وتەیەک بەبۆنەی ١٠ ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام

Print Friendly, PDF & Email

ئەمرۆ سێشەممە ١٠ی مانگی ئوکتوبر رۆژی جیهانی خەبات لە دژی سزای ئیعدامه.ڕەوتی جیهانیی خەبات لە دژی سزای ئێعدام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەرەوپێشەوە هه‌نگاوی باشی ناوه‌. لە ماوه‌ی ئه‌م دوو ده‌یه‌ی دوایی دا، سزای ئێعدام لە چوارچێوەی ٢٠ وڵاتی جیهاندا بە گشتیی هەڵوەشاوەتەوە و لە هه‌ندێ وڵاتیشدا حوکمی ئێعدام ڕاگیراوە. بەڵام لە ئێران ئەم ڕەوتە پێچەوانەیە و ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامیی بۆ ساتێکیش نەوه‌ستاوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی تەنها لەماوه‌ی ساڵی ٢٠١٥دا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی ”تەدبیر و ئومێد”ی حەسەن ڕووحانی ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە کەژمارەیەک لە ئێعدامکراوەکان کەسانێک بوون کە له‌كاتی ئه‌نجامدانی تاواندا تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵاندا بووە. ئەم ڕژیمە به‌ هۆی نه‌وه‌ستاندنی ماشێنی قەتڵ و ئێعدامه‌وه‌ هەرواپلەی یەکەم له‌ ڕیزبه‌ندیی ئەو حکوومەت و دەوڵەتانه‌ی بۆ خۆی پاراستووه‌ کە سزای ئێعدامیان تێد اجێبه‌جێ ده‌ركرێت.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاد لەسێ دەیەی ڕابردوودا لە پاڵ بەساتی زیندان، ئەشکەنجە و باقی شێوازه‌کانی دیكه‌ی سەرکوتدا، سزای “ئێعدام”یشی وەک جەنایەتێکی سازماندراو، هه‌ر لە هەمان سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنیەوە هه‌تا ئێستا، كردووه‌ته‌ یه‌كێك لە پایە و كۆڵه‌كه‌كانی حاکمییەت و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک به ‌كاری هێناوه‌. ئەم ڕژیمە لە ماوه‌ی مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٧دا دوای ئەوەیکە شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەرەکانی شەڕ لەگەڵ ڕژیمی عێراق یەکلایی بۆوە و خومەینی به ‌قه‌ولی خۆی جامە ژەهرەکەی هه‌ڵقوڕاند و ئیتر له‌وه‌ دڵنیا بوو کە پڕۆژەی کۆنەپەرستانەی پانئیسلامیستیی ڕژیم بەرەوڕووی شکست بووه‌تەوە، ئه‌مجاره‌ و بەئامانجی نانه‌وه‌ی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگه‌دا، لە زیندانەکان دەستی دایە جەنایەتێكی گەورەتر كه‌ ئێستاش ئاسەوار و بەڵگە زیندووەکانی بێڕەحمیی و خوو و ڕه‌وشتی وەحشیگەرانەی ئه‌و كاتی کاربەدەستانی ڕژیم، له‌ سه‌رجه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ قورسایی ده‌كات و ماوه‌ته‌وه‌. لەو کاتەدا خومەینی و باقی سەرانی ڕژیم له‌وانه‌ ڕەفسەنجانیی، خامه‌نەیی و ڕوحانی، نیگەران بوون له‌وه‌ی کە ئەگەر كۆت و بەندەکانی دیکتاتۆڕیی هاری مەزهەبی شل بنه‌وه‌ و به‌ندكراوانی سیاسیی کە ماوەی مەحکومییەتەکەشیان کۆتایی هاتووه‌، لە زیندان ئازاد بکرێن، خەڵکی تووڕە لە دواهاتی وێرانگەریی شەڕ و جەنایەتەکانی ڕژیم، دێنه‌ مەیدان و كۆڵه‌كه‌ و پایه‌كانی حکومەتی ئیسلامیی ده‌خەنە لەرزە. سەرانی ڕژیم لەو کاتەدا بەئامانجی ترساندنی خەڵک، ئیجرای تەرحێکی لەپێش داڕێژراو کوشتار و لەناوبردنی زیندانییانی سیاسییان دەستپێکرد. لەو ڕۆژانەدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی “داعش ئاسا”ی ڕژیمی ئیسلامیی، بە هەزاران به‌ندكراویان بە مه‌یل و گه‌رایشی جۆراوجۆری سیاسییەوە، سپاردە جووخەکانی مەرگ و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردیاننەوە.

سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی لە سه‌ر سه‌رنجدانیان به‌ ڕێشەی مووسیبەت و شێواوی و ئاڵۆزییه‌ کۆمەڵاتییەکان، لە ڕێگه‌ی بڵیندگۆ تەبلیغاتییەکانیانه‌وه‌ سزای ئێعدام وەک ڕێگه‌ی بەرەنگاربوونەوەی ئەم بشێوی و ئاڵۆزییانه‌ و کاردانەوەیه‌كی لێبڕاوانە لە ئاست ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییانەدا جاڕده‌ده‌ن. دەڵێن کە ئەگەر ئێعدام لە ئارادا نەبێت تاوانكارانی کۆمەڵگه‌ هان دەدرێن و ئەمنیەتی کۆمەڵگه‌ دەخەنە مەترسییەوە. بەڵام ئەوە چ سیستم و ده‌سه‌ڵاتێكه ‌کە به‌ئیستلاح بۆ دیفاع لەكۆمه‌ڵگه‌، پێویستیی بە جەللاد هەیه‌؟! ئەم ئیددیعایانە لەحاڵێکدا مەترەح دەکرێن کە بەپێی تەجره‌بەی عەینیی لەو وڵاتانەی کەسزای ئێعدامیان تێدا هەڵوەشاوەتەوە، بەپێی ئه‌نجامی توێژینەوەی کارناسانی بواری کاروباری کۆمەڵایەتیی، هیچ ئامارێکی بەڵگەمەند و شایه‌تێكی جێی باوەڕ نییه‌ کە ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ لە ڕێگه‌ی ئێعدامەوە دەکرێ بەر بەپەرەگرتنی تاوان و خراپەکاری بگیرێت. بەپێچەوانەی ئەم توێژینەوانە، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لەو کۆمەڵگه‌یانەدا کە کەلێنی هەژاریی و سەروەت قووڵتر دەبێتەوە نیزامی ئابووریی دەبێتە هۆی هەژارتربوونی زۆربەی خەڵک و هاوکات کەڵەکەبوونی سەروەتی کەلان لەدەست گرووپێکی بچوکدا، بەردەوام هەژاریی و بێبەشییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە بەستێنێکی گونجاو بۆ پەرەسەندنی جورم و جەنایەت. لەڕاستیدا ئەوە خودی نیزامی سەرمایەدارییە کە جۆر و ڕادەی ئه‌و جورمه‌ به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌ کەسزای بۆ دیاریی دەکرێت. ئەزمونی مێژووییش ئه‌م ڕاستییەی سەلماندووە. لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا لەو جێیه‌ی کە خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز، کۆمەڵێک ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتیی و بەرنامەی ڕیفاهی بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاندووە، ڕێژەی جورم و تاوانكاریی بە شێوەیەکی بەرچاو دابه‌زیوه‌ .لەلایەکی دیکەوە ئەزموونی هه‌تا ئێستا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پەیڕەوکرانی سزای ئێعدام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، فه‌زای ڕه‌وانیی کۆمەڵگه‌ بۆ خه‌سار و زیان زیاتر ئاماده‌ دەکات و به‌ستێن و بواری ڕەوانیش بۆ دووباره‌ بەرهەم هاتنه‌وه‌ و پەرەگرتنی تووندوتیژیی و جورم و تاوانكاریی، فەراهەمتر ده‌كات.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هەر ئێستا به‌سەدان کەسی بە تاوانی قاچاغ و مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر و قەتڵ و خراپه‌کاری لە ناو سلولەکانی مەرگدا ڕاگرتووە. هەرچەند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامکردنی ئەم زیندانیانە بەپاساوی فریوکارانەی به ‌قه‌ولی خۆی ”ئێرتقای ئه‌منییه‌تی ئیجتماعیی” و ئیجڕای دادپەوەریی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، بەڵام ڕژیم له ‌ڕێگه‌ی شەپۆلی ئێعدامی به‌ندكراوان لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، ئامانجی سیاسیی ئه‌ساسی تری هەیە. کوشتاری ئەم به‌ندكراوانه‌ لەلایەن ڕژیمەوە، سیاسەتێکی وشیارانه‌یه‌ کە بۆنانه‌وه‌ی فه‌زای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگه‌ و بۆ چاوترسێنکردنی ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسووڕاوانی سیاسیی بەرنامەی بۆ داندراوە. ئەم شگردە دەبێ لە دەست ڕژیم دەربهێندرێت. ئەم ڕژیمە کە هەڵواسینی به‌ندكراوان بە بەرچاوی خەڵکی کردووه‌تە ڕه‌وت و ڕووداوێكی ئاسایی، ڕژیمێک کە تەنانەت تازەلاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن، یا خود ئه‌وانه‌ ئێعدام ده‌كات كه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاواندا ته‌مه‌نیان كه‌متر له‌ ١٨ ساڵه‌، ڕژیمێک کە سیستمە قەزاییەکەی لە سەربنه‌مای قەساس و تۆڵەسەندنەوە دامەزراوە و سازماندانی عەمەلییاتی دزێوی سەنگساری لە کارنامەدا هەیە، ئەم ڕژیمە تەنها بە پەرەدان بەخەباتی کرێکاریی و جەماوەرییه‌ كه‌ دەکرێ ناچار بکرێت دەست لەم جەنایەتە سازماندراوانەی هەڵبگرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net