەکانی فاشیزمی هیتلێری دژ بە یەهوودییەکان لە زێهنییەتی مێژوویی خۆیاندا بسڕنەوە. ئەم زامە ٧٦ ساڵەی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینە کە بووەتەهۆی درووستبوونی گرێیەکی شێرپەنجەیی وەک جیهادی ئیسلامی و بزووتنەوەی حەماس. ئەو دەوڵەتانەی کە بە بیانووی بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس لە کەرتی غەززە، چاویان لە ئاست وەحشیگەرییەکانی ڕژیمی پڕ چەکوچۆڵ و شۆڤێنیستی ئیسرائیل دادەخەن، هاوبەشی ئەم جینایەتە مێژووییە لەدژی نەتەوەی فەلەستین. خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ یەکتردا نییە. ئاگری دوژمنایەتی نێوان ئەم خەڵکە لە لایەن دەستی ڕاستە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی هەردوولاوە باوەشێن دەکرێت. هاووڵاتیانی فەلەستین و ئیسرائیل تەنیا بە هاوخەباتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی ناوچەکە دەتوانن خۆیان لە ژێر هەژموونی دەوڵەتی ئایینی و هێزە کۆنەپەرستەکان ڕزگار بکەن و لە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەدا کار و ژیانی خۆیان درێژە پێبدەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net