هاوسەرگیری منداڵان دیاردەیەکی دژە مرۆڤی بە یاساییکراو لە ئێران

Print Friendly, PDF & Email

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ئامارگەلێکی نوێ سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان، پرسی پەرەسەندنی ئەم دیاردە دژە مرۆڤانایە بۆتە ڕۆژەڤی ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی وڵات. دوایین ئامار کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٩٧٥٣ کچی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵ هاوسەرگیریان کردووە. ئەم ژمارەیە بۆ یەکساڵی ڕابردوو بە نزیکەی ٢٨ هەزار کەس کەس خەمڵێنراوە. وەک زۆر حاڵەتی دیکە ئامارەکان لە ئێران دەستکاری دەکرێن و هەرگیز ژمارەی ڕاستەقینەی دیاردە نەرێنییەکان ناخەنەڕوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ئامارە تەنیا ئەو هاوسەرگیریانە لەخۆ دەگرێت کە بە فەرمی لە ناوەندی تۆماری مەدەنی ناونووس کراون. لە ڕاستیدا زۆرێک لە حاڵەتەکانی هاوسەرگیری منداڵان لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت، هەربۆیە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە بە ئازارترن. ئێران دوای وڵاتی گینە لە ئەفریقا کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری ١٢ ساڵە، بە کەمترین تەمەنی ١٣ ساڵ بۆ هاوسەرگیری، لە پلەی دووەمی جیهاندایە. هاوسەرگیری منداڵ یان منداڵ هاوسەری دژی مافی تاکەکەسی و مافی ئینسانی منداڵانە و نەک هەر منداڵیی ئەوان لەناو دەبات، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە داهاتووی منداڵان لەگەڵ چەندین کێشەی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو ببێتەوە. لە ئاکامی ئەو خەباتە درێژخایەنەی کە بۆ باشترکردنی بارودۆخ و مافەکانی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامدرا، سەرەنجام نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسەندکردنی “پەیماننامەی مافەکانی منداڵ” لە ساڵی ١٣٦٨دا هەموو کەسێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی، وەک منداڵ ناساند. کۆمیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە دەوڵەتەکان دەکات کە ئەگەر تەمەنی یاسایی دیاریکراو لە وڵاتەکانیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، بۆ ١٨ ساڵ بەرزیبکەنەوە. بەپێی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، هەر جۆرە هاوسەرگیرییەک لە خوار ئەم تەمەنەوە قەدەغەیە و پێویستە دەوڵەتەکانی واژۆکاری ئەو پەیمانە سەبارەت بەو بابەتە یاسا و ڕێسا دابنێن. ئەگەرچی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٧٣دا پەیماننامەی مافی منداڵانی بە شێوەیەکی مەرجدار واژۆ کرد، بەڵام بە ئاشکرا زۆرێک لە بڕگەکانی بە هۆی نەگونجانیان لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا پێشێل دەکات. لە مادەی ١٠٤١ی یاسای هاوسەرگیریدا کۆمەڵێک مەرجیان بۆ پابەندبوون بە پێوەرەکانی شەریعەتەوە ئاواڵە هێشتووەتەوە کە بە پێی ئەو مەرجانە بە ئیجازەی سەرپەرشت و دادگا، کچ و کوڕ دەتوانن تەنانەت بەر لەوەی بگەنە تەمەنی ١٣ ساڵ و ١٥ ساڵ، بە ڕێککەوت هاوسەرگیری بکەن. یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامیش لەسەر هەمان بنەما نووسراوە. جێگای ئاماژەیە کە تەنانەت ئەو یاسایەش بە باشی جێبەجێ ناکرێت و بەردەوام کڵاوێکی شەرعی بەردەست دەبێت بۆ پێشێلکردنی و کچان لە تەمەنێکی کەمتر لەوەش ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن.

هاوسەرگیریی منداڵان دیاردەیەکی لەمێژینەی کۆمەڵگەی ئێرانە کە لەژێر کاریگەریی فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و مەزهەبی، لە کۆمەڵگادا بەرهەم دەهێنرێتەوە و حکوومەتی ئیسلامی ئێرانیش بەرگێکی یاسایی و مەدەنیی بەو بیروباوەڕ و حوکمانە بەخشیوە. بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و ئەو گوشارانەی کە بەهۆی گرانی و بێکاری و کەمی ئاستی داهاتەوە دروست دەبێت، هەندێک لە بنەماڵە هەژار و بێبەشەکان کچ بە بارگرانییەک بۆسەر هەزینەکانی ماڵەوە دەزانن و بۆ کەمکردنەوەی هەزینەکان ناچاری دەکەن هاوسەرگیری بکات. لێکۆڵینەوەی کارناسان دەریدەخەن کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پەرەسەندنی هەژاری و ئالوودەبوونی دایک و باوکەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە. بووکی کەم تەمەن بەهۆی تەحەمولی کاری داییمی و هەتاهەتایی ناوماڵ و پێڕانەگەیشتن بە دەرفەتەکانی منداڵی خۆی، دەسەڵات و توانایی بڕیاردان لەدەست دەدات. ئەم کچانە بەهۆی زوو دووگیانبوون و ئاشنا نەبوون بە پەروەردە و ڕێنمایی جنسییەوە، دەکەونە ژێر هەڕەشەی مردنی پێشوەخت، بەجۆرێک کە ڕێژەی مردنیان پێنج ئەوەندەی کچانی تەمەن بیست ساڵە. هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان یەکێکە لە شێوازە مەترسیدارەکانی توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاری منداڵان و یەکێکە لە هێماکانی بە کۆیلەکردنی ئەو تازەلاوانە و پێویستە بە تاوان لەقەڵەم بدرێت. ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری و نەهامەتی ئابووری، بەستێنی زیاتربوونی هاوسەرگیری منداڵانی پێشوەختە دەڕەخسێنن و هەروەها ئەو شەرع و نەریت و یاسایانەی کە ڕێگە بەو هاوسەرگیرییانە دەدەن و سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێننەوە، دەبێ بنبڕ بکرێن. ئەو کەس و لایەنانەی کە پاساوی شەرعی و یاسایی بۆ ئەو تاوانە دەهێننەوە، دبێ ڕادەستی دادگا بکرێن و سزا بدرێن. دەبێ لەپێناو نەهێشتنی ئەو فەرهەنگ و نەریتە ڕزیو و دواکەوتووانەیەدا هەوڵ بدرێت و ئەو دایک و باوکانەش لۆمە و سەرکۆنە بکرێن کە کچە منداڵ و کەم تەمەنەکانیان ناچار بە هاوسەرگیری دەکەن. پێویستە ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەژارییەوە ئەم کارە دەکەن، لە دەرئەنجامە زۆر زیانبەخشەکانی کارەکانیان ئاگادار بکرێنەوە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵگایەکی کە تیایدا منداڵان بتوانن لە ئارامی و ئەمنییەتدا سەردەمی منداڵی خۆیان تێپەڕ بکەن و مەجالێک بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی بەهرە و تواناییەکانیان بڕەخسێت، هەژاری، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و دواکەوتوویی فەرهەنگی لە دژی بەرژەوەندی و مافی منداڵان بەکارنەهێنرێن و ڕێگری لە هاوسەرگیری منداڵان بکرێت، لە گرەوی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی دایە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net