هەڵوێستی یەکێتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهان سەبارەت بە شەڕی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل

Print Friendly, PDF & Email

ڕێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان وەک زۆرێک لە گرووپە کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی جیهان، سەبارەت بە شەڕی نێوان حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، کە لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی بەرجەستەیان دەکەین. ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ڕەزبەر، یەکێتییە کرێکارییەکانی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا هۆشدارییان دایە دەوڵەتەکانی پشتیوانی دەوڵەتی ئیسرائیل، کە نابێ ئەو ڕژیمە خاوەن چەک و چۆڵە لەوە زیاتر پڕچەک بکەن کە تەنیا لە ماوەی ٦ ڕۆژدا شەش هەزار بۆمبی بە سەر سەری دانیشتووانی غەززەدا باراندووە. ئەوان دەڵێن دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی یەک ساڵدا، ئەوەندە بۆمبەیان بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا باراند. ئەو یەکێتییانە، لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل بە پێی ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لە غەززە و باشووری لوبنان چەکی کوشندەی فسفۆری سپی بەکارهێناوە.

فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان دەبلیوو، ئێف، تی، یوو( WFTU) کە خاوەنی ١٠٥ ملیۆن ئەندامە لە ٣٣ وڵات، ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کەمپەینێکی هاوپشتی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕاگەیاند.(دەبلیوو، ئێف، تی، یوو ) داوای لە ئەندامەکانی کرد که بە دروشمی ” هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین نا بۆ ڕیاکاریی ئیمپریالیستی چارەسەری عادڵانە و ئاشتیانە بۆ پرسی فەلەستین“، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی غەززە، پشتیوانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان لە داگیرکاری و کردەوە جینایەتکارییەکانی ئیسرائیلیش ئیدانە بکەن. هەروەها کێتی سەرتاسەری کرێکارانی ئیتالیا (یوو، ئێس، بی) کە ئەندامێکی سەر بە فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکانە، بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە، پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەربڕی. بەپێی ڕاپۆرتی فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان، شەش کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی یەکێتییە کرێکارییەکانی سەر بەو ڕێکخراوەیەش لە هێندوستان، ڕۆژی شەممە ١٤ی ئۆکتۆبر (٢٢ ڕەزبەر) بەمەبەستی مەحکووم کردنی داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان ڕێکخست. ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە بوون. ئەم ڕێکخراوانە هەروەها ئیدانەی داگیرکاریی دەیان ساڵەی دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلیان کرد و لە دژی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و کردەوەکانی ناتۆ لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دروشمیان دا و هەروەها هاوسۆزی ڕۆژئاواشیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەرتەشەکەی مەحکووم کرد.

پەروەردەی نێونەتەوەیی و کۆمیتەی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەوروپا بۆ پەروەردە، ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی حەماس و ئیسرائیلیان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکووم کرد. هەروەها داواشیان لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە هاوکار بن بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە کارەساتبارە و لایەنەکان ناچار بکەن کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن. “کرێکارانی یەکگرتوو” لە شیرکەتی گەورەی نێونەتەوەیی ستارباک لە ئەمریکا، لە پەیامێکدا کە ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویانکردەوە، هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕاگەیاند. کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکانی بریتانیا (تی، یوو، سی) ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر لە بەیاننامەیەکدا، کوشتنی خەڵکی مەدەنییان لەلایەن حەماس و ئەرتەشی ئیسرائیلەوە شەرمەزار کرد و هەروەها نووسیویەتی توندوتیژی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کۆمەک ناکەن بە چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین. تی، یوو، سی، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پرسی فەلەستین تەنیا لەڕێگەی پێکهێنانی ئاشتی و دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لەژێر چاوەدێری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چارەسەر دەبێت. (یونیسۆن (یەکێتی خزمەتگوزاری گشتی لە بریتانیا کە خاوەنی یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار ئەندامە، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکووم کرد. ئەم یەکێتییە خوازیاری چارەسەرکردنی ڕیشەیی پرسی فەلەستین بوو لە ڕێگەی ئاگربەست و دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیلی و فەلەستینیەوە. کرێکارانی ئەندامی یەکێتییەکان تا ئێستا وێڕای بەشداریکردن لەو چالاکییانەی سەرشەقام کە لە وڵاتەکانیاندا ڕێکخراون، پشتیوانییان لەو هەڵوێستانەش کردووە کە ئاماژەیان پێکرا. ئەوان بە تایبەتی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەو ١٨ هەزار کرێکارە فەلەستینییە دەربڕیوە کە ناچارن ڕۆژانە بۆ کارکردن بڕۆن بۆ ئیسرائیل. ژمارەیەکی نادیار لەو کرێکارانە، لە شەڕی نێوان حەماس و ئەرتەشی ئیسرائیلدا گرفتار بوون کە پێویستە گیانیان بپارێزرێت.

جگە لە یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕۆژی شەممە سەدان هەزار کەس لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، ئوسترالیا و ئەوروپا ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەوان وێڕای مەحکووم کردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی غەززە و باشووری لوبنان، دیفاعیان لە هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر غەززە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری کرد و هەروەها خوازیاری چارەسەری بنەڕەتی پرسی فەلەستین بوون و هاوکات کوشتنی خەڵکی بێ دیفاعیان لەلایەن حەماسەوە ئیدانە کرد. دەوڵەتە ئەوروپاییەکان هەر جۆرە خۆپیشاندانێکیان لە بەرژەوەندی فەلەستینییەکان بە کردەوەی دژە یەهوودی ناوبردووە و هەر زۆر زوو قەدەغەیان کرد. بورژوازەکان و سیاسەتمەدارانی دەستی ڕاستی لە ئاڵمان لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتووە و باوباپیرە نازییەکانیان بە ئیلهامبەخش و لایەنگرانی ناڕازی فەلەستین ناوبرد و داوایان لە پۆلیس کرد کە بەوپەڕی تواناوە بەرەوڕووی هەرجۆرە کۆبوونەوەیەک ببنەوە. سەرەڕای ئەوەش لایەنگرانی دابینکردنی مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە ئاستێکی زۆر بەریندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. یەکێک لە گەورەترینی خۆپیشاندانەکان بریتی بوو لە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ١٥٠ هەزار کەسی ڕۆژی شەممە ١٤ی ئۆکتۆبەر لە لەندەن. ئەوان چالاکییەکەیان لەژێر ناوی“مارش بۆ فەلەستین و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و ئاپارتاید” بەڕێوەبرد. جێرمی کۆربین ڕێبەری پێشووی حیزبی کرێکار، لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو کە بە لایەنگری فەلەستینییەکان ناسراوە، هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە داکۆکی لە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی فەلەستین دووپات کردەوە.واقیعییەت ئەوەیە کە دەستەبەربوونی مافی چارەی خۆنووسین بۆ خەڵکی فەلەستین پێویستی بە پشتیوانی و هاودەنگیی نێونەتەوەیی هەیە، کە لەم ناوەدا بێگومان پشتیوانی بەربڵاوتری یەکێتییە کرێکارییەکانی جیهان، قورسایی و کاریگەرییەکی گرنگی لەم پێوەندییەدا دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net